حاكم قادر: نابێت كێشەكان دورمان بخاتەوە لە هەوڵدان بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداری

ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٨/١٠، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسيی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی نیشتمانيی كوردستان له‌ میانی به‌شدارییكردنی له‌ سیمینارێكدا دەربارەی سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە ژمارەیەك لە گەنجان و لاوانی ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری تیایدا بەشداربوون، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و باسى لە كێشەكانی ئەم دواییەی یەكێتی كرد و ڕایگەیاند، یەكێتی لە هەموو كەسێك و گروپ و دەستەیەك گەورەترە و نابێت كێشەكان ببنە هۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو حزبە تیكۆشەر و خاوەن سەروەرییەی كە مام جەلال ڕابەرایەتی دەكرد.

وتیشی، دەبێت كێشە ناوخۆییەكان بە كراوەیی نەهێڵێرێنەوە و هەموو هەوڵێك بخریتەگەڕ بۆ چارەسەكردنیان، ئەوەش لە پێناو بەهێزبوونی یەكێتی و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێبازەی یەكێتی و پڕانسپە جێگیرەكان كە (ی. ن. ك) دایڕشتوەو خەباتی بۆ كردووە و قوربانی زۆریشی لەو پێناوەدا داوە.

جەختیشی كردەوە كە ئێستا هەرێمی كوردستان و ناوچەكە لە بەردەم تەحەدیاتی گەورەی سیاسی و ئابوریدایە و بەهیزبوونی یەكێتی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانە و لاوازبوونیشی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكان، بۆیە خەڵك چاوەڕوانی تێپەڕاندنی دۆخەكەیە لەپێناو پاراستنی یەكێتی و یەكڕیزی یەكێتیدا.

حاكم قادر ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت كێشەكان بە زوویی چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئاڵانگاریی و بارودۆخێك ببێتەوە.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەكرد، نابێت كێشە و ناكۆكی و ململانێكان، دورمان بخەنەوە لە ئامانجە سەرەكییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتیین لە كاركردن بۆ باشكردنی بژێوی خەڵك، ئاوەدانی، خزمەتگوزاری، ئازادی بیروڕا، ئارامی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و دەستكەوتە باڵا نەتەوەییەكان.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu