دیندار زێباری ڕایگەیاند ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیرکراون وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار
رۆژی1/2/2017 مالپهری فۆرین پۆلیسی راپۆرتێکی بەناوی (هەرێمی کوردستان منداڵان ئەشکەنجە دەدات) بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کاری تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون و تێیدا دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵانە تۆمەتبار دەکات.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان و ئاوارە بوون سەدان هەزار کەسی ناوچە جیاجیاکانی عێراق و پەنابردنیان بۆ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رزگار بوونیان لە دەست تیرۆریستان داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنی گرتۆتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ئەو ئاوارە و راگوێزراوانە و ئاسایشی شارەکانی هەرێم، هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە هیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەم پێیەش تۆمەتبارەکە وەک مافێکی خۆی بۆی هەیە پارێزەرێک ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و ئاگاداری کەسوکاری دەکرێتەوە کە ناوبراو گیراوە، دواتر کەیسەکە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی بەپێی یاسا. هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنی هەر گومانلێکراوێک ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواوکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکە بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەكانی هەرێم بكەن ئەوا لە هەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانن، بەڵام پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم لە كارە هەرە لە پێشینەكانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە.
زێباری ئەوەی خستەروو کە لە کوردستان تەمەنێک دیاریکراوە بۆ دەستگیر کردنی منداڵان و سزادانیان و لەم بارەوە زیاتر وتی: ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە لە هەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بەپێى یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001ى پەرلەمانى کوردستان تەمەنى یاسایى بۆ سەپاندنى سزا (١١) ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەکان واتا کە سەرپێچى بکرێت هۆشدارى پێدەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر، و قورسترین سزاش سپاردنە بۆ ماوەى 5 ساڵ بە قوتابخانەیەکى پێگەیاندن، بەڵام لە هەندێ حاڵەتیشدا نیازى پەیوەندیکردن بە گروپێکى چەکدارى تیرۆریستى هەبێت کە بەپێى یاسا پێى دەگوترێت (شروع) بەڵام کە کۆتایى و ئەنجامى نەبووە ئەوا لێرەدا سزاکە بەپێى تەقدیرى دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزاى لە سێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناکرێت.
زێباری ئەوەشی راگەیاند: دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر کردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵى 2016 لە دادگاى هەولێر نزیکەى (٢٢) دۆسیەى تایبەت بە کەیسى نەوجەوانانى چەکدار یان پەیوەندی کردن بە داعشەوە هەبووە لەوانە (١١) کەیس یەکلا بووەتەوە و ئەوانى دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەو پڕۆسەى دادگاییکردندان و دوا ناخرێن، بەڵام ئەوانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراون و کەیسەکانیان یەکلابۆتەوە و سزا دراون چواردە کەس بوون سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و هەشت کەسیش ئازادکراون، (١٠) کەیسیش یەکلانەکراونەتەوە، هەروەها بە پشت بەستن بە ماددەى (٤٩) یاساى پاراستنى نەوجەوانان دادوەرى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى نەوجەوانان تایبەتە بە بینینى ئەو داوایانە و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکى لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەى دادوەرى ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دچێتە بەردەم دادوەر.
سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن زێباری وتی: بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو و هەر تۆمەتبارێک لەکاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافى هەیە سکاڵا تۆمار بکات دژى ئەو کەسەى ئەشکەنجەى داوە ئەمەش پاڵپشت بە ماددەى (19/ سێیەم)ی دەستوورى عێراقى فیدڕاڵ، بەڵام هەندێک جار گومانلێکراو یاخود تاوانبار کاتێک رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە هان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاکانى پۆلیس وا نیشان بدات کە ئەشکەنجەیان داوە.
هەرکەسێک دەستگیر دەکرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنى تەواو بێت بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێت بەپێى ماددەى یاسایى تایبەت بە تاوانى خۆى و بە هیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نادرێت یان مامەڵەى نامرۆڤانەى لەگەڵ ناکرێت وەک گشت زیندانییەک مافى خۆى هەیە بۆ نموونە هەفتانە دوو رۆژ رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى (صليب احمر) سەردانى گشت بەندکراوەکان دەکات.
هەروەها هەر بەندکراوێک دەتوانێت هەر داواکاریەکى هەبێت بەرزى بکاتەوە لە رێگاى ئیدارەى بەندیخانە یان داواکارى گشتى یان لە رێگاى کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن یان لە رێگاى رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان وەک رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى، لەلایەکی دیکەوە هەر منداڵیك بە هەر هۆكارێك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان وەكو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لە لایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی ونێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و هەوڵدراوە ئەو كەسانە سوودمەند بكرێن لە سیستەمەكانی (فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمەڵایەتی و فێركردنی كاری دەستی). لە كاتی هاتنی ئاوارەکان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ منداڵی بێ سەرپەرشتیار دەكرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت.