چەند چالاکیەکی هونەری و شیعر خوێندنەوە
لە یانەی کوردی"میدیــــــا" ی ئەمستردام پێشکەشکرا
ڕۆژی یەکشهممه ڕێکهوتی 11 ی februari 2018 کاتژمێر 14:00 دووی پاشنیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێک هونەرمەندان و ڕۆشنبیران کورد لە هۆڵەندا، لە هۆڵی یانەی کوردی "میدیــــا"ی ئەمستردام، چەند چالاکیەکی هونەری و ئەدەبی بۆ پشتوانی کوردانی ڕۆژئاوا ڕێکخرا.
سەرەتا لە لایەن ئالان حەمە ئەمین، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی یانەی "میدیـــا" ئەمستردام پاش دەقیقەیەک وەستان بۆ تێکڕای شەهیدانی کوردستان و قوربانیانی عەفرین، بەخێراهاتنی ئامادەبووان و سوپاسی هونەرمەندانی کرد بۆ ئەم دەستپێشکەرییە و سازکردنی ئەم ئێوارە هونەرییە بۆ پشتگیری ڕۆژئاڤا و بۆ بەدەنگەوە هاتن و پشتگیری خۆڕاگری و بەرخودانی خوشک و براکانمان لە شاری خۆڕاگری عەفرین، کە ماوەی سێ هەفتە زیاترە بهوپهڕی خۆڕاگرییەوە بەرگری لە خاک و نیشتمانی لە خوێن هەڵکێشراوی خۆیان دەکەن، ئازایانە لەژێر بۆردوومان و هێرشی سوپای ڕژێمی فاشیستی تورکیا، نەک هەر توانیویانە بەرگری بکەن، بەڵکو بەگژمەحاڵدا چونەتەوە و لمۆزی خوێناوی فاشیستەکانیان شکاندووە.
هەروەها ئاماژەی بە تەوارەکانی ئەم دانیشتنە کرد بەم شێوەیەی خوارەوە.
تەوەرەی یەکەم: لە لایەن ئیبراهیم عەلی سەعید ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی یانەی "میدیـــا" ئەمستردام، بەداتاشۆ، لێکۆڵێنەوەیەک ئامادەکرابوو، دەربارەی باری جیوپۆلتیکی ڕۆژئاوا و بەنەخشە هەندێ زانیاری گرنگی دەربارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای تورکیا باس کرد و هۆکاری تێکشانی حەتمی سوپا بەزیوەکەی و بەکرێگیراوەکانی خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بەرگری قارەمانانەی شەڕڤانان.
تەوەری دووەم: دوو بەرهەمی هونەری لاوەندنەوەیەک و سروودێک لە لایەن هونەرمەند حەمە بەکری کلارنێت.
تەوەرەی سێهەم: لە لایەن هونەرمەند مامۆستا شۆڕش قەراخی و گروپەکەی، شەش سروودی نیشتمانی ئامادەکردبوو، بە یارمەتی کۆرسی ئامادەبووان دەیانگووتەوە.
تەوەرەی چوارەم و کۆتایی: بە دوو بەرهەمی هونەرمەند تالیب ڕەسوڵ چەند سروودێکی دیکەی هونەرمەندانی کورد کە تایبەت بوو بە شەڕڤانانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرا و لە لایەن (سەردار فەتاح ئەمین)ەوە، شیعرێکی شاعیر بەرزان هەستیار بە ناونیشانی (تاڵانمان کەن) خوێندرایەوە.
پاشان بانگەوازی ئەو کەمپینەی کە چەندین خێرخواز و کڵێسای هۆڵەندی لە حەوزی ڕۆتەردام، بۆ پشتگیری قوربانیانی عەفرین دەستیان پێکردووە ڕاگەیەندرا، بە کۆکردنەوەی جلوبەرگی هەمەجۆر و پێویستی ئاوارەکان و خەڵکی عەفرین، شایانی باسە ڕێکخەرانی ئەم کەمپینە خۆشیان هۆکاری گواستنەوەیان لەسەر حسابی خۆیان ئامادەکردووە، لەم ئێوارەیەدا داواکرا هەرکەسە لای خۆیەوە بەشداری ئەم کەمپینە بکات .کڵێسەکە هەردەم کراوەیە و ئەمەش ئەدرێسەکەیەتی:
Stg Home for kurds Afrin
Zuidhoek-232
3082 PS Rotterdam
لە کۆتاییدا، بەسێ دیاریی بە نرخ، کە پێکهاتبوو لە کتێبی (کوردستان لەسێبەری مێژوودا)ی هەردوو نوسەرانی ئەمەریکی سۆزان مایسڵەس و هۆڵەندی مارتن ڤان براونێسا، پێشکەش بە هونەرمەندەکان کرا، لە لایەن بەڕێزان (کەمالی حاجی سەعید ڕەش و ئەنوەر ڕەشید)ەوە.