دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەربارەی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا

یەکەم: پێویستە شوێنەئایینی وبازاڕو مۆڵ و دوکاندارو شوێنەگەشتیارییەکان و چێشتخانەو کافتریاو ھوتێل وموتێلەکان کارمەندەکانیان ڤاکسین بەکار بھێنن، یان تێستی 72کاتژمێری پێ بێت، لێژنەکان بە دواداچوونی بۆ دەکەن و ھەر شوێنک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت و شوێنەکەی دادەخرێت.

دووەم :پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێم ڤاکسین وەربگرن و بە ماسکەوە دەوام بکەن، ھەر فەرمانبەرێک ڕێکارەکان جێ بەجێ نەکات، ئەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لێژنەی ھاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆو فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ھەڵسەنگاندنی جێ بەجێ کردنی ڕێکارەکان لە گشت دامودەزگاکانی حکومەت دەکات.

سێیەم : ڕێگە نادرێت بە ھێچ گەشتیاری بێتە ناو ھەرێمی کوردستان ئەگەرڤاکسینی وەرنەگرتبێت یان تیستی 48کاتژمێرێ پێ نەبێت .

چوارەم:ھەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەرکەوت تێستی ساختەی پێیە، ئەو کۆمپانیایە لە گەشت کردن بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

پێنجەم: سەپاندنی بەستنی ماسک لە دام و دەزگاکانی حکومەت و شوێنە گشتی وگەشتیاریەکان تەنانەت بۆ ئەوانەش ڤاکسینیان وەرگرتووە.

شەشەم: قەدەغەکردن بە تەواوەتی ھەموو کۆڕو کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان و چوونە سەرقەبران.

حەوتەم: مەلەوانگە و شوێنە وەرزشیەکان کراوە دەبن بە مەرجی جێ بەجێ کردنی ڕێکارە تەندروستیەکان.

ھەشتەم: ھۆڵی سینەماکان لەگشت مۆڵ و بازاڕەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە.

نۆیەم: داخستنی تەواوی ھۆڵی بۆنە و ئاھەنگ و مەراسیم و ھۆڵەکانی ناو ھۆتێلەکان.

دەیەم: دانانی پرسە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ھەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕی (2,000,000)دوو ملیون دینار پێبژاردنیان پێ دەدرێت و لێژنەکانی قایمقامیەت وبنکەی پۆلیس وموختاری گەڕەکەکان بە دواداچوون بۆ جێ بەجێ کردنی دەکەن.

یازدەھەم: شوێنە ئایینیەکان بە جێ بەجێ کردنی ڕێکارە تەندروستییەکان و ڕێکاری توندی خۆپارێزی کراوە دەبن و ھەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت.

دوانزدەیەم : ژووری ئۆپراسیۆن لە پارێزگا و ئێدارە سەربەخۆکان دەبێت ئەم ڕێکارانە وەک خۆیان جێبەجێ بکەن و دەستەلاتیشیان پێ دەدرێت ئەگەر پێویست بێت ڕێکارەکان توندتر بکرێت.

سیانزدەیەم: لژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوا لە میدیاکان دەکات ھاوکار بن لە ھۆشیار کردنەوەی ھاوڵاتیان و ئاگاداری تەواوی ھاوڵاتیان و کاسبکاران و دانیشتوانی ھەرێم دەکات لە جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێکارانە ناچار دەبین ڕێکارەکان توندتر بکەین.

چواردەیەم: ئەم ڕێکارانە بۆ ماوەی ھەفتەیەک دەبێت و لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژی 2021/8/3 جارێکی دیکە کۆ دەبێتەوە وھەڵسەنگاندن بۆ پرسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دەکات.

پانزدەیەم: ئەم بەیانە لە 2021/7/27 کاتژمێر (12:00) شەو جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بلاودەکرێتەوە.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu