بۆ یادی ٩ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیر و نووسەر (2)

ئارژەن ئاری Arjen Arî (00.  00.  1956 - 30.  10.  2012)

#ئەدەبییات_شوانی

#کتێب_شوانی

ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٢ کاتێک لە شەنگلبانەی ڕەواندز ئەم وێنەیە و چەند وێنەیەکی تری ئارژەن ئاریم چرکاند، نەمدەزانی نەخۆشە و کەمتر لە نیو ساڵی لە ژیاندا ماوە و بە خەیاڵمدا نەهات ئەوە یەکەم و هەمان کاتیش دوایین دیدارمانە.

شاعیری جواننووس ئارژەن ئاری ٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئامەد بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی کرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان و شیعر و خوێنەران و کەسوکار و هاوڕێکانی کرد.

ئارژەن ئاری ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی چالێی ناوچەی ئۆمەریانی سەر بە قەزای نسێبینی سەر بە پارێزگای ماردین لە دایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە نسێبین و ماردین بڕیوە و ساڵی ١٩٧٩ بەشی تورکیی پەیمانگەی پەروەردەی ئامەدی تەواو کردووە. ئەویش وەک زۆرێک لە نووسەران و شاعیرانی کوردی تری باکور سەرەتا بە زمانی تورکی دەستی بە نووسین کردووە. بەڵام زۆری نەبردوە دەستی لە تورکی هەڵگرتووە و بە کوردی دەستی بە نووسینی شیعر کردووە. ساڵی ١٩٧٦ بە هۆی بەشداربوونی لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا دەستگیر دەکرێت و پۆلیس دەست بەسەر دەفتەری هەموو ئەو شیعرە تورکی و کوردییانەیدا دەگرێت کە تا ئەو سەردەمە نووسیبوونی. دوای هەفتەیەک خۆی ئازاد کرا، بەڵام شیعرەکانی هەرگیز ڕووی ڕووناکییان نەدییەوە.

پێش کودەتای ڕەشی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠، شیعرەکانی ئاری گەیشتبوونە سەر لێوی پاڵە و کرێکارانی پەمووچن و بە گۆرانی دەگوترانەوە، بۆ نموونە:

تەورک، تەورک، تەورکۆ، تەورکۆ

بەر تایێ پەمبوو خۆش بکە، تەورکۆ

ڕۆژا مە ژی هندکۆ، تەورکۆ

مالدار ب قوربانا من کۆ، تەورکۆ

تەورک، تەورک، تەورکۆ، تەورکۆ

یان:

ڕۆژا پالە ئەرزانە

کولفەتێ مال گرانە

مالا تە خرا ببە مالدار

ما قەی تو پێ نزانە!

دوای کودەتای ١٢ی ئەیلوول، ئارژەن ئاری وڵاتی بەجێ نەهێشت و بەردەوام بوو لە نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعر و وتاری ئەدەبی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا. ڕۆژێکی ساڵی ١٩٩٢، واتە لەو سەردەمە تاریکەدا کە دەیان هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد لەلایەن چەتەکانی "فاعیلی مەجهول"ەوە تیرۆر کران، ئارژەن ئاری لەبەردەم ماڵی خۆیان لە نسێبین لەلایەن کەسانی "نەناسراوەوە" درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بریندار کرا. دوای تیمارکردنی لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلەی ئامەد، تا کۆچی دوایی لەو شارە مایەوە و ژیا.

جگە لە دەیان شیعر و وتار کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٠-٢٠١٢ دا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، ئارژەن ئاری خاوەنی ئەو دیوان و کتێبانەیشە کە لە وێنەکەدا دەبیندرێن.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu