فرەوەهر... حەمەڕەشید هەرەس

هەندێك لە هاوڕێیان، داوای شی کردنەوەی سیمبوڵی فرەوەهریان لێ کردووم، منیش بە پێی چەند سەرچاوەیەك، بە کورتی شی ئەکەمەوە، بە هیوای ئەوەی هەموو کوردێك زانیاری لەسەر مێژووی خۆی هەبێت.

فرەوەهر ووشەیەکی ئاڤێستاییە، بە مانای پێشەوە چوون ( تطور )، پێشکەوتن.

فرەوەهەر لەسەریەوە تا کەمەری نیشانەی مرۆڤێکی پاكوتەمیزی دنیا دیدە دەنوێنێت.

دەستی راستی نیشانەی نزا کردنە بۆ پەروەردگار.

دەستی چەپی بازنەیەکی هەڵگرتووە، ئەمەش نیشانەی پەیمان و بەڵێنە، لە نێوان مرۆڤ و پەروەردگار.

ئەو دوو باڵەی کە لە سێ بەش پێك هاتووە، نیشانەی بیری چاک، گفتاری چاک، کرداری چاکەیە، چۆن باڵندە بە باڵی بەرز ئەبێتەوە، ئاواش مرۆڤ بەو سێ کردارە بەرز ئەبێتەوە و بەهرە لەم سێ کردارە وەرئەگرێت.

ئەو بازنەیەی بە دەوری کەمەری فرەوەهەردایە، مانای بێ پایانی رۆژگارە و، مرۆڤ لە هەر شوێنێکدا دەست پێ بکات، دەگەڕێتەوە هەمان شوێن.

ئەو دوو رستەی بە بازنەکەی کەمەری فرەوەهەردا شۆڕ بوونەتەوە، نیشانەی بیر کردنەوەی مرۆڤە، بە باری چاک و خراپدا، لای راستیان ( سپەنتامینو ) مانای بیری چاك، لای چەپیش (ئەنگرەمینو) نیشانەی خراپەیە.

دامێنی فرەوەهەر کە لە شێوەی کلك دەبینرێت، ئەمیش سێ چینە، نیشانەی هەر سێ بیری خراپ و گفتاری خراپ و کرداری خراپە. پێچەوانەی سێ چینەکەی سەرەوە، وەك چۆن چینەکەی سەرەوە مرۆڤ بۆ بڵندایی و بەرز بوونەوە دەبەن، ئاواش ئەو سێ چینەی خوارەوە کە بیر و گفتارو کرداری خراپن بۆ نوشوستی و هەڵدێری دەبەن.

بە هیوای سوودم گەیاندبێت.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu