گۆشت و خوێن، ئەو دو ناوەندەن كە میكرۆب و ڤایرۆسەكان بەخێرایی تەشەنەی تێدا دەكەن و لەڕێگەی ئەمانیشەوە چەندین نەخۆشی مەترسیدار بۆ لەشی مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆیه پسپۆڕانی تهندروستی و ڤێتێرنەری هاوڵاتیان له گۆشتی شەقام و شاڕێكان ئاگادار دهكهنهوه بهوهی پشكنین بۆ ئاژهڵهكان ناكرێت و گۆشتهكهشیان گومانی گواستنەوەی ئهو نەخۆشییە هاوبهشهكانی لێدەكرێت. گومانی چهندین نەخۆشی ترسناكی لێدەكرێت بەمەبەستی بنەبڕكردنی دیاردەی گۆشتفرۆشتن لە شەقام و شاڕێكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت هەڵمەتی دەستگیركردن و رادەستكردنی سەرپێچیكارانی بەدادگا دەستپێكردووە و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت "گۆشتەكە مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە".
د.رزگار عەلی، بەڕیوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی رایگەیاند: فرۆشتنی گۆشتی مۆرنەكراو لەسەرشەقامەكان لەلایەن تەندروستی و ڤێتنەرییەوە مۆڵەتی پێنەرداوە و ئەو گۆشتەشی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت زیانی بۆ تەندروستی هاوڵاتیان هەیە. وتیشی؛ شاڕێكان و سەرشەقامەكان شوێنی فرۆشتنی گۆشت نییە، چونكە ئەو پیشە پێویستی بە شوێنی گونجاوی دوور لە تیشكی خۆر و ئامێرەكانی ساردكردنەوە و پاكوخاوێنی هەیە، بەڵام تۆز و خۆڵی شەقامەكە لەسەر گۆشتەكە ئەنیشێت و پیسی دەكات. هەروەها؛ پشكنینی تەندروستی بۆ ئەو كەسانەی كاری گۆشتفرۆشتن لەسەر شەقامەكان دەكەن نەكراوە بۆ ئهوهی بزانرێت ههڵگری هیچ نهخۆشیهك نین تالهو رێگهیهوه نەخۆشی بگوازرێتهوه. د.رزگار عەلی بۆ سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان داوایان لێدەكات خۆیان لە كڕینی ئەو گۆشتە بەدوور بگرن و لەو شوێنە نافەرمی و ناتەندوستانە گۆشت نەكڕن، لهبهرئهوهی گومانی نەخۆشیەكانی سكچوون و رشانەوە یاخود حومەی ماڵتا و چهندین نەخۆشی ترسناكی تری لێدەكرێت.
پشكنین بۆ گۆشتی شەقامەكان ناكرێت پزیشكەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن چەند جۆرێك نەخۆشی هاوبەش لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هەیە كە بە نەخۆشییە مرۆژەڵیەكان ناسراون، لە كوشتارگەكاندا پێش سەربڕین لەلایەن پزیشكی ڤێتێرنەریەوە پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكرێت، دوای سەربڕینیش بەهەمان شێوە جارێكی تر پشكنین بۆ گۆشتەكەیان دەكرێتەوە، پاشان بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی مۆری دەكات، لە كاتی هەبوونی هەر جۆرە نەخۆشیەك ئاژەڵەكە لەناودەبرێت.
د.بورهان عومەر، لێپرسراوی بەشی كوشتارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی رایگهیاند؛ بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی گۆشتی تەندروست بۆ هاوڵاتیان، لە كوشتارگەكاندا پشكنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەكرێت كە دەهێنرێن بۆ سەربڕین، پاش دڵنیابوونەوە لەوەی ئاژەڵەكە كە هەڵگری نەخۆشی نییە، لەلایەن كەسانی تایبەت و پسپۆڕەوە لە كوشتارگەكان سەردەبڕرێن.
لێپرسراوەكەی كوشتارگەكانی ڤێتێرنەری سلێمانی هەڕەشەی سزادان لەو كەس و شوێنانە دەكات كه سەرپێچی دەكەن و ئهوشوێنانهشی مۆڵەتی كاركردنیان لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڤێتنەری و تەندروستی وەرگرتوە دەڵێت؛ پێویستە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن لە هەبوونی گۆشتی مۆرنەكراو لە شوێنەكەیاندا خاوەنەكانیان روبەروی سزای قورس دەبنەوە.
سەرپێچیكاران رادەستی دادگا دەكرێن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بە هاوكاری لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی، رۆژانە چاودێری شەقام و شاڕێكان دەكەن و دەست بەسەر گۆشتی ئەو ئاژەڵانەدا دەگرن كە بەنایاسایی و بەدەر لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتنەرییەكان سەردەبڕدرێت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن. گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ووتی؛ لیژنە تایبەتمەندەكان كە نوێنەری بەڕیوەبەرایەتیەكانی ڤێتنەری و تەندروستی تێدایە بە هاوكاری لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی چاودێری ئەو شەقام و شاڕێیانە دەكەن كە بەنایاسایی ئاژەڵی لێ سەردەبڕرێت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن.
وتیشی: داواكاری گشتی سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشتەكەی لەسەر شەقامەكان بە تاوانی بینراو (الجریمە المشهودە) ناوبردووە، بە نوسراوی فەرمی داوای دەستگیركردن و رادەستكردنی ئەو كەسانەی كردوە، لەلایەن پۆلیس و دادگا بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بەرامبەریان.
رایگەیاند؛ لەچەند رۆژی رابردودا دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵی سەربراودا گیراوە لەگەڵ ئەو پێداویستیانەی لەلایەن گۆشتفرۆشەكانەوە بەكاردەهێنرێت، گۆشتەكە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی كراوە بۆ لەناوبردنی، هەروەها؛ رێكاری پێویست بەرامبەر بە خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات؛ بۆ سەلامەتی تەندروستیان ئەو گۆشتەی لهشهقام و شاڕیكاندا دهفرۆشرێت مەكڕن، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەنەرییەوە پشكنینی بۆ نەكراوە، لەكاتی هەبوونیدا لە شەقام و كۆڵانەكان لەڕێی ژمارە (07708677777) یاخود تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لاپەڕەی فەرمی (قائیمقامیەتی سلێمانی)ەوە لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بكەنەوە. |
قائیمقامیهتی قهزای مهڵبهندی سلێمانی
ژ.تهلهفۆن 4060 320 053