وەڵامێک بۆ بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ... جەمیل هەورامی

لەسەر ئەو تابلۆیەی لەسەر ڕێگەی خورماڵ-بیارە دامناوە و ئەو قسانەی لەسەر وشک بونی ئەو دارانەی سنوری هەرامان کردومە لە سۆشیال میدیا و دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی کردومە، وەڵامی منی داوەتەوە.
من پێم خۆش بوو خاتوو بێگەرد وەڵامی منی داوەتەوە، ناچاری کردم بە دوور و درێژی وەڵامی بدەمەوە.
۱- ئەو دارانەی کە لەو سنورە بە چەند ساڵێک ڕواندومانە ژمارەیان زیاتر لە ۳۰،۰۰۰ دارە لەم شوێنانە ڕواندومانە: ڕێگای خورماڵ بیارە، دوڕیانی خەرپانی و بۆ ناو دێی خەرپانی، ڕێگای دوڕیانی داری بەرمەڕا بۆ ناو دێی گوڵپ و لەوێشەوە بۆ دێی سەرگەت و هانەی دن. زیاتر لە ۲،٥۰۰ دارم داوە بە خەڵکی دێکۆن و خێڵی حەمە کە لەوێی ڕواندویانە، هەروەها ژمەرەیەک دارم ناردوە بۆ ناوچەی نەوڕۆڵی کە لە یادم نەماوە ژمارەکەیان چەند بووە.
۲- ئەو دەڵێ لە کشتوکاڵ ۲۰،۰۰۰ دارمان داوە بە جەمیل هەورامی بۆ ئەو ناوچەیە. هەرچەندە ۲۰،۰۰۰ دار نەبوە و زۆر کەمتر بووە لەو ژمارەیە، بەڵام لەبەر خاتری بێگەرد خان با بڵێین ۲۰،۰۰۰ بووە. من بۆ ئەو ناوچەیە داری نەمامگەی خۆم زیاتر لە ٦،۰۰۰ دارم بردوە بۆ ئەو شوێنانە و بەڕێز حاجی تاهیری سەرگەتی ژمارەیەکی زۆر داری هێنا بۆ ڕێگای گوڵپ-سەرگەت چونکە ئەوانەی ئێمە بەشی نەکرد و لە پارەی بەڕێزان کاک دکتۆر تایەر هەورامی و کاک حاجی موعتەسەم تەوێڵەیی لیژنەیەک ناردی لە ئێران ۳،۰۰۰ داریان هێنا بۆ تەواو کردنی ئەو ڕێگایانە.
۲،٥۰۰ دارمان لە دوڕیانی خەرپانی بۆ ناو دێی خەرپانی ڕواندوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی خەرپانی بکەم کە بەشی زۆری دارەکان خۆیان ڕواندیان بەڵام چاڵەکان من حەفارەم بۆ بە کرێ گرتن و چاڵەکانمان هەڵکەند.
۳- لە ڕێی بازگەی دەرەشیش تاکو خارگێڵان لە بەهاری ساڵی ۲۰۲۱، ۷،۰۰۰ (حەوت هەزار) دارمان ڕواندوە کە ٤۰۰ داریان هی خۆم بووە. چاڵی هەموو ئەو دارانە کە زیاتر لە ۳۰،۰۰۰ چاڵ بووە، خۆم بە پارەی خۆم حەفارەم بە کرێ گرتووە چاڵەکانمان هەڵکەندوە کە پارەکەیان بڕی زیاتر لە ٦،٥۰۰،۰۰۰ بووە.
هەر جارێکیش کە دارمان ڕواندبێ بە پێشمەرگە دێرینەکان و کارمەندانی مەڵبەندی ۹ی شارەزوور و خەڵکی ناوچەکە بە هەرەوەزی ڕواندومانە. بە سوپاسەوە نزیکەی ۲۰ کرێکاری فەرمانگەی دارستان و پاوەنی بیارە لە هەموو ساڵەکان بەشداریان کردوە و جێ دەستیان دیار بووە.
٤- بەهاری ساڵی ۲۰۲۱، لە ڕواندنی دارەکانی ڕێگای بازگەی دەرەشیش-خارگێڵان ۲٥ کرێکاری فەرمانگەی دارستان و پاوەنی هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا محەمەد لێپرسراوی فەرمانگەکە بەشداریان کردووە و ئەوانی تر پێشمەرگەی دێرین و خاڵکی دێی خارگێڵان بوون. بۆ ئەو ۷،۰۰۰ دارە بە سوپاسەوە ئیدارەی گشتی لەسەر بودجەی خۆیان لە دوڕیانی خەرپانی بیرێکیان بۆ هەڵکەندین و دۆستێکی خۆم ترومپایەکی ۲ ئینجی بۆ کڕین و دامانبەزاندە ناو بیرەکە و ژوورێکیشمان بۆ دروستکرد، داوامان لە ئیدارەی هەڵەبجە کرد کارەبای بۆ ڕاکێشێت لە مانگی پێنجەوە هەر کارەبایان بۆ دابین نەکرد تا هەموو دارەکان وشک بوون. هەرچەندە برادەرێکم ئامادە بوو کە کێڵگەی پەلەوەری هەیە کە لە نزیک شوێنی بیرەکە لەوێوە وزەی کارەبامان بداتێ.
٥- ماوەی ۳ ساڵ بوو هەموو جارێک داوامان دەکرد بیرێک لێبدەن لە خوار نەخۆشخانەکەی بیارە بۆ ئاو دانی دارەکانی ڕێگای گوڵپ-زەردەهاڵ-بیارە تا ئێستاش لێیان نەداوە کە بە داخەوە ٥۲۰ دار لە هاوینی ڕابردوو ووشک بوون کە تەمەنیان لە ٦ ساڵ زیاتر بوو.
بەڕێز خاتوو بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت تەنکەرمان بۆ دابین کردوون. ئەو تەنکەرەی ئەو باسی دەکات زیاتر لە ٦ ساڵ بوو لە کار کەوتبوو لە گەراجێک دانرابوو. بەڕێز کاک حسێن بەڕێوبەری گشتی و بەڕێز حاجی عەبدوڵڵا دەزانن من ناردم چاکیان کرد و تایەکانیان بۆ گۆڕی کە بڕی ٦،۰۰۰،۰۰۰ دیناری تێچوە لەسەر حسابی خۆم. ئێستا ئەو تەنکەرە لە فەرمانگەی دارستان و پاوەنی بیارەیە. لە ووشکە ساڵی ساڵی ڕابردوو بەرێز هاوبیر کوڕی شەهید ستاری سەعید خەڵەف هەر هەفتەیەک بە تەنکەری خۆی ۱۰ تەنکەر ئاوی بۆ ناردووین زۆر زۆر سوپاسی دەکەم بەڵام لەو ووشکە ساڵی و قرچەی گەرمایەدا ئەو ئاوە بەشی دارەکانی نەکردووە.
٦- لە ساڵەکانی ۲۰۱٤ و ۲۰۱۷ و ۲۰۱۸ و ۲۰۲۱، هەرچی بەڕێزێک بەشداری کردووە کە رۆژی وا هەبووە لە ۱۲۰ کەس زیاتر بووە کە نەمامەکانمان چاندووە، هەموو جارێک خواردن و ئاوم بۆ دابین کردوون لەسەر حسابی خۆم. جگە لەوەش هەر کاتێ پێویست بوبێ دەرمانی قڕکەری سەوزایی و پاچ و خاکەناز و مشار و مقەستی هەڵپاچینم بۆ دابین کردوون لەسەر خەرجی خۆم.
لێرەدا وا پێویست دەکات بە گەرمی سوپاسی بەڕێز کاک سالار عابدوڵڵا و کرێکارەکانی فەرمانگەی دارستانی بیارە بکەم چونکە زۆر دڵسۆزانە خزمیەتی ئەو دارانەیان کردووە.
باشە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی بەڕێزیان وەزیری کشتوکاڵ بووە، چەن دار لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕوێندراون؟ نەک هەر دارێک نەڕوێندراوە، ئەو دارانەش کە پێشتر لە زەمانی ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی پێشوو ڕوێندراون لەمبەر و ئەو بەری ڕێگاکانی دەرەوەی سلێمانی بۆ شارەکانی تر کە تەمەنیان زیاتر لە ٤۰ ساڵ بووە ئەسوتێنرێن و دەبڕێنەوە شوێنەکەیان دەکرێت بە گەنجینە و پرۆژە بێ ئەوەی کەس لێیان بپرسێتەوە.
من بێ ئەوەی فەرمانبەری کشتوکاڵ یان شارەوانی بم، لە ساڵەکانی ۲۰۰۰ و ۲۰۰۱ و ۲۰۰۲ لە ناو سلێمانی و دەور و بەری زیاتر لە ۱٥۰،۰۰۰(سەد و پەنجا هەزار) دارم ڕواندووە. جا هاوڵاتیان و خوێنەرانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڕیار بدان لەسەر کارەکانی من و وەزارەتە بەڕێزەکەی لە بوواری سەوزایی و دار ڕواندندا.
 
نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu