عێراق؛ بەرەو هەڵدێرانێکی تر ... بەهرۆز جەعفەر

لەو بڕوایەدام، عێراق بەرەو هەڵدێرانێکی گەورە هەنگاو ئەنێت، هۆکاری جۆراوجۆر هەن، بۆ نمونە تا ئێستا مەرجەعیەتی نەجەف قسەی کۆتایی کردوە، لەمەولا مەرجەعیەت ئەو ڕۆڵەی نامێنێت، تەنانەت حەوزەی نەجەف کێبڕکێی حەوزەی قومی پێ ناکرێت. وە بۆ نمونە، هێزەکانی ئەمریکا ئەکشێنەوە تا ئێستا خودی سەرۆکوەزیران نازانێت چ ڕۆژو کاتێک ئەکشێنەوە. هەر بۆ نمونە، ماڵی شیعی و سووننی و کوردیی هیچ کات هێندەی ئێستا پەرت نەبوەو، گرفتە قووڵەکانی ووڵاتەکەش بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. بەڵام، لەسەروو هەموو ئەو گرفتانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەوخۆتر ئەبنەوە، ئەویش تێکەڵبونی سەدەهاو هەزارەها کەسی بێ ئەزمون و هەرزەیە بە کایەی ئیداری و سیاسیی:

بۆ ئەوەی هەر پیشەیەکی ئاسایی فێربیت، ئەبێت چەندین خول و دەوران و ساڵان پێوەی سەرقاڵ بیت. تا ئەبیت بە وەستای دارتاشی چەندین بزمارو چەکوش بەردەستو پەنجەت ئەکەوێت، چەندین ساڵ شاگردی هەیە. بۆ ئەوەی ببیت بە ئاسنگەر، بە وەستای گەچکار هەیە تا دە ساڵ شاگردی پێویستە.

بەڵام لە ووڵاتی ئێمە ڕێک لە ڕێوە و هەر بە بازێک ئەچێتە مەکتەبی سیاسیی، بۆ پەرلەمان، بۆ مودیری عام، ئەمە ڕۆژێک لە حکومەتدا کاری نەکردوە، ڕێک ئەبێت بە وەزیر!. من لە کۆنفڕانسی جیهانی وەهادا بەشدار بوم، بەرپرسی کۆماندۆی زەمینی ئەو ووڵاتە لە هارڤارد دکتۆرای خوێندووە لە فیزیای ئەتۆم دا، لانی کەم (٣٠) سی ساڵ ئەزمونی جیاجیای هەبوە، سێ زمانی زانیوە، ئاگەداری هەموو ئیختراقە ئەمنییەکانی ئەم سەردەمە هەبوە. کەچی لەم ووڵاتە هێشتا نازانێت ئاسایشی نیشتیمانی چی یە؟ ئاستەکانی چین؟. ڕێگاکانی ڕووبەڕووبونەوە چین؟. ئەمنی ئەلیکترۆنی -Cyber Security چی یە؟. لەسەر بنەمای عەشایەری و حیزبی کراوە بە لیواو عەمیدو عەقیدو …تادوایی. شەش مانگ پێشوتر پاسەوانی بەرپرس بوە ئێستا ئەوە دوو خولە لە پەرلەمانە و لە لیژنە هەستیارەکانیشدا دانراوە!.

سیاسەت لە ئەفلاتۆنەوە تا ئەگاتە ماکیاڤیللی تا ئەگاتە کیسنجەرەکان هەموو لایانوایە کارێکی تایبەت و ئاستێکی بەرزە!. ئەگەر لە دارتاشییەکە هەڵە بکەیت تەختەیەک خەسار ئەکەیت، لێ ئەگەر لە سیاسەتدا هەڵەبکەی ئێستاو ئایندەی میللەتێک ئەخەیتە مەترسییەوە!.

لەمەولا، ئەبینن پەرلەمان و حکومەت پڕ ئەبن لەوانەی کە ساڵی نەوەتەکان و دوو هەزارەکان لە دایک بون، وەیان ئەوانەی کەمێک تەمەنیان هەیە هەموو چەکداری ناحاڵی ئەبن لە پەرلەمانی ئایندەدا، نە ئەزانن پیرۆزی چییە! نە کتێب چی یە!. نە ئەزانن مەرجەع و نەتەوەو نیشتیمان چییە، نە بەڕێوەبردنی گفتوگۆ چییە!. نە ئەخلاقیاتی پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان و نە بونیادنان ئەزانن. ئەمەش ئەنجامەکەی هەڵدێرانە.

سیاسەت، هونەرە (ئەگەر نەیزانیت خۆت لەکەدار ئەکەیت، بیزانیت سەرنجڕاکێشە)، زانستە (واتە ئیختیبار کراوە بە میتۆد هاتوە، ئەبێت بەردەوامیش بە ئیختیبارو میتۆدی جۆراوجۆردا بڕوات، ئەگەرنا هەڵە قبوڵ ناکات- مەکینەیە مەعریفەی تێ بکەی مەعریفەت ئەداتێ، زبڵی تێ ئەکەی لەوسەرەوە زبڵت ئەداتێ). ئەزمونە( بۆ ئەوەی تەڵە بناسیتەوەو تووشی هەڵەکانی پێشوتر نەبیت).

تا دێت عێراق ئەکەوێتە دەست نەوەیەکی نوێوە، کە هیچ تێگەیشتنیان بۆ مەسەلەی کورد نییە، ئەمانەش زیاتر چەکدار و کەتائیبەکانن کە زیاتر لە (١١٠٠) کیلۆمەتریان لە ژێر دەستدایە، هەر لە خانەقینەوە دەست پێ ئەکات تاکو ئەوسەری سنورەکانی سوریا، بەسەر (١٦) گروپدا دابەش ئەبن، کەتائیبەکانی (کەتائیب سەیدوشوهەدا، کەتائیبی زەینولعابدین، کەتیبەی خۆراسانی و کەتائیبی حیزبوڵڵا، کەتائیبی ڕوبعوڵڵا، کەتائیب سەیدە زەینەب، کەتائیبی عەسائیبی ئەهلی حەق و سەرایا سەلام و …تادوایی).

لەماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە (٦٠) جار هێرش و هەڕەشەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، کە حەشدی شەعبی چەند کیلۆمەترێک لە شاری هەولێر دوورە. بۆیە هەرێمی کوردستان قووڵاییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەم گروپ و کەتائیبانەدا کە ئێستا ئەوان خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن لە عێراقدا.

دەرئەنجام، بۆ کورد ئەوەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ حکومەتێکی بەهێز، سوپایەکی بەهێز چێ بکات، سیاسەتی خۆی وورد دابڕێژێت، سەرکردایەتی سیاسیی کورد بیر لەوە بکەنەوە کەسانی نیشتیمانیی و دڵسۆزو تەکنۆکرات بنێرنە بەغدا، نەک ئەوانەی لە پێناو خۆیان کۆ-ڕایی کوردیی پێشێل ئەکەن. لە سەر ئاستی دەرەکی لۆبییەکانی خۆی چڕتر بکاتەوە. لەسەر ئاستی عێراق کەناڵەکانی خۆی لەگەڵ مەرجەعییەتە ئاینیەکان و چینی سیاسیی پێشووتری عێراق بەهێزتر بکات. کورد ئەبێت زۆرترین بژاردەو کارتی خۆی ڕیز بکات، چونکە هەڕەشەکانی ئێران ڕاستەوخۆن،  ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە ئایا بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد ئەکات؟. ئایا کورد بیری لەوە کردۆتەوە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە چەندین جار بە قسەی بارزانی و تاڵەبانی لە کوردستانەوە حکومەتی عێراق پێک ئەهات!.

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu