کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە کە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەم دەهێندرێت و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن بەلجیکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دابینکراوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بودجەی فیلمەکە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرج دەکرێت.
لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو مانگی تەممووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لۆکەیشنەکانی وێنەگرتنی فیلمەکە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر دەبێت.
ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە حسێن حەسەن، زەهرا غەندور، ئەسیر عادل و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبن.
کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە بەهێزترین کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا، یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.
"مێسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن لیۆنێل مێسییە.
ئەم فیلمە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە، لە ئێرانیش قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکرا.
لە 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "مێسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.
بڕیاربوو کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک تەواوی بەرهەمە سینەماییەکانی دیکە لە جیهاندا کاریگەری لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.
ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" کە 12 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.
سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "مێسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم، ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا.