ئەوەتای هەڵبژاردن نزیک بۆتەوە، میدیاکانی حیزبەکان و سێبەرەکانیان گەرەکیانە پێیەکمان بخەنە ناو مەعمەکەوە؛
یەکەم/ یەکێتی بەشێکە لە جەستەی نیو سەدە مێژوو، سەدان فەرماندەو سەرکردەی کردۆتە قوربانی، حیزبی مام جەلالە، نزیکەی نیو سەدەیە لەهەموو بوارەکاندا لە کۆڕی خەبات و تێکۆشاندایە، بە هەزاران نوسەرو ڕۆشنفکر لەم حیزبەدان یان لە هەناوی ئەم حیزبەوە دەرپەڕیون، هێزی ئاسایش و چەکدار و ناوچەیەکی جوگرافی و مەرز و سنوری بەدەستە. لەناوچە دابڕاوەکاندا بە خراپ یان بە باش ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە. بۆیە سڕینەوەی یان فەرامۆشکردنی بە هۆکاری ناوخۆیی حیزبەکە یان دەرەکی بێت کاریگەری هەمەلایەنەی لەسەر دۆخی کوردستان ئەبێت. بەهەند وەربەگرتنی یەکێتی زیانی بۆ ئێستاو ئایندەی پرۆسەی سیاسی کوردستان هەیە؛
دووەم/ فەقێیەک لە کوێرە دێیەکدا کەسێکی فێری خوێندەواری ئەکرد، ئەیوت بڵێ: میم. . ئەیگوت: نیم… بڵێ (میم) ئەیوت ( نییییم)… خەڵک و پیاوچاکانی ئاوایی ئاگایان لەمە بو، وتیان مامۆستا تۆ بۆ ئەکێشی بەسەر ئەم فێرخوازەدا ئەو خۆی ئەڵێ (نیم) و نییە …!
یەکێتیش ئەوە نزیکەی دە ساڵ زیاترە بەدەیان شێوە ئەیەوێ بڵێ من نامەوێ ببم، نیم!.
سیاسەت هەڵە لە کەس قبوڵ ناکات، هەموو شتیش لە زەمەندا ڕووئەدات، خۆت چاک ئەکەیت بەسەرچاو!. خۆت چاک ناکەی زەمەن چارەسەری پێیە بۆت!. مێژوو چاوەڕێی هیچ حیکایەتێک ناکات. ئەگەر یەکێتی دوای هەڵبژاردن هەر بە هەمان کەرەستە کۆنەکان بیەوێت درێژە بە سیاسەتکردن بدات، ئەوا دەرئەنجامەکەی ئەبینین. لەگەڵ لاوازیی یان گرفتەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا ناوچەی سولەیمانی بەتایبەت و کوردستان بە گشتی باجەکەی داوە.
بە کورتی، کوردستان بەگشتی و یەکێتی بەتایبەت گرفتی ستراکچەریان هەیە، ئەگەر ئەیانەوێ هەر ئاوا لێ خوڕن، ئەوە بۆیان ناڕاندرێت!. پێویستە خیتابێکی گرنگ تر بە خۆیان هەبێت، کاروانی ئاوەدانی و زانستی و میدیایی و دیبلۆماسیی لەم ناوچەیەدا ڕێک بخەنەوە. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەش دەرفەت بە حیزبەکان بەگشتی و یەکێتی زۆر بەتایبەتی بدرێت ئەوا دوا دەرفەتە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەیە!.