ئاراسته‌ی رۆیشتنی ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سلێمانی ده‌گۆڕدرێت

 

 

ئه‌مرۆ 22-1-2019 له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌ ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی لۆد و قه‌ره‌باڵغی له‌ شه‌قامه‌كانی ناوه‌ندی شاردا، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌ی گۆرینی ئاراسته‌ی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌كانی سلێمانی به‌رێوه‌چوو، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا قائیمقامی سلێمانی و به‌رێوه‌به‌ری ئاسایش و به‌رێوه‌به‌ری گشتی هاتووچۆ و گواستنه‌وه‌ی سلێمانی و نوێنه‌ری شاره‌وانی وسه‌ندیكای گواستنه‌وه‌ و به‌شێك له‌ كه‌سانی شاره‌زای هاتووچۆ و نوێنه‌ری چه‌ند هێڵێكی ناوشار به‌شداربوون و به‌وردی گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌رێوبه‌رایه‌تی هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گۆڕینی به‌شێك له‌ ئاراسته‌ی شه‌قامه‌كانی ناو شاری سلێمانی.

دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی رایگه‌یاند، سه‌رنج و تێبینی زۆر له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌ و له‌مرۆوه‌ هه‌تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ سه‌رنج و تێبینی هاوڵاتیان و هه‌موو لایه‌كیتر تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ وه‌رده‌گرین و له‌ (1-2-2019) ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ به‌ شێوه‌ی ئه‌زموونی پرۆژه‌كه‌ ئه‌خه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووبوو به‌رده‌وام ئه‌بێت.

هاوكات عه‌مید فه‌ره‌یدون عومه‌ر- به‌رێوبه‌ری هاتووچۆی سلێمانی ئامانج له‌ پرۆژه‌كه‌ ته‌نها كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵی شه‌قامه‌كانی ناوه‌ندی شاره‌. دواتر عه‌مید فه‌خره‌دین ئه‌مین- به‌رێوبه‌ری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه‌وه‌ وتی: به‌شێوه‌ی ئه‌زموونی ئاراسته‌ی هه‌ندێك له‌ شه‌قامه‌كان ده‌گۆرین، له‌وانه‌ له‌ سلێمانی پاڵاسه‌وه‌ شه‌قامی مامۆستایان هه‌تا فلكه‌ی یه‌كگرتن به‌یه‌ك ئاراسته‌ و ته‌نها بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌ڕوات. شه‌قامی قه‌نات (حه‌مدی) ته‌نها به‌ ئاراسته‌ی فلكه‌ی یه‌كگرتن بۆ پاركی دایك به‌ یه‌ك ئاراسته‌ ده‌ڕوات. شه‌قامی پیره‌مێرد له‌ فلكه‌ی كاوه‌وه‌ ته‌نها به‌ یه‌ك ئاراسته‌ی به‌ره‌و سه‌رای سلێمانی دێت، دواتر شه‌قامی كاوه‌ به‌ یه‌ك ئاراسته‌ هه‌تا فلكه‌ی خانه‌قا و دواتر هه‌ر به‌ یه‌ك ئاراسته‌یی به‌ره‌و فلكه‌ی زاره‌كه‌ ده‌ڕوان. شه‌قامی مه‌وله‌ویش، ئاراسته‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ سه‌رای سلێمانییه‌وه‌ بۆ سلێمانی پاڵاس ده‌ڕوات. شه‌قامی گۆران (ئۆرزدی) و بێكه‌س و كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و سابونكه‌رانیش وه‌كو خۆیان ده‌مێنێته‌وه‌. وتیشی: هه‌ر به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ رێڕه‌وی هه‌ندێك له‌ پاسی هێڵه‌كان ده‌گۆڕدرێت و له‌ كاتی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ به‌ هاه‌به‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری پێویستی بۆ ده‌كه‌ین.

دواتر قائیمقامی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌كاتی سه‌رنه‌كه‌وتنی پرۆژه‌كه‌، پرۆژه‌ی به‌دیل و ماسته‌رپلانی هاتووچۆ له‌لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانییه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێت.

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu