لەبارەی بێئاوی و خۆپیشاندان و ناڕەزەیەتیەکانی چەند گەڕەکێکی زەحمەتکێشی شاری هەولێرەوە
خۆپیشاندان و كۆبوونهوهی ناڕەزایەتی دانیشتوانی هەژارنشینی باداوا و فەرمەنابەران و چەند گەڕەکێکی تر، لەدژی نەبون و کەمی ئاو لە شاری هەولێر جارێکی تر ڕقوتورەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵکاراندا هێنایەکایەوە و ئەو پەیامەی دا کە چیتر ژیان لەسایەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەدا قابیلی قبوڵ نییە، کە لەلایەک بەهەشتێکی بۆ سەرمایەداران و بەرپرسیارانی حکومەت و خاوەن کۆمپانیاکان دامەزراندووە و لەولاشەوە جەماوەرێکی بەرینی بێبەشکردووە لەسەرەتایترین پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، کە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە.
حکومەتی هەرێم، کە سی ساڵە ژیانی خەڵک دەهاڕێ و توانای دابینکردنی ئاوی بۆ خەڵکی بندەستی نەبێت، سەلمـێنەری ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات و حکومەتی سەرمایەدارانە و ژیان و بژێوی خەڵکی کرێکار و زەحەمتکێشی لەسەر بنەمای تاڵانچێتی و کۆکردنەوەی سەرمایە و جیاکاری چینایەتی دامەزراندووە و تەواوی جومگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵایەتی خستۆتە خزمەتی کۆکردنەوەی سەرمایە لە دەستی بەرپرسانی حزبی و هەر دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیدا و بە یەکجاریش خۆی لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەدابین کردنی پێداویستیەکانی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان دزیوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی لێگرتنەوەی حکومەت و هەڕاجکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەژێر ناوی چاکسازیدا، هێندەی تر ژیانی خەڵکی کەمدەرامەتی لەتەنگانەیەکی تەحەمولنەکراودا، راگرتووە. وەک بەرئەنجامێکیش لەم واقعیەتە ئەوە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خەڵکە کە لەبەرامبەر ئەم بێمافی و جیاکاریە چینایەتیە، بۆ خواستێکی بەرهەق پێدەنێتە مەیدانەوە و ڕێگاکان دەبەستێت.
بێگومان ڕقوتوڕەیی خەڵکی مەحرومی باداوا و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری هەولێر، لەبەرامبەر نەبوونی ئاودا، ڕقوتورەیی و دەرد و غەمی هاوبەشی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و ئەڵقەیەکی ترە لەو جوڵانەوە ناڕەزایەتیەی کە خەڵکی کرێکار و زەحەمتکیشی کوردستان بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو لەدژی نەدانی موچە و هەژاری و بێکاری و گرانی بەنزین و نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاریەکان، یەخەی دەسەڵاتدارانی پێگرتووە. ئەمڕۆ ئەم جوڵانەوە و ئەم ناڕەزایەتیەی جەماوەر، نەك هەر ئەو باوەڕەی دروستکردووە کە بەڵێن و پاساوەکانی دەسەڵاتداران، بێبنەما و درۆیەکی ئاشکرایە و ناتوانێ هیچ باشبونێک بەسەر ژیان و بژێوی خەڵکدا بهێنێ، بگرە ڕقو توورەییەکانی خەڵکی کرێکار و بێبەشی بەوپەڕی خۆی گەیاندووە و دۆخی ئێستای کوردستانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ڕاگرتووە و درەنگ یا زوو بەڕووی دەسەڵاتداراندا دەتەقێنێتەوە.
کرێکاران جەماوەری مەحرومی کوردستان!
بەهرەمەندبوونی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان لە ئاو و کارەبا و موچە و خزمەتگوزاریەکان و لە ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران مافێکی بێئەملاولایە، بەڵام خۆپیشاندان و جوڵانەوەی ناڕەزایەتی ئێوە و هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەتان لەدژی بێئاوی و تا گەیشتن بە ژیانکی خۆشگوزەران و ئاسودە، ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نییە و دەبێ بەسەرکەوتن بگات. هەنگاوی خێراش لەم ڕاستایەدا ئیرادەگرتنی جەماوەریە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتیمان لهلایهن خۆمانهوه، نهك مشهخۆرانێكی سهرمایهدار كه ساڵههایه لهسهر ژیانی ئێمه ههتادێ خۆیان دهوڵهمهندتر دهكهن. لەمڕاستایەشدا دەبێ لەدەوری یەک کۆببینەوە و نوێنەرانی خۆمان هەڵبژێرین و خۆمان لە شوراکان و ئەنجومەنە جەماوەریەکاندا، لە ئاست گەڕەک و ناوەندەکانی کار و زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا ڕێکخراو بکەین و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەدەستەوه بگرین. دەبێ ڕیزی سەربەخۆی ئەم ناڕەزایەتیانە بپارێزین و ڕێگا نەدەین بەو حزب و لایەنانەی کە کۆرپەی باوەشی هەر ئەم دەسەڵات و سیستەمەن و لەنێو هۆڵەکانی پەرلەمانەوە داکەوتون و بۆ “کۆکردنەوەی دەنگ” لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا، ناڕەزایەتیەکانمان بەلاڕێدا ببەن. یاخود لهژێر ناوی خێر و سهدهقهی ئهم دهزگای خێرخوازی و ئهو لایهنی سیاسیدا و به دابینكردنی كاتیی ئاو و بهنزین و پێداویستیهكانی ترمان ناڕهزایهتیهكان لاواز بكهن و بیخهنه قازانجی مهرامی سیاسی خۆیان… بەدڵنیاییەوە هێزی ئامادە بەکاری گەنجان و پسپۆڕی و هوشیاری جەماوەر، لەپاڵ داهاتی زۆروزەبەندی کوردستاندا ئەو ئیمکانەی فەراهەمکردووە کە دەتوانرێ جۆرێکی تر لە ژیان و سیستەمێکی ئینسانی و عادلانەتر دامەزرێ، تهنها مهرجێك كه زهمانهتی ئهمه بكات ئهوهیه لەلایەن خودی جەماوەر خۆیانەوە کۆمەڵگا بەڕێوەببرێ.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان