بەیاننامەی ژمارە ٥ ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی-کرێکاری ناوچەکە

حکومەتی ئیسرائیل لە دادگای لاهای بە تاوانی کۆمەڵکوژی!

بەشەریەتی موتەمەدین هەنگاوێک بۆ پێشەوە

 

دوابەدوای سکاڵاکەی ئەفریقای باشور لە دادگای لاهای لەدژی ئیسرائیل لەسەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤، دادگای لاهای داواکاری حکومەتی ئیسرائیلی لەمەڕ داخستنی دۆسیەکە ڕەتکردەوە، كه‌ ئەمەش بەو مانایە دێت دۆسیەی "کۆمەڵکوژیەکەی حکومەتی ئیسرائیل" لەبڕیارە سەرەتایەکەی خۆیدا فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ دەرچووە. بە پێی حوکمی ئەم دادگایە: "پێویستە ئیسرائیل هەموو تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژیەی کە لە غەززەدا بەڕێوەدەچێت، وە ڕێگا بدات به‌ هەرچی خێراتر گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە و پێش بگرێ لە هەڵخڕاندنی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵکوژی لەم شەڕەدا و هاندەرانی سزا بدات''. جگە لەوەش، ئیسرائیل دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا پاش دەرچونی ئەم بریارە، ڕاپۆرتێک لەسەر چۆنیەتی جێ بە جێ کردنی بڕیارەکان پێشکەش بە دادگا بکات.

هەرچەندە دادگای لاهای فەرمانی ڕاگرتنی دەستبەجێی کوشتنی خەڵکی فه‌ڵه‌ستینی دەرنەکرد، بەڵام خودی کردنەوەی دۆسیەی کۆمەڵکوژیەکەی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین و بڕیارەکانی ئەم دادگایە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بەشەریەتی موتەمەدین.

دادگای لاهای تەنها ناوەندێکی دادوەری نییە، بەڵکو ناوەندێکی دادوەری-سیاسییە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بڕیارەکانی ئەم دادگایە لە ڕووی مێژووییەوە تێکەڵەیەک لە بڕیارە دادوەرییەکانە لەسەر بنه‌مای هاوسەنگی هێز و دۆخی سیاسی زاڵ بەسەر جيهاندا. لەم قۆناغەدا گوشاری بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین و دژ بە فاشیزم و میلیتاریزم، گوشاری بەشەریەتی موتەمەدین سەبارەت بە مەحکوومکردنی کۆمەڵکوژیەکەی حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانییەتی، کە کاریگەری خۆی بەسەر دۆخی سیاسی و بڕیارەکانی دادگای لاهایدا لەدژی ئیسرائیل داناوە.

کردنەوە و تاووتوێی دۆسیەی حکومەتی ئیسرائیل له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی لەدژی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوام بوونی ئەم جینۆسایدە، له‌ژێر هەر ناوێکی دیپلۆماسیدا و به‌ هه‌ر خۆپارێزییه‌كه‌وه‌ بێت، ئەنجامی فشاری ناڕەزایەتییه‌كانی ڕۆژانەی سەدان ملیۆن کەسە لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا، لە ئەفریقاوە بۆ ئەمریکا و .... ئەنجامی ناڕەزایەتی سەدان سەندیکا و ڕێکخراوی کرێکاری و سەدان دامەزراوە و ڕێکخراوی مرۆییە دژ بە کوشتار و بۆردومان و کۆمەڵکوژی خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستین و بڕینی ئاو و کارەبا و دەرمان و سووتەمەنی و پێداویستی  ژیان و... لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە هه‌موو ئه‌وانه‌ لەدژی هاوکاری و پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و میدیاکانیان لە ئیسرائیل ناڕەزایەتی دەر دەبڕن.

کردنەوەی دۆسیه‌ بۆ حکومەتی ئیسرائیل بە تاوانی کۆمەڵکوژی، شکستێکی گەورەیە بۆ حکومەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، کە بە درێژایی ئەم ماوەیە ڕایانگەیاندووه‌ کە "ئێمە لە پاڵ ئیسرائیلدا وەستاوین"، "تۆمەتی جینۆساید بێ بنەمایە"، و بە هاوکاری هەمە لایەنەی سەربازی، دارایی، سیاسی و ڕاگه‌یاندنیان بەکردەوە لەم تاوانانەدا بەشدارن. خەڵکی ئینساندۆست و ئازادیخواز مافی خۆیانە ڕایبگەیەنن کە دوای ئیسرائیل، نۆرەی حکومەتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و هەموو ئەو سیاسەتمەدارە کۆنەپەرستانەیە کە بە فەرمی ڕایانگەیاند، "لەم جینۆسایدەدا، ئێمە لە كه‌نار حکومەتی فاشیستی ئیسرائیلدا وەستاوین".

کەسانێک کە تا ئەمڕۆ لەکەنار حکومەتی ئیسرائیلدا، لەم کۆمەڵکوژیەدا ڕاوەستاون و ڕێگایان بۆ خۆش کرد. سبەی ڕۆژ ئەمانە لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی ئیسرائیل و فاشیستە لغاوپچڕاوەکانی ئیسرائیلدا، لە نمونەی بن گوێر، لە دادگای بەشەریەتی موتەمەدیندا، دادگایی دەکرێن.

چەند ساڵ فشاری بەشەریەتی موتەمەدین، ناڕەزایەتی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهاندا لە دژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، بە تایبەتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم سەد ڕۆژەی دوایی لە دژی کۆمەڵکوژیەکەی حکومەتی ئیسرائیل، ڕێگرتن لە ناردنی چەک و ئیمکانات بۆ ئیسرائیل، داخستنی بەندەر و فڕۆکەخانەکان و تا گوشار خستنەسەر دەوڵەتەکان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و دادگای لاهای، بۆ ڕاگرتنی ماشێنی ئەم ئینسانکوژی و کۆمەڵکوژییەی حکومەتی ئیسرائیل، سەرەرای مقاوەمەتی هێزە کۆنەپەرستەکان، سەرەنجام بە ئاکام گەیشت و لە زاری دادگای لاهایه‌وە پاشەکشەیەکی بەسەر ئەم فاشیزمە لغاوپچڕاوەدا داسەپاند.

 

خەڵکی مرۆڤدۆست، عەدالەتخواز، دژە فاشیست و چینی کرێکاری جیهانی، نیشانیاندا کە تاکە پشتیوان و هاوپەیمانی بەهێزی خەڵکی فه‌ڵه‌ستینن و تاکە هیوا بۆ ڕێگرتن لە فاشیزمی ئیسرائیل و چارەسەرکردنی پرسی فه‌ڵه‌ستین ئەمڕۆ لە ئه‌ستۆی ئه‌واندایه‌. نیشانیاندا هێزی بزوتنەوەی جیهانی بۆ بەرگری لە خەڵكی فه‌ڵه‌ستین، لەوە مەزنترە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و حکومەتی ڕەگەزپەرست و زایۆنیستی ئیسرائیل بتوانن بە گوشارخستنە سەر دادگای لاهای، یاری پێ بکەن. ئەم هێزە مرۆییە مەزنە، ڕێگای لە داخستنی دۆسیەی جینۆسایدی حکومەتی ئیسرائیل لە دادگای لاهای گرت و پاشەکشەی بە حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی کرد. لەژێر فشاری ئەم بزوتنەوەیەدا، ئەمڕۆ دۆسیەی بەشداریکردنی سەرکردەکانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا لە تاوانەکانی جەنگیدا لە دادگاکانی ئەو وڵاتانەدا لە تاووتوێ کردندایە.

سەرکردەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، لەژێر فشاری ڕای گشتیدا، بەناچاری لەگەڵ ئەوەدا کە فریوکارانە ڕایانگەیاند "رێز لە بڕیاری دادگا" دەگرن، بەڵام تەنها ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای لاهای، بە پێی ئیدعای حکومەتی ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەی کە "١٢ کەس لە کارمەندانی ئینروا"، ئاژانسی گەیاندنی هاوکاریەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین، (لەنێو ١٣هەزار کارمەندی ئەم دامه‌زراوه‌یه‌دا)، کە گوایە یارمەتی حەماسیان لە ٧ ی ئۆکتۆبەردا داوە، حکومەتی ئیسرائیل داوای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەم ڕێکخراوەی کرد و بەدوایدا هەریەک لە ئەمریکا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، فینلاند، ئوسترالیا، هۆڵەندا، سویسرا و ژاپۆن، هاوکارییەکانی خۆیان بۆ "ئینراو" هەڵپەسارد. وڵاتانی بەناو "موتەمەدینی" ڕۆژئاوا تەنانەت ڕۆژێک چاوەڕێی وەڵامی بڕیاری دادگاکەی خۆیان، "دادگای لاهای"، سەبارەت بە گەرەنتی دان بۆ گەیاندنی هاوکاریەکان به‌ خەڵکی فه‌ڵه‌ستینیان نەکرد.

ئەمە لە دۆخێکدایە کە تا ئێستا هیچ تاوانێک نەسەلمێنراوە، هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە و هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ سەلماندنی ئیدیعاکەی ئیسرائیل نەکراوە. ئەمە تۆڵەی سەرانی "جیهانی شارستانی"یە لە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین و ئه‌و ملیۆنه‌ها کەسەی کە بۆ ئازادی ئەو خەڵکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەمە سزای بەکۆمەڵی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین و دەرکردنی بڕیاری مەرگی شێنەییە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە كه‌ بۆ ڕزگارکردنیان لە برسێتی و مردن لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە پاڵپشتی دەکرێن. سزادانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە ڕێک لە دۆخێکدا کە به‌هۆی برسێتی و نەخۆشی و سەرماوه‌ مەترسی مه‌رگیان لەسەرە. ئەمە ئیتر تەنیا پشتیوانی و بەشداریکردن نییە لە جینۆسایددا، بەڵکو ڕێک و ڕاستەوخۆ کۆمەڵکوژیە لە دژی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین .

 هیچ قۆناغێک وەک ئێستا، ڕووخساری ناشرینی "جیهانی شارستانی"، "جیهانی ئازاد" و فریوکارییه‌کەی سەبارەت بە "بەرگریکردن'' لە مافی ژیان و بەها ئینسانییەکان و مرۆڤدۆستی،  و تەنانەت"مافی مرۆڤی" ساختەیان هێندە ڕوون و قێزەون لەپێش چاوی جیهان دەرنەکەوتووە. چیترهیچ ڕادەیەک لە تاوان و بەربەرییەتی "دیموکراسی ڕۆژئاوایی" خەڵکی موتەمەدین و دادپەروەری جیهان تووشی سەرسوڕمان ناکات. "جیهانی شارستانی" هەموو سنوورەکانی دڕندەیی، تاوان، دووڕوویی، داڕمانی ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژی و سیاسی تێپەڕاندووە.

 

ئێمە سێ حیزبی کۆمۆنیستی-کرێکاری ناوچەکە، هاوڕێ لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، هاوشانی حیزب و ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازەکان، دامەزراوە ئینساندۆست و ئازادیخوازەکان و خەڵکی موتەمەدینی جیهان، خوازیاری ئەم هەنگاوه‌ ده‌سبه‌جێیانه‌ی خوارەوەین:

 

١/ ڕاگرتنی شەڕ و وەستانی دەستبەجێی بۆردومانی کەرتی غەززە!

٢/کۆتاییهێنانی دەستبەجێی گەمارۆی ئابوری  له‌سەر خەڵکی کەرتی غەززە و دەستپێکردنەوەی هاوکاری حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئینروا.

٣/ ناردنی دەستبەجێی هاوکاریە دەرمانی و پزیشکیەکان و خۆراک و... هیتر بۆ کەرتی غەززە!

٤/ نه‌هێشتنی ده‌ستبه‌جێی دیارەی سەربازی و  کشانەوەی پاپۆڕەکانی ئەمریکا و هێزی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە!

٥/ کشانەوەی دەستبەجێی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان و گەڕانەوەی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین بۆ شوێنی کار و ژیانی خۆیان و ڕاگرتنی هەر هەڕەشەیەک لە دژی ئەوان!

٦/ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان تا ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگای لاهای سەبارەت بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین.

٧/ پچڕانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل تا ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگای لاهای سەبارەت بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین.

٨/  قەدەغەکردنی ناردنی هەر چەک و هاوکارییەکی سەربازی بۆ ئیسرائیل. هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازی بۆ حکومەتی ئیسرائیل دەبێ بە تاوان دابنرێت.

 

زامنكردنی هەر ڕادەیه‌ك لە پێشڕەوی و سەپاندنی هەر بەشێک لەم خواستانە، گرێی خواردووە بە هاتنەمەیدانی بەهێزی چینی کرێکار، مانگرتنە کرێکاریەکان و لە مەیداندا مانەوەی خەڵکی موتەمەدین و فشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و  پشتیوانانی ئیسرائیلەوه‌. ئەم قۆناغە دەریخست کە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای لاهای و "ڕێککەوتنەکان" و "یاسا نێودەوڵەتییەکان" نەک تەنها بۆ حکومەتی ئیسرائیل، بەڵکو بۆ حکومەتەکانی ڕۆژئاواش هیچ شەرعیەتێکیان نییە كاتێك بەرژەوەندییەکانیان دێته‌ پێشه‌وه‌. کۆنەپەرستی جیهانی و بازرگانانی جه‌نگ له‌ ناوچەكه‌ خۆیان هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەو تاوان و دڕندەییانەن کە لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بەسەر خەڵکی فه‌ڵه‌ستیندا داسەپاوە.

ئێمە بانگهێشتی چینی کرێکاری جیهانی، ڕێکخراو و سەندیکاکرێکارییەکان، حزب و ڕێکخراوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی موتەمەدین دەکەین کە بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەم خواست و هەنگاوانە و کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین و به‌ ده‌ستهاتنی مافی ڕەوای ئەوان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ژیانێکی ئازاد و سەلامەت.

 

حیزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق

حزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان

حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

٣١/١/٢٠٢٤

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu