بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە گوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ڕاگیراواندا دەكرێت و دەشڵێ: "بنكەیەكی تەندروستیمان هەیە كە ڕاگیراوان دەتوانن سەردانی بكەن و، ئەگەر نەخۆشییەكەیشیان لەوێ چارەسەر نەكرا، ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی دەرەوە دەكرێن".
مقەدەمی مافپەروەر خەسرۆ غازی خۆشناو، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەو كەسانەی لای ئێمە دەگیرێن، پێیان دەگوترێت ڕاگیراو، واتا چاوەڕێی دادگاییكردنی دەكەین، جا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەوە بگرە تا دەگاتە دادگاییكردن و حوكمدان، ئەو وەختیش پێی دەگوترێت سزادراو".
خۆشناو گوتیشی: "ئەو كەسانەی كە پێشتر تاوانیان كردووە و ئازاد كراون و دواتر دووبارە تاوانیان ئەنجام داوەتەوە، ڕێژەیەكی زۆر كەم لامان هەیە، بەڵام ئەو كەسانەی لای ئێمەن لە بەشی گرتن و گواستنەوە، ناتوانین پێیان بڵێین تاوانبار، بەڵكوو ڕاگیراون".
بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر، سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی تاوانیش ڕوونی كردەوە: "لە هەر شارێك ڕێژەی دانیشتووان زیاد و كەم بكات، ڕێژەی تاوانیش بەرز و نزم دەبێتەوە و لە گۆڕاندایە، بێگومان زۆر هۆكاریش ڕۆڵیان لە ئاستی تاوانەكاندا هەیە، بۆ نموونە هۆكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەوەش جیاوازی هەیە لە رێژەی تاوان لە نێوان وەرزەكاندا، بۆ نموونە هاوینان و بەهاران زیاتر خەڵك دەچێتە دەرەوە و گرفتی زۆرتریش دروست دەبێت".
مقەدەم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ڕاگیراوەكانی لای ئێمە تۆمەتەكانیان هەمەجۆرن و هیچ تاوانێكیش كە لەلایەن ڕاگیراوەكانی لای ئێمەوە ئەنجام دراوە، دیاردە نییە، بەڵكوو هەموو تاوانی ئاسایین".
سەبارەت بە سەردانیكردنی ڕاگیراوانیش گوتی: "هەفتانە 2 رۆژ دەرفەت بە كەسوكاری ڕاگیراوان دەدرێت سەردانیان بكەن، كە دووشەممان تایبەتە بە ئافرەتان و پێنجشەممانیش تایبەتە بە پیاوان، هەروەها ئەو كەسانەی سەردانی ڕاگیراوەكان دەكەن، تەنیا خزم و كەسوكاریان نین، بەڵكوو دەرفەت بە هەموو كەسێك دەدرێت سەردانیان بكات".
لەبارەی ڕێگادان و شوێنی تایبەت بە هاوسەری ڕاگیراوان تا بتوانن (جیماع) لەگەڵ هاوبەشی ژیانیان بكەن، خۆشناو هێمای بۆ ئەوە كرد: "بەو پێیەی ڕاگیراوان ماوەی زیندانیكردنەكەیان كەمە، ئەو شوێنە لای ئێمە نییە، بەڵكوو تایبەتە بە چاكسازیی گەوران و لەوێ ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر".
لەمەڕ ڕاگیراوە بیانییەكانیش كە بە چ شێوەیەك دەتوانن پەیوەندی بە خێزانەكانیانەوە بكەن و چۆنیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر زانیاریی دا: "هەموو ڕاگیراوێك بەپێی یاسا بەركارەكانی ئێرە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و، لە نێو ڕاگیراوەكانیشدا ئێرانی، سووری، توركی و خەڵكی بیانی بە گشتی هەن. وەك هەر ڕاگیراوێكی دیكەیش، ماف و ئەركیان هەیە بێ كەم و زیاد و تەنانەت دەتوانن پەیوەندیی بە كۆنسووڵگەرییەكانی وڵاتەكانیشیان بكەن و هەروەها لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییشەوە پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن".
دەشڵێت، "ئێمە دەرگامان بۆ هەموو ڕێكخراوە مرۆیی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كراوەیە تا ئەوانیش ئاگایان لە ڕەوشی ڕاگیراوان بێت و بەدواداچوون بكەن، هەروەها هەماهەنگییەكی باشیشمان لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكانی دیكە و لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیشدا هەیە".
سەبارەت بە چارەسەركردنی ڕاگیراوانیش، مقەدەم خەسرۆ ڕایگەیاند: "بنكەیەكی تەندروستیی گرتن و گواستنەوەمان هەیە كە هەموو پێداویستییە پزیشكییەكانی تێدایە و ڕاگیراوان هەموو كاتێك دەتوانن سەردانی ئەو بنكە تەندروستییە بكەن، ئەگەر هاتوو نەخۆشییەكەیشیان لەو بنكەیەدا چارەسەر نەكرا، ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی دەرەوەی بەشی گرتن و گواستنەوە دەكرێن و لەوێ چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت، تەنانەت ئەگەر نەشتەرگەرییش بێت، كە بێگومان خەرجییەكەیش لە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمە".
ئەو هەروەها گوتیشی: "بە گوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ڕاگیراواندا دەكرێت، چونكە یاسا كە سزای بۆ داناوە، مافی ژیانیشی بۆ فەراهەم كردووە، لە بەشی گرتن و گواستنەوەی هەولێریش، هەموو خزمەتگوزارییەكی وەك تەلەڤزیۆن و سەتەلایت، شوێنی شیاو بۆ خەوتن و تەنانەت كتێبخانەیشیان بۆ دابین كراوە، ئەمە جگە لەوەی گرتووخانەكەیشمان مۆدێرنە و بەپێی ستانداردی جیهانی بنیات نراوە، كە ڕەچاوی سەرجەم مافەكانی مرۆڤی تێدا كراوە".
ئومێد بابان