عەللاوی ئێران بە بەرپرسی نائارامییەکانی عێراق دەزانێت. . .

جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، حکومەتی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە بەرپرسە لە شەڕ و نائارامییەکانی ناوخۆی عێراق. سایتی (العالم)ی ئێرانی دیمانەیەکی ئەیاد عەللاوی جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی بڵاو کردەوە کە تیایدا عەللاوی ئاماژە بە هەڵەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و هیواخوازە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵەکانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی قەرەبوو بکاتەوە.

سەرچاوەکە بەشێک لە لێدوانەکەی ئەیاد عەللاویی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت "هەڵەی سەرەکیی ئۆباما دوورکەوتنەوە بوو لە عێراق، لەکاتێکدا بەغدا پێویستی بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو، لەوکاتەدا عێراق توانای ئەوەی نەبوو لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە ئێران سپارد"، هەربۆیە عەللاوی ئێران بە هۆکاری شەڕ و نائارامییەکان دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات کە "بەهۆی سیاسەتی ئەوکاتی سەرۆکی ئەمریکا، لایەنگرانی ئێران لە عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست".

شایانی باسە، ئەو لێدوانەی ئەیاد عەللاوی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، لەکاتێکدایە کە حکومەتی بەغدا پێشوازی کردووە لە بوونی هێزەکانی ئێران لە ناو عێراق وەک ڕاوێژکاری سەربازی و جەختیان لەسەر پێویستیی بوونی ئەو هێزانە لە شەڕی داعشدا کردووەتەوە. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu