ئەگەر لێم بپرسیت :
بۆچی زۆرم خۆش دەوێیت .؟.
منیش لێت دەپرسم :
ئەی من بۆچی دەژیم .؟.
دێینەوە سەر بابەتەکەمان پەیداکردنی یان گەڕان و دۆزینەوەی ژیانێکی شایستەو باش بۆ مرۆڤ و بەختەوەریی پەیوەندیی بەدۆزینەوەی مرۆڤە باشەکانەوە هەیە ئەمە حەقیقەتە بەپێچەوانەشەوە هەر مرۆڤەکانن ئازارمان دەدەن کەچی هەر ئێمەین پێکەوە ژیانمان کردوە بەبنەمای خۆشەویستیی و ئەو کەسانە دەگۆڕین کەنازانن بژین و ژیان و خەباتمان بۆ ئەوەیە کەئەوان و ژیان و مرۆڤایەتیی بگۆڕین بۆ ئەوەی ئەوان و ئێمەش بەختەوەریی ببێتە میوانی هەمیشەیی دڵ و ڕۆحمان بۆیە ئاوا ژیان و بەختەوەریی ئێمەو ئێوەو ئەوان لەسەر بناغەی خۆشەویستیی و یەکترویستن و ڕۆح جوانیی دروست دەبێت .
بەدڵنیایی یەوە هەموو گۆی زەمین بگەڕێیت بەختەوەریی نادۆزیتەوە هەموو کۆشک و ماڵە جوانەکان هەموو شەقام و باخ و کوچەو کۆڵانی هەموو دونیا بگەڕێیت هیچت دەسگیرنابێت بۆیە بەختەوەریی لەدڵ و قەناعەتی مرۆڤەکان خۆیاندایە لەهەر کوێی ئەم جیهانەدابن .
کەواتە پێویستە ئادەمیزاد خۆی وەکو مەعدەنێکی گرانبەها ببینێت خۆی وەکو مرۆڤ بەگرانترین و بەبەهاترین بونەوەرببینێت کەخۆی و ڕۆحی خۆی سەرچاوەی بەختەوەریین نەک ماڵ و سامان و شوێن و ..هتد .
پەیوەندی مرۆڤەکان بەیەکترەوە زۆر گرنگە بۆیە پەیوەندیی زۆر پەیوەندیی بەبەختەوەریی یەوە هەیەو تەنها کەسێک یان مرۆڤێک دەتوانێت بتگەیەنێتە لوتکەی دڵخۆشیی وئارامیی لەژیاندا بۆیە پەیوەندیی گرنگیی خۆی هەیەو بۆ ژیانی سبەینێت ئەو پەیوەندیە بڕیاردەرەو دەبێت بزانیت کێ دەدۆزیتەوەو کێ دەکەیتە هاوڕێی ژیانی خۆت .
متمانەو خۆشەویستی بدەن بەو کەسانەی کەکارو بەڵێن و خۆشەویستییان لەقەدوباڵایان جوانترو گەورەتربوو بۆیە کارو خزمەت و خۆشەویستی زۆر گەورەترن لەپەیمانی درۆو ڕوخساری جوان و ماڵ و سامان و سەرمایەداریی هەرلەبەر ئەوەیە کەدڵ جوانیی و ڕۆح پاکیی گرنگترن لەجوانیی ڕوخساریی دەرەوەی مرۆڤەکان ،هەربۆیە خۆشەویستیی و ڕێزو ڕاستگۆیی بەرەو بەختەوەریی و پێشکەوتن و ژیانی باشمان دەبات بەدڵنییایی یەوە دوربن لەدرۆو خیانەت و ناپاکیی کەسەرچاوەی ناخۆشیی و دۆڕاندن و زەرەرمەندبوونە بۆیە هیچ ڕێگایەکی تر نامانباتەوە سەر ژیانێکی باش و خۆشگوزەرانیی تەنها ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و یەکترویستن پێکەوە ژیانی تەندروست نەبێت .
یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی دڵخۆشیی مرۆڤاکان زانیاریی و مەعریفەو ڕۆشنفکریە بۆیە هەر ڕۆژێک وشەیەکی نوێ یان زانیاریەکی نوێ یان هاوڕێ یەکی نوێت بۆ دروست بوو جێگەی دڵخۆشی و ئاسودەیی یە چونکە ژیان ئاوا دەگۆڕێت و بەختەوەریی ئاوا بەدەست دەهێنرێت بۆیە دۆزینەوەی مرۆڤەکان گەڕانە بەدوای ژیانی باشترو خۆشتر نەک گەڕان بەدوای ماڵ و سامان و شتە مادیەکان کەلەپڕ دێن و لەپڕ دەڕۆن هیچ هەستێکی مرۆیی جوانیان نی یە و هیچیش لەمرۆڤبوونیی و هەستی جوان پێش کەش ناکەن .
حەمید عەزیز
٢٠١٧ / ٠٨ / ٠٣