دەربارەی ئامادەبوونی لە بەردەم دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامێک لە هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی یەوە

وەک لە ڕابردوودا هەمیشە داکۆکیمان لە سەروەریی یاسا کردووە و باوەڕی تەواومان وابووە کە نابێت هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە بێت، بۆیە دوای پیلانگێڕییەکەی ٨ـی تەمووز بە مەبەست چەند تۆمەتێک ئاراستەی ئێمە و براکانم کرا، هەر بۆیە ئەمڕۆ من و براکانم چووینە دادگای سلێمانی و لە بەردەم دادوەرە بەڕێزەکاندا ئامادەبووین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان کرابوو، دوای وەرگرتنی وتەکانمان و پێشکەشکردنی بەڵگە یاساییەکانمان و سەلماندنی بێتاوانی خۆمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادکردنی داین. لێرەوە دەمەوێت هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دڵنیابکەمەوە کە من هەمیشە خۆم بە خزمەتکاری یەک بەیەکتان زانیوە، هەرگیز خۆم لەسەروو یاساوە نەبینیوە، هەمیشە باوەڕم وابووە کە بەشێکی زۆر لە دادوەرە بەڕێزەکان سەربەخۆیی خۆیان و دادگاکانی کوردستانیان پاراستووە و ڕێگە نادەن تێوەبگلێن لەو گەمە قێزەونە سیاسییانەی دەگوزەرێن.

دووپاتی دەکەمەوە کە یاسا لە سەروو هەموومانەوەیە و لە هەر پلە و پۆستێکدابین، دەبێت ڕێز لە بڕیاری دادگا و دادوەرە بەڕێزەکان بگرین. بۆیە دەبێت هەموو بەرپرسەکانی ئەم هەرێمەش ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن و خۆیان لەسەروو یاساوە نەبینن و ملکەچی یاسابن. کێشە سیاسییەکان کۆتایی دێت ھانی ھەمووان دەدەم بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان ڕوو لە دادگاکان بکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆڵی دادگا و دادوەرە بەڕێزەکانە کە لە ھەموو قۆناغێکدا بەرگری لە سەربەخۆیی خۆیان و دادگاکان بکەن چونکە ھەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە.

لاهور شێخ جەنگی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu