سەرکردەیەکی سەربازیی چەکدارانی حەشدی شەعبی وێڕای هۆشداریدان بە هێزەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق ڕایگەیاند جووڵەی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بە ئاگاداریی حکومەتی بەغدا ئەنجام دەدرێت.
لە دیمانەیەکدا کە ئاژانسی الاخباریەی عێراق بڵاوی کردەوە، جەواد ئەلتەلیباوی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی وتی بەغدا ئاگاداری جووڵەی سەربازانی ئەمریکییە لە عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە حەشدی شەعبی ڕێگە بە بوونی هێزەکانی بێگانە لە ناو خاکی عێراق نادات.
ناوبراو لە دیمانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و بەغدا نییە بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە موسڵ یان ناوچەکانی دیکەی عێراق و هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕێگە بە مانەوەی هێزی سەربازیی بیانی لەناو خاکی عێراق نادەن. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەوان بە بێ هاوکاریی ئەمریکا دەتوانن وڵات بپارێزن. ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی هەروەها ڕایگەیاند دوای دەرکردنی داعش، لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕیاری کۆتایی خۆیان ئاشکرا دەکەن.