زۆری نەخایاند بەدوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکای تازە( دۆناڵد تڕەمپ) لە کۆشکی سپی، بۆ قەدەغەکردن وڕاگرتنی سەفەر بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ بۆ هاووڵاتیانی ٧ ووڵاتی( ئێران، عێراق، سوریا، سودان، لیبیا، یەمەن، سۆماڵ). پاش لێکەوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز لەسەرتاسەری دنیا و ناوخۆی ئەمەریکا لەبەرامبەر ئەم بڕیارە ڕاسیستیانەیدا. لەهەمان کاتدا بەرەی ڕاستی کۆمەڵگا پشتیوانیان لەم بڕیارە دەربڕی وخۆشحاڵ بوون بەبڕیارێکی لەم جۆرە، کەدەرگا دەکاتەوە سەرپشت بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتی ڕاست ونوێنەرەکانیان لەحیزبە سیاسیە ڕاستڕەوەکان کە لەئێستادا لەهەڵکشاندایە لەئەوروپا وئەمەریکا.
هەر دوای ٢ ڕۆژ لە بڕیارەکەی کۆشکی سپی، تاوانێکی تیرۆریستی بەدەستی یەکێک لە گەنجە توندڕەوەکانی کەنەدا بەناوی( Alexander Bissoneite ) کەخوێندکاری زانستە مرۆییەکانە لە زانکۆی لاڤاڵ لە شاری کیبەک، وەناسراوە لەناو بزووتنەوەی ڕاستڕەوی ودژی بێگانە و دژ بەفیمینزم لەزانکۆدا.
ئەوەبوو ڕۆی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەری ٢٠١٧ پێش کاتژمێر ٨ی ئێوارە، بەچەکی (کەی ٤) هێرشێکی تیرۆریستی کردە سەر مزگەوتی سەنتەری کەلتوری ئیسلامی لە کیبەک( Centre Cultural Islamique de Quebec) کە ئامادەبوان سەرقاڵی نوێژی شێوان بوون. دوای دەستڕێژی بۆسەرئامادەبوان ٦کەس گیانی لەدەستدا و١٩ کەسیش بریندار بوون کەبرینی ٢نیان سەختە. جێی باسە کە هەموو قوربانی و بریندارەکان پیاون و تەمەنیا لە نێوان ٣٩-٦٠ ساڵە.
سەرمایەداری ودەسەڵاتەکەیان هەرڕۆژەی مەرگەساتێک بۆ دانیشتوانی ئەم سەرزەمینە دەخوڵقێنن وترس وتۆقاندن وتیرۆر دەکەنە ژەمێکێ ئینسانەکانی. ئەوەتانێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وسەرتاسەری جیهان نائەمنی دەخەنە هەموو کونج وکەلەبەرێکی ئەم دنیایە. لەپاڵیەوە بزووتنەوەی ڕاسیستی سەری هەڵناوە و بەرەوهەڵکشان دەچێی ونوێنەرەکانیان لەباڵی ڕاستی کۆمەڵگادا حیزبەکانیان لەکێبڕکێی دیمۆکراسی وهەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بەدەست دێنن، کە سەرۆکی ئەمەریکا یەکێکیانە.
بۆیە دەبێت لەبەرامبەر ئەم نیزامە بەگشتی وئەم بزووتنەوەی ڕاسیستیەدا، بەرەی ئازایخواز ومرۆڤدۆست و کرێکاران وزەحمەتکێشان وکۆمۆنیست وسۆسیالیستەکان یەک ڕیز وڕێکخراو بێنە مەیدان و ڕێگە نەدەن بەربەریەت جێگای کۆمەڵگای مەدەنی و پێشکەوتوخواز بگرێتەوە.
ئێمە لەهەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراقدا ئامادەین لەپێشەوەی ئەو بەرەیەدا خەبات بکەین و ڕێگا چارەکان بخەینە ڕوو.
لێرەوە بەناوی ڕێکخراوی کەنەدای هەردوو حیزبەوە سەرکۆنەی ئەوکارە تیرۆریستیە دەکەین وبەدژی ئینسانی دادەنێین. وەبانگەواز دەکەین کە خەڵکی ئازادیخوازی کەنەدا فشاربخەنە سەر حکومەتی کەنەدا کەچیتر ڕێگەنەدا لەژێر ناوی مەڵتی کەڵچەریدا بزووتنەوە توندڕەو و مەزهەبی و قەومی و. . . تاد بەئاشکرا و بەیاسایی کارو هەڵسوڕان بکەن وژەهری دژی ئینسانی جیاکاری ئینسانەکان بڵاوبکەنەوە.
بژی بەرەی دژی تیرۆر و ڕاسیسزم
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق/کەنەدا
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/کەنەدا
٣١ی جەنیوەری ٢٠١٧