لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان رایدەگەیەنن، بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنیەكان دەكەن، كە هێرش دەكەنە سەر پایتەخت و بارەگاكانی پێشمەرگە. دووپاتیشی دەكەنەوە، هەمیشە پاڵپشتی كێشەی ڕەوای گەلەكەیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دام و دەزگاكانی بوونە.
لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، لە ڕاگەیانراوێكدا كە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكاكەیان بڵاویان كردووەتەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامانیان، جەخت دەكەنەوە: "هیواخوازین هونەری كوردی لە گەشەسەندندا بێت و هونەرمەندانی كورد بایەخ بە گوزەرانیان بدرێت".
لقی هەولێری سەندیكای ناوبراو، روونیشی دەكەنەوە: "بەو هیوایەین لە كوردستان بە گشتی و لە هەولێر بە تایبەتی، ئاوڕێكی جیددی لە هونەر بدرێتەوە و چیتر هونەر بێ ساحێب نەبێ لەم شارە، ئاشكرایە هونەرمەندە ڕاستەقینەكان هەمیشە پاڵپشتی كێشەی ڕەوای گەلەكەیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دام و دەزگاكانی و پێشمەرگە نەبەرد و قارەمانەكان بوونە، هەر بۆیەشە بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنیەكانی ناحەزان دەكەین كە هێرش دەكەنە سەر پایتەخت و بارەگاكانی پێشمەرگە".
هەر لە ڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش دەخەنە ڕوو: "هیوادارین هەموو سەندیكا و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشە نەزۆكانە، هەروەها هیواخوازین لە ساڵی نوێدا كۆنگرەی سەندیكا ئەنجام بدرێت و دوور بێت لە دەستوەردانی حزبی، چونكە ئەوەی هونەرمەندان لێی نیگەرانن، دانانی چەند كەسێكی حزبی بوو لە شوێنی بەرپرسیاریەتی لەناو سەندیكا، كە نەك هەر شیاو نەبوون، بگرە خۆشیان لێ گۆڕاوە و هەندێكیان دوای ماوەیەكی زۆر لە ئەنجامدانی دوا كۆنگرە، سەندیكاكە لە خۆیان بچووكتر دەبینن، بۆیە داواكارین لە نزیكترین دەرفەتدا كۆنگرەی سەندیكا ئەنجام بدرێت و هونەرمەندان كێ بە شایستە دەزانن، با ئەوان بێنە مەیدانەكە".
لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، لە كۆتایی راگەیانراوەكەدا، دووبارە سڵاو و رێز بۆ هونەرمەندانی خەمخۆر و راستەقینە و، هەروەها دروود بۆ گیانی پاكی هونەرمەندان دەنێرن، ئەوانەی كۆچی دواییان كردووە.
ئومێد بابان