فه‌ڵته‌ی راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان دژ به‌ مه‌لا به‌ختیار ... عیماد عه‌لی

راستگۆیی میدیای حزبی به‌ ده‌رخستن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك ده‌بێت بابه‌تیانه‌ بێت و، وه‌ك له‌ پرنسیپه‌ میدیاییه‌كان و راگه‌یاندن به‌ گشتی باوه‌، ده‌بێت هه‌موو ئامرازێكی راگه‌یاندن به‌ به‌ڵگه‌ی راسته‌قینه‌ و دیۆكۆمێنت شته‌كان بخاته‌روو. له‌وه‌ش گرنگتر بابه‌تی راگه‌یاندن له‌هه‌ر بوارێكی سیاسی بێت یان رۆشنبیری یان كمۆمه‌ڵایه‌تی یان ته‌نانه‌ت هونه‌ری و وه‌رزشیش، پێویسته‌ ئه‌وه‌ی ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی بینه‌ر یان بیسه‌ر یان خوێنه‌ر گرنگیه‌كی گشتی هه‌بێتو سودبه‌خش بێت و جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه‌ بكه‌وێته‌ قازانجی گشتیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ی ره‌خنه‌شه‌وه‌ بێت. واته‌ مه‌به‌ستی كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵێك یان خه‌ڵكانێكی تێدا نه‌بێت كه‌ ته‌نها ئامانجیان دژایه‌تی بێت و بابه‌ته‌كه‌یان به‌ كۆنه‌قین هه‌ڵرژابێت.

بۆیه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان دێته‌به‌رده‌ست و چاوم زۆر زۆر جیاواز له‌و ئیدعا كۆنانه‌ی خودی گۆڕان و بنه‌ما باوه‌رپێكراوه‌كانی خودی ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فاش كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی رایده‌گه‌یاند، بۆیه‌ به‌راستی ئه‌گه‌ر ئه‌م كارانه‌یان به‌ئه‌نقه‌ست بێت وه‌جاخی یه‌كه‌مین رێكخه‌ری گشتیان كوێرده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ جیاتی به‌كارهێنانی راگه‌یاندن وه‌ك ئامرازێك بۆ ململانێی فكری و به‌ پرنسیپ و باوه‌ربوون به‌ خود و حه‌قبونی مه‌سه‌له‌ و بۆچونه‌كانت پێویسته‌ تواناكانت له‌ شه‌ڕه‌قوچانێی كه‌سی و رقوكینه‌ سه‌رف نه‌كه‌یت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ مێگه‌ل كه‌س باوه‌ڕت پێ ناكات.

چه‌ندین جار دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، لێره‌ قسه‌كانم به‌رگریكردن نیه‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار كه‌ به‌رده‌وام قسه‌كردنی زۆرێك له‌ راگه‌یاندنه‌ نه‌یاره‌كانی به‌ده‌ر له‌سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی تر و ته‌نها بۆ ئه‌م به‌ ته‌نها مل قوتده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌قوقێنن. دووباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ كه‌ بۆته‌ سیفه‌تی هه‌میشه‌یی زۆرێك له‌ كه‌س و میدیاكان و به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی گۆڕان، باوه‌ربون به‌ خۆیان لای خه‌لكی بێلایه‌ن و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری زانستی وخاوه‌ن بیروبۆچونی راسته‌قینه‌، باوه‌ریان به‌ بابه‌ته‌كان كزده‌كاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌تكردن به‌ شته‌راسته‌كانیش ناهیلێت. هه‌ر كه‌سێك ره‌خنه‌ی گرت به‌ ره‌خنه‌ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ نه‌ك بوختان و چه‌واشه‌.

 له‌م رۆژانه‌دا سایتی سبه‌ی راپۆرتێكی له‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیار بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌م مێژووه‌ نزیكانه‌ش ئاگادار بێت ده‌زانێت ته‌نانه‌ت بابه‌ته‌كه‌ وا سه‌روژووركراوه‌ و هه‌ڵه‌ی به‌روپێش و دوای تێدایه‌ و زۆریشی خراوه‌ته‌سه‌ر و ته‌نانه‌ت به‌ زۆر درۆیش پڕ كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك نه‌زانێت زباوه‌ڕی پێبكات به‌ پرسیارێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ دوورو نزیك ئاگایان له‌ مێژووی ئاڵای شۆرش و زه‌حمه‌تكێشان و جموجوڵی مه‌لا به‌ختیار و یه‌كێتی بێت زۆر شتی ناراستی تێدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت. من به‌خۆم و كاك عه‌دنان عزیز ته‌نها دوو كادری زه‌حمه‌كێشان بووین كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ی زه‌حمه‌تكێشاندا كه‌ كاك به‌ختیار سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن نه‌رۆیشینه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ مه‌لابه‌ختیار زه‌حمه‌تكێشان بوو نه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی سۆشیالیست وه‌ك راپۆرته‌كه‌ باسی ده‌كات و له‌به‌ر هۆكارگه‌ڵێك بوو دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ پله‌ و پۆستی ناو زه‌حمه‌كتشێان و بشه‌ پۆستی ئه‌و نه‌بوو له‌ حكومه‌ت، هه‌ی كه‌ناڵی سبه‌ی ی به‌رێز، پۆستی وه‌زیری هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ زیزبونی مه‌لابختیاره‌وه‌ نه‌بوو له‌ زه‌حمه‌تكێشان و ته‌نانه‌ت وه‌كو پێشتر چه‌ندین باسم كردووه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی شتێكی كتوپر بوو بۆ هه‌ندێك له‌ ئیمه‌مانان.

بۆیه‌، به‌ تایبه‌تی راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان زۆر به‌ زه‌قی و بێ به‌ڵگه‌ شتی وا ده‌ڵێن ناچێته‌ كیسه‌ی هیچ عه‌تارێكه‌وه‌ و ته‌نها بۆ رق ئه‌ستوركردنی خه‌ڵكانێك دژ به‌ مه‌لا به‌ختیار ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ست كۆمه‌ڵێك له‌ هه‌وادارانیان نه‌ك گه‌لی كوردستان به‌ گشتی، كه‌ رای گشتی باش ئاگاداره‌ له‌ زۆر شتی مێژووی كۆن و تازه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕین.

ئه‌م قسانه‌م بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ نیه‌ بۆ هه‌ندێك هه‌ڵوێستی مه‌لا به‌ختیار كه‌ زۆر به‌ ره‌قی و زه‌قی و ناماقوڵی له‌ سیاسه‌تێك ده‌ریده‌بڕیت، كه‌ لای ئه‌م خه‌ڵكه‌ی رۆشنبیری گشتیان ئه‌وه‌ندیه‌ بابه‌تیانه‌ و راستگۆیانه‌ حه‌قیقه‌ت ناخوێننه‌وه‌ و ته‌نها به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیار و بۆچونی پێشوه‌خت و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك و شارچێتی و ته‌نانه‌ت گه‌ڕه‌كچیتی باس له‌ بابه‌تی گشتی ده‌كه‌ن و راستوهه‌ڵه‌ تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن ته‌نها له‌به‌ر مه‌به‌ستی رقلێبونه‌وه‌له‌ كه‌سێك و شكاندنی به‌ ئامانجێكی كه‌سی و حزبی یان كۆمه‌ڵێك یان ته‌كه‌تولێك. بۆیه‌ به‌ تایبه‌تی رووی ده‌مم ده‌كه‌مه‌ راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان و ده‌ڵێم: بۆ راستگۆیی خۆتان، ناڵێم بابه‌تی له‌م جۆره‌تان نه‌بێت یان وه‌ڵامی ره‌خنه‌ نه‌ده‌نه‌وه‌ و باسی مێژوو مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ته‌نها ده‌لێم ده‌رس له‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروانه‌ موسته‌فای خۆتان بگرن، كه‌ به‌ متبونی و قسه‌نه‌كردنی و جوڵه‌ی سیاسی به‌ كرده‌وه‌، هه‌موو شتێكی بۆ خه‌لك ده‌رده‌خست، هه‌رچه‌ند له‌ زۆر شیشتدا ره‌ق و ته‌قیش بوو. به‌ هیوام راگه‌یاندنه‌كان په‌ند له‌ زه‌ره‌مه‌ندی حزبه‌كان له‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ وه‌رگرن و راستگۆیی شیعاریان بێت و به‌ كرده‌وه‌ پابه‌ندبن به‌ پرنسیپه‌كانی راگه‌یاندن، نه‌ك رقی كه‌سی وكۆنه‌ بریار وای لێكردبن به‌ خۆیان چه‌ق ببه‌ستن و به‌ پێچه‌وانه‌ی ناو و ئامانجی سه‌ره‌كی حزبه‌كه‌یان نه‌گۆڕێن و هه‌موو شتێكیان له‌بیربچێته‌وه‌. ئه‌گینا دۆستایه‌تی مه‌لا به‌ختیار و كادر و سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له‌ دوا وێستگه‌دا به‌ قازانجی گشتی مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تیه‌كه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ دڵ و نیه‌ت سافی ده‌بێت نه‌ك كۆنه‌ قین، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو لایه‌كی په‌یوه‌ست به‌ پرسه‌كه‌ راسته‌. .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu