گشتپرسی و گۆنگرەی (سنة المالكي) و لێدوانی بێ سەروبەر و شتی تریش . . . ئامانج نەقشبەندی

+ لە لایەک یادی گشتپرسیت بۆ دەکەنەوە و بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و لەلایەکیش سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی عەزیمی یەکگرتوون کە تەنها دەستکەوتەکەی ئەوەیە چوار ساڵ جارێک کۆمەڵێک (دابەستە) بنێرنە بەغدا بۆ وەرگرتنی موچەی زەبەلاح و دەوڵەمەندبوون و کڕینی ڤێللا و باخ و سەیارەی درع و جی کڵاس .  .  .

+ عەرەب دەڵێن (ان كنت لا تدري فتلك مصیبة و ٳن كنت تدري فالمصیبة اكبر) . . . لەلایەک سەری زمان و بنی زمانیان مەزڵومیەتی گەلی کوردە بە دەست ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق و تیمساح ئاسا فرمێسک دەڕێژن بۆ یادی ئەنفال و هەڵەبجە و گشت تاوانەکانی بەعس بەرامبەر گەلی کورد و کوردایەتی و ئەی ڕەقیبمان پێ دەفرۆشنەوە و دەزگای ئەمنی و هەواڵگریمان ئاگاداری خشەی مار و مێرووە . . . لەلایەکی دیکەوە بە ڕۆژی ڕووناک لە هەولێر سەدان برای عەرەبی چاوگەشی کۆنە بەعسی و (سنە المالکی) کۆنگرە دەبەستن و باسی (وحدە العراق و الشمال الحبیب) دەکەن و تەوەری سەرەکی زەرورەتی بەستنی پەیوەندیە لەگەڵ دەوڵەتی عیبری . . . وەک ئەوەی ئێمەی کورد زۆرمان هەڵخڕاندبێت لە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە سەروبەندی گشتپرسیدا ؟! لە هەمان کاتیشدا حکومەت و دەسەڵات و لایەنی ئەمنی بێ ئاگایی خۆی ڕادەگەیەنێت لە بابەتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە .  .  .

+ لە لایەک ئاه و ناڵەیانە بۆ تەعریب و لەدەستدانی کەرکوک، لەلایەکیش لە سایەی بێ پلانی و نەزانی ئێمە و سیاسەتی پلان بۆداڕێژراوی برا عەرەبەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هێندەی نەماوە چوار پارێزگاکەی دیکەی هەرێمیش تەعریب دەکرێن .  .  .

+ هەمووان دەزانن لە حزبایەتیدا کۆمەڵێک پرنیسیپ و ڕێکار و ڕێنمایی بوونی هەیە و ناکرێت هەر یەکێک لە ئاوازێک بخوێنێت و هەر کۆلکە مەسئولێکی نامەسئول بە کەیف و هەوا و هەوەسی خۆی قسە فڕێبدات و بەبێ بیرکردنەوە فەلتە بدات، ئەگەر حاڵەتی وەهاش ڕووی دا ئەوا حزب لەڕێی ئۆرگانەکانیەوە دەشێت ڕوونکردنەوەی هەبێت . . . بەڵام کاتێک لێدوانی هەندێکیان دەبیستیت ئەوکات دەزانیت چ کارەساتگەلێک بەرۆکی ئەم میللەتەی گرتووە .

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu