لە یادی ۳٤ ساڵەی شەهیدانی دوڕیانەکەی سەرچنار ... ئارام قزلەری (2)

له‌گه‌ڵ نوسینی هه‌ر وشه‌یه‌ك، دڵۆپه‌ فرمێسكه‌كانی چاوم به‌ر دیده‌م لێڵ ده‌كه‌ن و ده‌ستی له‌رزۆكم له‌به‌رده‌م گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی ئێوه‌دا توانای نوسینیان نامێنێت و هیچ کام ئه‌ندامەکانی جه‌سته‌م توانای ئەوەیان نامێنێت وه‌كو پێویست كار بكه‌ن، تاکو بتوانن پێناسەی گەورەیی ئێوەی قارەمان بکەن و خۆشه‌ویستی خۆیان پێشكه‌ش به‌م یاده‌ پیرۆزه‌تان بكه‌ن.

سیوچوار ساڵ (۳٤ ) له‌مه‌وبه‌ر و له‌رۆژی 24/10/1987 دڕنده‌كانی به‌عس لە دەروازەی شاری سلێمانیدا کە دەکاتە دوڕیانەکەی سەرچنار پێنج قاره‌مانی ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ گوله ‌بارانكرد كه‌ بریتی بوون له‌ شه‌هیدان ( به‌رهه‌م، جه‌لال، تاریق، كه‌مال، عه‌لی )

دڕنده‌كانی به‌عس ته‌نیا به‌شه‌هیدكردنی ئه‌و پێنج قارەمانانەوە نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو لە نیوەشەوێکی درەنگاندا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵەکانیان و ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستیان كه‌وت له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان، ده‌ستگیریانكردن . له‌ئه‌نجامدا زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خێزانی ئه‌م پێنج نه‌مره‌ كه‌وتنه‌ به‌رده‌ست دڕندەکانی بەعس و بێسه‌روشوێن کران.

لەو سەردەمەدا لە هەموکاتێک زیاتر رژێمی به‌عسی تینوو به‌خوێنی تێكۆشه‌رانی كورد و گه‌لی كورد بوو، له‌دوای شه‌هیدكردنی ئه‌و پێنج قاره‌مانه‌ و ده‌ستگیركردنی كه‌سوكاره‌كانیشیان، هه‌ڵسان به‌ڕوخاندنی خانوه‌كانیان و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن و تاڵانکردنی ته‌واویی ماڵ و کەلوپەلەکانیان و تەنانەت لە کاتی گرتنی ئەندامانی خێزانەکانیشدا بە ئافرەتاکانیان گوتبو : چیتان هەیە ئاڵتون و شتی پێداویستی تایبەتیتان بیهێنن لەگەل خۆتان بۆ ئەوەی لەماڵەوە نەبێت، دیارە مەبەستیان بوبو تاڵانی کەل و پەلە تایبەتیەکانیشیان بکەن .

له‌وكاته‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌ستگیركران كه‌س نه‌یده‌زانی چیان لێ به‌سه‌رهاتووه چارەنوسیان نادیار بوو، به‌ڵام له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌منی سلێمانی كه‌وته‌ ده‌ست خه‌ڵك و پێشمه‌رگه، له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ئاشكرا بوو كه‌ به‌بڕیاریی تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ( عه‌لی كیمیایی ) خێزانی هه‌ریه‌ك له‌شه‌هیدان ( به‌رهه‌م، جه‌لال، كه‌مال ) له‌زیندانی ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا شه‌هید كرابون، بەپێی کتابەکانی ئەمنی عامە، ئەم سێ خێزانە تێکۆشەرە بە شیوازێکی لەسەرخۆ ملیان قرتێنرا بوو .

خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ش كه‌دوای گولەبارنكردنی به‌رهه‌می برام ده‌ستگیركران، بریتی بون دایكم و مهابادی خوشكم و ئازادی برام، شه‌هیدكران و تا ئێستاش بێ گۆڕ و بێ ناونیشانن .

ئێمه‌ی خانه‌واده‌كانی هه‌موو شه‌هیده‌کان ساڵانێكی زۆر له‌چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌یاندا ئازارمان چه‌شت، دواتریش له‌زانینی شه‌هیدكردنیاندا برین و ئازاره‌كانمان به‌سوێتر بوونه‌وه .

لەم یادە پڕ لە شکۆیەدا بە چاوێی پڕ لە فرمێسکاویەوە بۆ ڕۆحی نەمری دایکم و ئازاد و مهابادی خونچە نەکراوەی خێر لە خۆنە دیوی خوشکە بچۆلەکەم دەڵێم، بەقوربانی گۆڕی نادیارتان بم ئێوە سیو چوار ساڵه‌ (۳٤) له‌هێلانه‌ی دڵماندا هه‌ڵفڕیون، جێگه‌تان، گڵكۆتان و ته‌نانه‌ت ئازاره‌كانیشتان نادیارن و نازانین چۆن سه‌بوریمان بێت .

خۆزگه‌ وه‌ك هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كاتێك به‌ره‌و دوا مه‌زارگه ئازیزانیان به‌ڕێیان دەکەن، ئێمه‌ش بۆخۆمان ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و ئازیزانمان به‌ڕێ بكردبایه‌ و تێرتێر بۆنی گەردنی قرتێنراو پرچی ئاڵۆسکاوی بێنازتانمان بکردبایەو بۆ دواجاریش بەدەستی لەرزۆکمان تەرمی پیرۆزتانمان بخستبایەتە سەر شانی شەتەک بومان و ئەوسا دڵمان سوکنایی پیادا دەهات و دوا ماڵئاوایمان لێتان بکرد بایە، ئەوکات ‌پێده‌چوو كه‌مێك سه‌بوریمان بهاتایه.

سیو چوار ساڵە ماڵئاوایتان لێكردوین و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌تانین، هه‌رگیز بڕوا ناكه‌ین هیچ په‌تێك هیچ جه‌لادێك ده‌ستی چوبێته‌ گه‌ردنی پیرۆزتان و كۆتایی به‌ژیانتان هێنابێت .

دایه‌گیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو قاقایه‌كی پێكه‌نینیشماندا، له‌نێو گه‌روماندا تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵ فرمێسكی غه‌م تێکه‌ڵ به‌خۆشیه‌كانمان ده‌بێت .

خۆزگه‌ ئێستا له‌درزێكه‌وه‌ ده‌تبینیم، كه‌چۆن جه‌سته‌م ده‌له‌رزێت و چۆن چاوه‌كانم فرمێسكیان لێده‌بارێ، هه‌رچه‌نده‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه، ئەوەی بۆتانی دەنوسم دڵنیام شایسته‌ی گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی ئێوه‌ی ئازیز خێر لە خۆ نەدیو نیە تاوەکو ناخی سوتاومانی پێ دابمركێنینه‌وه ‌.

دایه‌ گیان ئازاد گیان مهابادە خوشکە پچکۆلانەکەم بڕوا بكه‌ن دوای دڵنیابونیشمان له‌وه‌ی ئه‌وتاوانبارانه، ئه‌و دڕندانه‌ ئه‌و خوێنمژانه‌ كه‌ ده‌ستیان چوه‌ته‌ گیانی پاك و بێگه‌رتان، ئێمه‌ هه‌روا ده‌زانین سه‌فه‌رێكی دوورتان كردوه‌و چاوه‌ڕوانین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆناومان، زۆرجاریش زۆر له‌خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ سوێند به‌گڵكۆتان بخۆێن .

بۆیه‌ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه‌ش چاو لێك ده‌نێین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناومان و جه‌سته‌ی ماندومان له‌ نێوباوه‌شی گه‌رمتاندا بحه‌سێتەوە .

ئارام قزلەری

۲٠۲۱/۱٠/۲۳

ستۆکهۆڵم

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu