مەترسییەک لە سلێمانییەوە... بەهرۆز جەعفەر

پێویستە ئەوە بڵێم، من خۆم لە هەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هاتمە دەر، دەیان ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی و سەدان کادیری ئەو حیزبە بە ئێستاشەوە وەک هاوڕێ و سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی تەماشائەکەم بۆ خۆم...
هەرگیز ئەم دۆخەی ئێستا ناکەمە دەرفەتێک بۆ پەلاماردانی ئەو لێقەوماوانەی ئێستا، کە دوێنێ لەسەر یەکێتی بون و ڕای جیاواز، یەکێتی بەدەرو شاربەدەرو کوردستان بەدەریشیان کردین...
ئەمما لەبەرئەنجامی ئەو ئەزموونەی لە مێژووی ووڵاتانی ناوچەکەدا هەیە، بەرئەنجامی ئەو ئەزموونەشی لەناوچەی سولەیمانی لەگەڵ هەڕەمی ئەم حیزبەدا هەمانە، دەرفەت و مەترسییەکی گەورەش بۆ کوردستان ئەبینم:
دەرفەتەکە ئەوەیە، ئیدارەی ئەمریکا سووننەو شیعەی لە عێراق تاقی کردەوە، ئێستا فۆکەسیان لەسەر کوردو هەرێمی کوردستانە، ئەگەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ببەینە سەر "کە ئەمریکیەکان سەرپەرشتی ڕێکخستنەوەکە ئەکەن"، داهات ڕێکتر بخەینەوەو حکومەتی هەرێم واز لەو بیرۆکراتیەت و هەنگاوە خاوانەی چاکسازی بهێنێت، نمونەیەکی جوانتر نیشان بدات ئەوا ئەگەری پەڕینەوەمان لەم گۆمە لێڵەدا زیاترە...
بەداخەوە، مەترسییەکە لەسلێمانییەوە چەخماخە ئەدات!
تەنها سەدەیەک لە مێژوو و ڕابردووی ئێران و تورکیاو عێراق و ناوچەکە نیشانی ئەدات، هەرکاتێک بۆشایی سیاسیی و ئەمنی دروست بوبێت، هەمیشە دوو جۆر هێز ئەو بۆشاییەیان پڕکردۆتەوە: یان چەپێکی فاشیست، یاخود ئیسلامێکی پەڕگیر -جۆرێک لە ئەحزابی ئیسلامی هەلپەرست. هەردووکیشیان ئامادەن لەناو خوانی کوردستاندان. مێژووی ناوچەکەو ئەزمونی ووڵاتانی دی نیشانیداوە هەردوو هێزەکەش لەکۆتاییدا کارەساتیان بۆ ڕەعیەت هێناوەو بە زەبری هێزی دەرەکی لادراون. خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ئەهوازەوە تا تاران، دۆخی تراژیدی هێنەری عێراق ئاگرەکەشی نەگاتە هەرێم دووکەڵەکەی کوردستان دائەپۆشێت...
لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی کەرەستەن، بۆ ئەوەی سلێمانی بکرێت بە سەرچاوەی ئاشوبێک بۆ کوردستان وەکو ئەوەی لە سوریا ڕوویدا (بەوجۆرەی چەندین گروپی نێوخۆیی و هێزی ئەملاولای دەرەکی تەراتێن بکەن و ڕاوی نفووسی خۆیان بکەن). لە پاڵ ئەمانەشدا، کاربەدەستی گەورە!ی کورد ی ( بێ باک) لەسەر پشکی یەکێتی لەبەغداوە بووەتە ملیاردێرو لەم نێوانەدا تیرەکانی ئەوەشێنێت و تیروکەوانەکەشی ئەشارێتەوە!.
 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu