سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیان دەکات و رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان
هەردوو تۆڕی هەواڵی ئەمریکی (فۆکس نیوز و ئینڤێستیگەیت پرۆجێکت) دوو راپۆرتیان دەربارەی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی دەست داعش بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ناونیشانی (حکومەتی هەرێم ڕێگری لە گەڕانەوەی کریستیان و ئێزیدییەکان دەکات بۆ سەر زێدی خۆیان) لەو دوو راپۆرتەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە میلیشیا وەسف کراوە و حکومەتی هەرێمی تۆمەتبار دەکرێت بە درووستکردنی بەربەست بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییە ئێزیدی و کریستیانەکان بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان و هێنان و بردنی کەلوپەل بۆ ئەم ناوچانە.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئابووری سەخت و دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بەپێی توانا پێداویستیی ئەو ئاوارانەی دابین بکات کە لە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبیە جیاجیاکانن و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا کە بەشی هەرە زۆریان لە کریستیان و ئێزیدی پێکهاتوون، هەر لەم رووەوە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کوردستان بە پەناگەی ئارامی ئاوارە و پەنابەران وەسف دەکەن و ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمیان کردووە کە لە رێگای دامودەزگا فەرمییەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی هەرێم لەوانەش دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە راگوێزراوان بکات و بە باشترین شێوە کەمپەکان بەڕێوەبەرێت کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەمپ دەبێت، هەروەها دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بە هەزاران بریندار و نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەولێر و دهۆک چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و ئۆفیسی رێکخەری کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەم لایەنە کردووە و ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیان کردووە لەم رووەوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان زێباری وتی: بەپێی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێکی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە لە هەماهەنگیدایە، بەڵام لە کاتی دەستبەسەردا گرتنی هەر ناوچەیەک داعش سیاسەتێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدات و ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی دەکات هەمووی مینڕێژ دەکات و بۆمب و تەقەمەنی زۆر پێشکەوتوویان بەکارهێناوە لە تەقاندنەوە و وێران کردنی خانووەکان کە زۆریان دروستکراوی خۆیانن، هەروەها بۆ ماوەیەک ئەو ناوچەیە گۆڕەپانی شەڕێکی قورس و بۆردومانی بەردەوام بووە بەمەش وێرانی و کاولکارییەکی زۆر روویداوە و رێگربووە لە گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە. هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی بۆ جێگاکانی خۆیان پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمنی و تەندروستییەوە هەیە و ئەستەمە لە ئێستادا ئەو خزمەتگوزارییە پێویستیانە بە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بگات، جگە لەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکە تا ئێستاش بەو بۆمب و تەقەمەنیانە مینڕێژکراوە کە داعش لە دوای خۆی دایناوە و سەرەڕای هەوڵەکانی دەزگای گشتی مین و تیمەکانی ئەندازیاری بۆ پاککردنەوەی بە هۆی زۆری ژمارەی مینەکان مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان ماوە. دیندار زێباری ئەوەشی راگەیاند: ئەم هۆکارانە گەڕانەوەی خەڵکەکەیان ئەستەم کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕیارێک لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە لە ئارادا نییە سەبارەت بە رێگە گرتن لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کریستیان و ئێزیدی بۆ سەر زێدی خۆیان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتیانەی روویان لە وڵاتی سوریا کردبوو یان لە موسڵ مابوونەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی وتا ئێستا زیاتر لە (2000) خێزان لە موسڵ یان لە وڵاتى سوریا هاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون له سالى 2016. بەشێکیشیان چوونە بۆ پارێزگاى دهۆک و هەولێر و سلێمانى و لەوێ نیشتەجێ بوونە.
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە کریستیان و ئێزدییەکان هیچ میلیشیایەکی چەکدارییان نییە، بەڵکو هێزی فەرمییان هەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لەم بارەوە وتی: زۆربەی ئەو ناوچەیەی کە کریستیان و ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێ کراون دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات گشت مافەکانیان دەستەبەر بکات و بۆ ئەم مەبەستە ڕەشنوسی هەرێمی کوردستان دەڵێ: ئۆتۆنۆمی بۆ مەسیحیەکان و تورکومان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ترە، هەروەها لە ساڵی 2014 و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان بە فەرمانێکی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکهاتوون کە وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتیان دەکات و ڕاهێنان و چەک و پێداویستی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات. ئەم هێزانە لە دوای پرۆسەی رزگار کردنی موسڵ رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان بەتایبەتی لە شەڕەکانی رۆژئاوای ساری موسڵ و باشیک و سنووری شنگال وئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدی و کریستیانەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزەکانەوە بکەن، بەڵام تۆمار کردنی ناوەکانیان وەستاوە بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رێگا نەدان بە هێنان و بردنی کەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگا ناگرێت بە هێنان و بردنی کەلوپەل بۆ ئەو ناوچانە بەڵکو رێوشوێنی تایبەتی داناوە لەم رووەوە و بۆ مەبەستە و لەم بارەوە رێگا نادات بەو ماددانەی کە دوولایەنە بەکاردەهێنرێن بچنە ناوچە تازە ئازاد کراوەکان وەک: پەیینی کیمیاوی و یۆریا، چونکە تیرۆریستان دەتوانن سوودیان لێوەربگرن، خەڵکی ناوچەکان بۆیان هەیە بچنەوە ناوچەکانی خۆیان و هاتوچۆ بکەن، لە هەمان کاتدا گشت دامودەزگاکانی حکومەت و رێکخراو و لایەنە مرۆییەکان بۆیان هەیە بچنە ناوچەکە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییە پێویستەکان. بەڵام وەرگرتنی رەزامەندی بۆ هێنانی کەلوپەلی بینا کردن و مەڕو ماڵات، دەوەستێتە سەر داواکاری و پێداویستی ناوچەکە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان رێگایان لە ئێزیدی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە نەگرتووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام رێوشوێنی تایبەت لە هەندێک شوێن دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئاسایشی ئەو ناوچانە، هەروەها بەپێی توانا درێغی نەکردووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئاوارەکان و بەردەوامە لەو خزمەتگوزاریانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە بەیاننامە و لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەم کارانەی حکومەت کردووە و ستایشی ئەم هەوڵانەیان کردووە.