بۆ دکتۆر تەھا ڕەسوڵ (وەرزی نوێ) بەشی (23) ... نوسینی چیای مامە لەتیف

 

دەریا قەترە قەترە کۆدەبێتەوەو خۆشەویستی تۆ لەیەک ساتدا بەقەد سەدان ڕوبارە. . .

لێتە پاڕێمەوە لە سۆزەت بێبەشم مەکە نەبادا تەنیایی سێدارەم پێ ماچ بکا!

حورمەت و ئابڕو قەترە قەترە کۆدەبێتەوەو ئەبێتە بورجێکی گەورە بۆ پاراستنی ڕواڵەت و جەوھەری مرۆڤ!

ڕێزگرتنی تۆ لەیەک کاتدا دەیان کێوی زەبەلاحە بۆ پاراستنی ھەرکەسێک لە ھەردو دونیا!

من لەتۆ دەپاڕێمەوە تەنیا سڵاوێکم تۆم دەوێ وھیچی ترنا!

سادەو ساکاری تەمەنێک ڕەنچ و ماندوبون بونیادی ئەنێ و کەچی تۆ (لەزات)ی خۆتەوەو لەخوێن و ڕەگتەوە بە جوانی و پاکی و ڕاستیدا ھاتیت!

من تکات لێدەکەم لەو جیھانەیخۆتدا بستێک سێبەرێم ئەوێت و ھیچی ترنا!

ڕۆحی بەخشین و بەخشندەیی لە ئێستادا زۆر کەمیکردوە!

(ھەرکەسیش ھەیبێ پارەئەداتە دکتۆر تابە نەشتەرگەری بۆی فڕێبدات. . . )

بەڵام تۆ لەم ڕۆژە ڕەشەدا

ئاڵای سەردڵی ھەژاران و

نانی سەرخوانی بێکەسان و

ھیوای منداڵانی بێپەنایت!

من سوپاستئەکەم (ناو)ی من لەخشتەی خۆبەخشی ڕێگاکەتدا بنوسی!

سیاسیەکانی شار فێری ئەوەبون خاکبکەنە جێگەی خاشکی خۆیان نە نان و نە ئاو و نەجل وبەرگ و نە ماشێن و نەھیچ شتێکیان لەم وڵاتەوەنەبێ و بەتایبەت بۆیان دروستبکرێ بە وەستای ئیتالی و قوماشی فەرەنسی و عەتری سویدی و. . .

من شەرم لەخۆمەکەم تۆ زبڵ کۆدەکیتەوە! من داخ لە ڕۆحم ئەدرێ تۆ خاشک و بەرماوەی (. . . ) پاکدەکەیتەوە!

ھیچ شتێ لەتۆدا تەمسیل و دروستکراونیە!

ھیچ دەنگێ لەتۆدا تۆمارکراوی دەستی دو نیە!

ھیچ قەناعەتێ لەتۆدا کۆپیکراوی کەسنیە!

ھیچ بڕیارێ لەتۆدا لە ژێر گوشارەوە نیە!

ھیچ خۆشەویستیەکیش لەلای تۆ کاتی و بۆماوەیەک نیە!

ھەنگاوی تۆ ھەتا کۆتاییەو پەشیمان بونەوەت نیە!

ڕاستگۆیی تۆ ھەتا سەرەو پێچەوانەکەی لای تۆنیە!

کارو پڕۆژەکانی تۆ ھەتاسەرەو وەستاندنی بۆنیە!

باڵای ڕەحمەت و کۆمەکی تۆ ھیچ وەرز و کاتێکی بۆنیە!

خەم و ئازاری تۆ بۆ خاک و خەڵک ڕۆژ و دو ڕۆژنیەو ھەتا قیامەت درێژەی ھەیە!

درۆنیە گەربڵێم

کاتێ ناوت ئەبیستم دڵم لەناو زەلکاویشدا ئەفڕێ!

درۆنیە گەربڵێم

کاتێ ھەنگاوێکت ئەبینم ڕۆحم لە ناو زامیش دابێ پێدەکەنێ!

درۆنیە گەربڵێم

کاتێ سڵاوێکت ئەگات وادەزانم تاجی پاشاییم پێدراوە!

درۆنیە گەربڵێم

کاتێ کارێک و چالاکیەکت تەواو دەکرێ وادەزانم بەھەشتم پێدراوە!

درۆنیە گەر بڵێم

کاتێ لەگەڵ ھاتنی ڕۆژێکی نوێ دا تەمەنی تۆ تازەدەبێتەوە وادەزانم گەنجینەی ئەم زەویە بەمن دراوە!

زەحمەتە شوێن پێی تۆ بە کەسێک و بە سەدانی تر پڕببێتەوە!

زەحمەتە (ناو)ی تۆ بە یەک و بە ھەزاری تر ڕەشبکرێتەوە!

زەحمەتە کارو خزمەتەکانت لە وشەو ڕستەو پیتێکدا کورت بکرێتەوە!

زەحمەتە خەون و خۆزگەکانی تۆ بە وەزیر و گزیریش بخوێنرێتەوە!

زەحمەتە خۆری سەر گەورەیی تۆ ئاوابون و پشودان و ماندوبون بزانێ!

حەزەکەم بمرم بۆئەوەی قەزاو بەڵای تۆ لەگەڵخۆم ببەم!

حەزەکەم ڕۆحم دەرچێت بۆئەوەی ژیانی تۆ بە ھیچ زیانێکەوەنەبێ!

حەزەکەم بکوژرێم بۆ ئەوەی تۆ ھیچ کات ھەناسەت ساردنەبێ!

حەزەکەم بەر ماشێنێ بکەوم بۆئەوەی ھیچ نەخۆشیەک تۆ بێزار نەکات!

حەزەکەم قورباننیەکبم بۆت بۆئەوەی ھیچ کات مەرگ بەرەو لای تۆ خۆی (با)نەدات!

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu