دهقی پهیامهكهی:
حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لەسەر لوتکەی بەرزترین چیاکانی کوردستان، گوڵی شنگال هەڵوەرێنرا، سەدان هەزار منداڵ و کچ و گەنج و پیری ئێزدی لە شنگال کەوتنە بەر شاڵاو و پەلاماری چەکدارە تیرۆریستە دڕندەکانی داعش و جینۆساید کران، کە بۆ هەمیشە بە ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی پڕ قوربانیی ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و خەم و ئازار و برینی قووڵی ئەو تاوانەش لە دڵ و دەروونی هەموو شنگالییەکان و خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی جیهان بە ئاسانی ساڕێژ نابێت.
ئەمڕۆ، کە ساڵیادی کارەساتی شنگال دەکەینەوە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەشێکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکانمان، لە ئاوارەیی و دەربەدەری و کامپەکاندا ژیانێکی پر لە ئازار بە ڕێ دەکەن و ناوچەکەشیان بەهۆی ململانێی نێوخۆیی و دەرەکییەوە، سەقامگیری بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.
لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. هاوکات داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بکاتەوە و ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە و کاری جدی بکرێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و ڕزگارکردنی رفێندراوان و چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی ململانێکانەوە شنگال بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و خەڵکی ڕەسەن و دڵسۆزی ناوچەکەش پشکی گەورەیان پێبدرێت لەناو هێزە ئەمنییەکاندا بۆ پاراستنی شنگال، هاوکات داوا دەکەین، ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرس بوون لە ڕوودانی کارەسات و جینۆسایدکردنی شنگالیەکان، ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
هەر لەم ساڵیادەدا بە پێویستی دەزانم جارێکی تر سوپاسی دڵسۆزی و نەبەردیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بەرخۆدانی چەکداری بکەم کە بە پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیان ئێزدییەکانی چیای شنگال بپارێزن و ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن .
دروود و نەمری بۆ شەهیدانی شنگال
سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان