بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و ئێرانی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە سینەماکارانی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
سینەماکارانی کورد لە تەنیشت سینەماکارانی ئێرانی هەموو ساڵێک لە خولە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر بەشدارییان کردووە و بە بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیان خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای ئێرانیان بەدەستهێناوە کە گرینگترین خەڵاتی سینەمای ئێران دێتەئەژمار.
"محەمەد حەیدەری" بەڕێوەبەریی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وتارێکدا سەبارەت بەم ڕووداوە گەورەیەی سینەمای ئێران نووسیوییەتی: سینەمای ئێران هەڵوەدا بەرەوپێشەوە دەڕوات و لاوانی چالاک، بە دنیایەک وزە و ئەندێشەی نوێوە هێواش هێواش سەرهەڵدەدەن. لاوانێک کە دەست لە ناو دەستی خۆشەویستی و توانای مووسپییەکانی بواری هونەر، گەورەکان و پێشەنگەکانی سینەما و ڕوانینیان بە سبەی و دڵەکانیان لە دوێنێ و مێژووی پڕ لە شانازی سینەمای ئێراندایە. ئەوەیە رەمز و ڕازیی ئەم هەمووە سەرکەوتنانەی سینەمای ئێران، سینەمایەک کە پێی لە ناو دابوونەریتە کۆنەکان و دەستی لە نوێبوونەوە و مودڕێنیتەدایە.
هەروەها نووسیوییەتی: سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر، جەژەنی رێزگرتن لە گەورەکانی سینەما و کارنەڤاڵی هاتنەناوەوەی بەورەی لاوانی چالاک و بەشعووری ئەم نیشتمانەیە. ئەم حیماسە پڕشکۆیەی ئەمساڵی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی "ڕوانینی سینەمای ئێران"، "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" (سەودای سیمورغ)، "فیلمی هەڵبژاردەی بینەران"، "سینەمای حەقیقەت" (پێشبڕکێی بەرهەمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان) و "پێشبڕکێی راگەیاندن و ریکلام" بەڕێوەدەچێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەران پێکهاتوو لە سینەماکاران و بیرمەندانی فەرهەنگی و هونەری لە بەشی "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" واتە "سەودای سیمورغ" لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین پێشکەش دەکەن، لەوانە: باشترین فیلم بە روانینی نەتەوەیی، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری رۆڵی یەکەمی پیاو، باشترین ئەکتەری رۆڵی یەکەمی ئافرەت، باشترین ئەکتەری رۆڵی تەواوکەری پیاو، باشترین ئەکتەری رۆڵی تەواوکەری ئافرەت، باشترین وپنەگرتن، باشترین مونتاژ، باشترین موزیک، باشترین دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و جلووبەرگ، باشترین میکیاژ، باشترین دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان و دیمەنە وێنەییەکان، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران، خەڵاتی تایبەتی بەهرەمەندی درەوشاوە بۆ ئەو دەرهێنەرانەی کە فیلمی یەکەمیان سازکردووە و هەروەها خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی باشترین وێنەی فۆتۆگرافەری فیلم.
سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵیندی سینەمایی، دیکۆمێنتاریی و ئەزموونی لە سینەماکارانی بوناوبانگ و لاوی ئێرانی و بە نمایشی 28 فیلم لە بەشی "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" (سەودای سیمورغ)، 11 فیلم لئ بئشی "ڕوانینی سینەمای ئێران"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای حەقیقەت" (پێشبڕکێی بەرهەمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان) و هەروەها "پێشبڕکێی راگەیاندن و ریکلام" لە رۆژانی 31ی ژانوییە تاکوو 10ی فێبرییەی 2017 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی تاران و پەردیسە سینەماییەکانی ئەم شارە و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت.