ئوربیلوم شاریکی سۆمەریە ئاشووری نییە دکتۆرە (شوکریە)؟ ... محەمەد مەندەلاوی (2)

دوێنی کەناڵی ئاسمانی کوردسات بەرنامەیکی تایبەت لەسەر " دیداری سلێمانی بۆ موزیک" پێشکەش کرد، تیا بەدرێژی باسی موزیک و مێژوو موزیک کرا لە شاری سلێمانی. بەڵام پاشان لەنێوان مێوانەکان و ئەوانی تر کە ئامادەی سێمینارەکە بوون بێجگە لە باسی موزیک و ئامێری موزیک باسی شتی تریش کرا، لەو شتانە کە باس کرا ناوی شاری (ئەربیل) بوو، کە لەناو ئامادە بووان دکتۆرە (شوکریە رەسول) تێبینیکی کورت لە سەری هە بوو بەم شێوە:" ئەربەئێلووە (أربائيلو‌) ناوی شارەکەیە، بە بۆنەی چوار خوداکەی سەردەمی ئاشووری، کە لەم شارە بوون وەکو چوار پەرستگا بوونیان هەبووە". بێ گومان دکتۆرە (شوکریە) کەڵەژنیکی ئەکادیمی کوردە، کە ئەمە دەمێکە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سەر گۆڕەپانی ئەدەبی کوردی دا. بەڵام بە داخەوە، زۆر جار ڕۆشنبیرەکانمان هەر وەکو سەرکردە ڕامیاریەکانمان بەبێ ئەوەی بیر بکەنەوە، بەشێوەزاریک سەرزاری قسە ئەکەن کە ناوە رۆکەکەی دژ بە نەتەوەکەیانە. لەو قسە ژەهراویانە، قسەکەی دکتۆرە (شوکریە)یە، کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد. ئایا جەنابی دکتۆرە نازانی کە شاری (ئوربیلوم- ئربل- ئەربیل- هولێر) سۆمەریەکان کە بێگومان لە ڕەگەزی کورد بوون بناغەی دانان و لەسەر دەستی ئەوانیش بوو بە شار؟ هەر لەسەردەمی ئەوانیش ناوی (ئوربیلوم) بوو، کە ئاشووریەکان هێشتا لە باکووری دوورگەی عەرب بوون؟؟ با چاویک هەڵدەین بە ناوی فەرهەنگی عەرەبی، چاپی (بەیروت) چاپی (٢١) ساڵی (١٩٧٣) لە چاپخانەی کاسولیکی چاپ کراوە، تا بزانین چێ ئەڵێ لە بابەتی ناوی (ئەربیل) لەوە. لە لاپەرەی (٤٩) ئەڵێ:" وڵاتی ئاشوور وڵاتیکی کۆنە لە باکووری مەیاندووئاو (بين النهرين- ميسوبوتاميا) لە هەزارە دوو پێش زایین نەتەوەیکی سامی تیا جێگیربو لە سەدەی (١٤) پ. ز. دەوڵەتیک لەوێ دایمەزراند. هەمان سەرچاوە لە لاپەرەی (٣١) باسی (ئەربیل) بەم شێوەیە دەکا:" (ئربل = إربل)ی کۆن لە نووسیینە مێخییەکانی (بزماری) هەزارەی سێ پ. ز. ناوی هاتووە، لەسەردەمی ئاشووریەکان بەناوی ((اربایلو)) ناسرا؟؟ خوێنەری بەڕێز، بە بەراوردکردن لە نێوان هەردوو دەقەکەی فەرهەنگە عەرەبیەکە بۆمان دیار ئەدا، کە ناوی (ئربل= إربل) هەزار ساڵ پێش جێگیربونی ئاشووریەکان لە دەوروبەری (نینەوا) لە سەردەمی سۆمەریەکان نووسراوە؟؟ بۆ زانیاری، ناوی نەینەوایش کە ناوی یەکێک لە خوداکانی ئاشوور بوو ناویکی کوردیە؟ پاشماوەی سۆمەریەکان بوو بەجێ مابوو بۆیان، چونکە ناوی هەموو خودا ژنەکانی سۆمەر بە نەن دەستی پێ دەکا، کە کورت کراوی نەنەیە (داپیر) وەکو (ننتی) خودای مانگەکان و ڕۆژگار پاراستی بوو. (ننسگلا) خودای دڵمون، دەڤەریک بوو. (ننکاسی) خودای مەی بوو. (ننکورا) خودای ڕەنگەکان بوو. (ننکیزی ئوتو) خودای رووەک بوو. (ننسار) خودای سەوزە بوو. (ننمو) خودای میوە بوو. (ننسون) دایکی دموزی بوو، کە خودای سۆمەر بوو. (ننلیل) ژنی (ئەنلیل) بوو. (ننیسا) خودای چاکبوونەوە بوو. (ننمار) خودای باڵەندەکان بوو. (ننکی) خاتوونی کەمان بوو (ئامێری موزیک). (ننتو) خاتوونی منداڵبوون بوو. (ننخرساج) خاتوونی شاخ بوو هەتادوایی. بێگومان ئەم ناوە کە نەنە تا ئەمرۆ لە ناو زمانی کوردی دا ماوە، کە ئەوەیش نەنەیە بە مانای داپیر. با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان. لە ناو سەرچاوەکان دا ناوی پرۆفیسۆریک بینیم کە (وولی)ە پەڕتووکیکی هەیە بەناوی "سۆمەریەکان" تیا ئەڵی (ئەربل) شاریکی سۆمەریە. لە ووتاریکی پڕ بایخ دا (بە زمانی عەرەبی) دکتۆر (زهدی داووی) ئەڵێ: "دەقیکی سۆمەری هەیە لە سەر دوو دەپ (لوح) نووسراوە، کە ئەو سەردەمە (ئەرنانا) وەزیری شای سۆمەری (سوشین) (٢٠٣٧-٢٠٢٩) پ. ز. فەرمانی دا دای بنەن لە ژێر دەرگای پەرستگایکی نوێ کە لە (جرسو) بینای کرد. پاش کە ئەرنانا چەند ناویکی سەربەرزی و پلە و پایەی خۆی ئەڵێ، دیسان ئەڵێ کە ئەو سەرکردەی سوپایە لە ئەربیلوم؟؟ دیسانەوە دکتۆر (داوودی) ئەڵێ: شایانی باسکردنە، ئەم دوو دەپە کە ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤەرن لە پاریس لە فەرەنسا، کاتی خۆی نێردە زانستی فەرەنسی پشکنینی کرد لە (تیللو) لە باشووری عێراق پەیدایان کرد. دیسانەوە دکتۆر (زهدی داوودی) ئەڵێ: دوو کەسایەتی ئەڵمانی بەناوی (أ. د. مانفريد ميللر) و (أ. د. أولنسر) یارمەتی منیان دا تا ئەم دەقە سۆمەریە پەیدابکەم و کە پاشان وەڕیانگێرامە سەر زمانی ئەڵمانی". خوێنەری هێژا، ئەم دەقە سۆمەریە بە ڕاشکاوی پیمان ئەڵێ، کە ناوی (ئەربیلوم) ناویکی سۆمەریە و ئاشووری نییە، بەڵام ئاشووریەکان تەنانەت دەستکاریان کرد تا لەگەڵ زمانەکەیان بگونجی، دەنا ئەگەر شاری چوار خوداکەی ئاشوور بووە بۆ ئێستا شوێنەواری یەکیک لەو خودایانە لەسەر ئەرزی ئەربل (هولێر) بوونی نییە؟؟ فەرهەنگی عەرەبیش هەر وەها ئەڵێ، کە لەسەردەمی ئاشووری بەم ناوە ناسراوە، ناڵێ ئاشووریەکان ئەم ناوە ڵێ نان؟؟ لە بارەی پێوەندی سۆمەریەکان لەگەڵ نەتەوەی کورد و شاخەکانی کوردستان و ڕەگەزی ئاری، زانا و مێژوو نووسی ئەمریکی (Wil Durant = ول ديورانت) (١٨٨٥ - ١٩٨١) لە پەڕتووکە بە ناو بانگەکەی کە ناوی (داستانی شارستانییەتیە= The Story of Civilization)ئەڵێ:" سۆمەریەکان، خەڵکی شاخ بوون، باڵا مامناوەند و بەهێز بوون، چاوەکانیان گەورەو بادەمی بوون، لووتیان نوشتاوەیی ئاریایی تیا بوو". بۆ زانیاری، ئەم ئاشووریانە لە ساڵی (٦١٢) پ. ز. بە یەک جاری لەبەین چوون و هیچی لیان نەما. پەڕتووکی پیرۆزی (تەورات)یش لە نوسراوەی (سفر) پەیامبەر (ناحوم) وەها دەڵێ:" وهذا ما يقوله الرب: مع أنكم أقوياء و كثيرون فإنكم تُستأصلون و تفنون. ويضيف الكتاب المقدس في ذات السفر في آية أخرى: "وها الرب قد أصدر قضاءه بشأنك يا أشور: لن تبقى لك ذرية تحمل اسمك. وأستأصل من هيكل آلهتك منحوتاتك و مسبوكاتك، وأجعله قبرك، لأنك صرت نجساً. فيا يهوذا واظب على الاحتفال بأعيادك وأوف نذورك لأنه لن يهاجمك الشرير من بعد، إذ قد انقرض تماماً". وەرگێڕان(الترجمة): ئەمە الله وتی: هەرچەند ئێوە بەهێز و زۆرن بەڵام بنەبڕ کرێن و لەناوئەبرێن. دیسان پەڕتووکی پیرۆز (تەورات) لە هەمان نوسراو دا لە ئایەتیکی تر ئەڵێ: ئەمە (الله)ە بڕیاری دا دەربارت ئەی ئاشوور: ڕیشەت لە جیهان دا ناهیلی ناووت هەڵگری. لە پەرستگاکەت (خوداکەت) پەیکەرەکەت ساڕێژراوەکەت، کردیان بە گۆڕەکەت، لەبەر ئەوەی کە پیسیت. ئەی یەهودا بەردەوام بێ لە ئاهەنگ گرتنی جەژنەکەت ئاهەکەت بەجێگە بیکە چونکە بەزیان هێڕش ناکاتە سەرت دوای ئێستە، چونکە بەیەک جاری لەبەین چوو".    

پەیامبەریکی تر وەها ئەڵێ: وهكذا يقول نبي آخر، ألا وهو النبي (صفنيا) في سِفره في ص (١١٠٨) " ثم يبسط يده نحو الشمال ويبيد أشور ويجعل نينوى قفراً موحشاً. . . ".

وەرگێڕان (الترجمة): پەیامبەر (صفنيا) لە پەڕتووکی (تەورات)ی پیرۆز لە نوسراوەی (سفر) خۆی لە لاپەرەی (١١٠٨) ئەڵێ:" لەوێ دەستی درێژکرد بەرەو باکوور و ئاشووری لە ناو برد و نەینەوا پەست و وێرانکرد. . . ".

لە کۆتایی دا، هیوادارم لە دکتۆرە (شوکریە)و ئەوانی تر، کە بە ناحەق ناسنامەیکی ساختە ئەدەن هەولێرەکەمان کە ئەوەیش ناسنامەی ساختەی ئاشووریە، تکام وایە واز لەم خووە خەراپکاریە بێنن و با تۆزیک بچنە خۆیانەوە. لە کۆتایی دا، ئاوات خوازم ئەگر من هەڵەم لەم بابەتە زۆر سوپاس گوزار ئەبم ئەگەر کەسایەتی مەبەستکراو بە شێوەزاریکی ئەکادیمیانە ڕاستێ بۆم بکاتەوە تا وەها هەڵەی گەورە دووبارە نەکەمەوە.

هەمراز ترکان نەزان زومانم . . . دویری ژەیاران هەمکەلامانم. (غولام رەزای ئەرکەوازی)

17 12 2016  

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu