خوێندنەوە کتێب: ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە .... هەڵۆ بەرزنجەیی

 بەرگی دووەم ، 448 ل ساڵی 2021 -  ١٨/١/٢٠٢٤

٤- ناسیۆنالیزمی کوردی و شوناس لە تورکیادا: سەرلەنوێ لێکدانەوەی چەمک و تێگەیشتنەکان. گوینەش موراد تەزجور

توێژەر لە بەراییەوە پێمان دەڵێ: باسی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا سەختترە لەوەی باس دەکرێ. 

دیارە لەوە سەختر ئەوەیە تورک بیست بتەوێ بابەتییانە و ئاکادیمیستییانە لەسەر کورد وەک دۆزێکی نکۆڵی لێکراوی قەدەغەی مێژوو خوێناوی قسەی لەسەر بکەیت؟!

ناوبراو دەپرسێ: بۆچی پ ک ک بەزۆری بە ڕێگە و شێوەیەک کار دەکات کە نەگونجاوە لەگەڵ ڕاگەیەنراوەکانیدا کە خۆیان دەبیننەوە لە بەرگریکردن لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و فراوانکردنی مەودایان؟؟..

ڕەنگبێ ئەم پرسیارە گەورە بێت و بەدواچوونی زۆر ھەڵگرێ، با ئێمە لەبەرەوە شوێن پێی ھەنگاوەکانی ئەم نووسەرە ھەڵگرین!.. 

ناوبراو دەیەوێ جیاکاری لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی مەدەنی بکات.  کورد لە باکوور لەنێوان بۆچوونی ھەندێ لێکۆڵەر و سیاسەتمەداری تورک و ڕەفتارو بیرکردنەوەی ھەندێ پارتی کوردیدا...

بابەتە بەدوورە لەھەرباسێکی تیۆری و زانستی ڕووتی ناسۆنالیزم ، لەبەرئەوەی تخووبی ئەو بابەتانە نەکەوتووە!.. لەبری ئەوە تەنیا لە بوارێکی تەسکی باسی کورد و بیروڕای ئەوانی تردا ماوەتەوە.. 

لەم بابەتەدا جەخت لە چەند خاڵێک کراوەتەوە، ناسیۆنالیزمی مەدەنی کاریگەرتر و لیبەڕاڵترە لە ھف ئیتنیکی، ناسیۆنالیزمی تورکی گیانی نەتەوایەتی تورکی لەسەر ھەژماردی گرووپە ئێتنیکەکانی تری ناو تورکیا بووژاندۆتەوە و بۆتە مایەی ڕادیکالبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی!..

پاش ئەمە بیروڕای چەند شارەزایەک لەسەر سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەخاتە بەرچاو: دێڤید ماکدواڵ، مایکل گونتەر، سمیث ، یاڤوز ، ڤان برونەسن، بۆزئەرسەلان.. ھەریەکەیان قسەیەکی ھەیە لەسەر ئەم دیاردەیە!

بۆ نموونە گونتەر دەڵێ: "ناسیۆنالیزمی کوردی تا ڕادەیەکی زۆر لە سەدەی بیستەم پەرەی سەبدووە وەک کاردانەوەیەکی نەژاد یان ئیتنیکێکی بێدەوڵەت دژ بە ستەم و سەرکوتکردنی ناسیۆنالیزمە فەرمییەکانی دەوڵەت لە تورکیا و عێەاق و ئێران و سووریادا". 

ناسیۆنالیزمی کوردی گەرچی ئامانجی خۆی بەدەست نەھێناوە، بەڵام پێش سەدەی بیستیش ھەبووە و بوونێکی خۆڕسکی ھەیە.. دەشێ سیاسەتی نامرۆڤانەی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان پێوە بەستراوەتەوە ئەم ناسیۆنالیزمەی زەقتر کردبێتەوە!.. ھۆکارێکی گرنگی ئەمە ئەوەیە کەوا دەسەڵاتێکی فەرمی دەوڵەتی میدییایی نەبووە بانگاشە بۆ ئەم دیاردەیە بکات و کورد دەنگی بەھیچ کوێیەک نەگەیشتووە!.. 

بۆچوونێکی تر Cenefa&Öktem ھاتووە :پێیان وایە سیاسەتی خراپ و پشتگوێ خستنی کورد و سەپاندنی سیمبۆڵەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی بەسەر کایەکانی کۆمەڵگردا ھانی دروستبوونی ناسیۆنالیزمێکی شۆڤێنی کوردی داوە.

ئەم بەستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردە وەک پەرچەکردارێک بەناسیۆنالیزمی تورکییەوە گوناهبارکردنی بە شۆڤێنیزم ھەر لە کفرێکی فیکری و سیاسی گەورە دەچێت. لەلایەک ناسیۆنالیزمی کوردی پەرچەکردار نییە و بەدیوەکەی تریشدا ھەرگیز شۆڤێنی نییە و تا بندەست بێت نابێتە شۆڤێنی...

بەم جۆرە بیروبۆچوونی چەندانمان لەمەڕ ناسیۆنالیزمی کوردی بەرچاو دەکەوێ. مەتین ھەپەر یەکێکە لەوانەی سەرسەختانە داکۆکی لەوە دەکات کەوا سیاسەتی تورکی بەو ئەندازەیە دڕندانە نییە وەک باس کراوە! ئەم نووسەرە بەردەوام نموونەی زۆر نەرێنی لەسەر لەسەر سیاسەتی ناسیۆنالیزمی تورکی دەھنێتەوە و پێی وایە سروشتێکی مەدەنی ھەیە و ھەرکەس تورکبوونی پەسەند کرد ئەوە بێ گیروگرفتی لەبەردەم پرسە کولتوورییەکانیش دا . بەواتای ئەوەی ھەر کوردێ بکەوێتە ناو پرۆسەی بەتورک بوون، واز لە ناسنامەی خۆی بھێنێ، بێ سەرئێشە ژیان مسۆگەر دەکات.. ئەمەش لە بنەڕەتدا دەکاتە ئەوەی ، ئەوی تری بەبوونە تورک ڕازی نییە بۆ دۆزەخ !..

لەراستیدا کورد ھەرچی بکات بۆ تورک و دەوڵەتەکە لێی ناسەلمێندرێ بە کوردی بمێنێتەوە و ھەر دەبێ بڵێ تورکم و دەستبەرداری کوردبوونەکەی بێت.. کار دەکەیت باج دەدەیت، خزمەتی سەربازی ئەنجام دەدەیت، فێری زمانی تورکی دەبیت تادوایی سوودی نییە، ھەر نابێ بڵێی من کوردم. لە تورکیا بەس ناسنامەی تورکی بەرقەرارە و بایەخی ھەیە و سیاسەت خزمەتی دەکات.. 

بۆیە ئیلکەر باشبوغ دەڵێ: دانپیانانی دەستووریبە ناسنامە ئیتنیکییەکاندا ئامانجی تێکشکاندنی دەوڵەتە و کەس چاوەڕێی ئەوە لە تورکیا نەکات سیاسەتگەلێک بەڕێوە ببات کە گرووپێکی ئیتنیکیی دیاریکراو بکاتە ئامانج لە کایەی سیاسەتدا و لەوانەیە ئەمە وڵات پەلکێش بکات بۆ حاڵەتی جەمسەربەندی و ھەڵوەشانەوە. تورک دەیانەوێ تورکبوون بکەنە ناسنامەی نەتەوەیی/ نیشتمانی تورکیا و ئەمەش پەسەندکراوی لای ھەمووان بێت.

پێم وایە ئەمە راسترین بۆچوونە بەرچاو خرابێ تورک لە کیانە دەستکردەی بۆی دروست کراوە، دەترسێ ھەمیشە لەدڵە ڕاوکێدایە کورد بێتەوە خاوەن ماڵی خۆی.. 

ھەموو ئەو دەوڵەتانەی خاکی نەتەوەیەکیان داگیرکردووە و میللەتانی بندەستی تێدا دەژین ، دژ بە سیاسەتی ئێتنیک و نەژاد دەوەستنەوە ئەوە چین و بەریتانیا و عێراق و ئێران و سووریا و زۆر دەڤەری دیکە بە نموونە.

ئەمینە ئاینەی ھاوسەرۆکی پارتی دەتەپە دەڵێ: نابێ ھیچ بەربژێرێکی پارتی ئەکەپە بڵێ من کوردم، نوێنەرایەتی کردنی ئەو پارتە کورد نییە، ئەمە قبوڵکراو نییە ئەگەر بەدەمی خۆیشی بڵێ کوردم. بەراستی باشی بۆچووە با کەسەکەش کورد بێ بەڵام بانگاشە بۆ سیاسەتی حیزبێکی ناکوردی دەکات. 

 

لەبەشێکی تری ئەم توێژینەوە دوورودرێژەدا، لە مینانەی سیاسەتی " سەرلەنوێ ھەڵسەنگاندنەوە" بیروڕای چەند کەسایەتییەکی کورد دەخاتە بەرچاو وەک جەمیل پاشا و ئەحمەد تورک..

بەشێک لەمانە بەزمانێکی سەرپۆشدار ڕەخنە لەسیاسەتی تورکیا دەگرن و ستایشی پ ک ک دەکەن!..  ئەوجا باس دێتە سەر ئەو کوردانەی گوایە لەسوپای تورکیادان و لەشەڕی پ ک ک دا دەکوژرێن، یان ئەوانەی ھیچ جیاوازییەک لەنێوان تورک و کورددا نابینن، یان ئەوانەی بەئاسانی خۆیان رادەستی تورکبوون کردووە لە ماڵەوەیان بە تورکی قسە دەکەن و وەک تورک خۆیان دەناسێنن..

باسەکەی توێژەر چەندین ناونیشانی لابەلایی لێ دەبێتەوە بەسەر سیاسەتی تورکیادا لەمەڕد دێتە خوارەوە لەراستیدا زۆر لە ڕووداوەکان دەبەستێتەوە بە مێژووی پ ک ک وە، ئەمەش جێی سەرنجە. باسی کوردە موسڵمانەکانیش دەکات و ئەوانەی باسی یەک ئوممەی ئیسلام دەکەن لە تورکیا.. بەدیوێکی تردا ڕکابەریی نێوان کوردی ئیسلامی سیاسی و سێکۆلاری نەتەوەیش دەکات ..

دواتر دێتە سەرخاڵێکی تر کەوا دەستەوتاقمی سێکۆلاری کورد لە پ ک ک دا ناسنامەیەکی تینتەرناسیۆنالیان ھەیە و جەمیل بایک دەڵێ: پەکەکە شکۆ و شانازیی گێڕاوەتەوە بۆ سۆشیالیزم..حەققی قەرار ھاوڕێی نزیکی ئۆجەلان تورکە رێکخراوێکی کوردی کوشتی و کەمال پیر دیسان تورکە مانگ گرت لە خواردن و گیانی لەدەست دا..

نووسەر دەیەوێ رووخسارێکی مارسییانەی پ ک ک نیشان بدات، لەبەرانبەر ھێزی کوردی موسڵماندا وھەردووش داکۆکی لەناسنامەی کوردبوونێکی لاواز دەکەن!.. 

نووسەر لە ئەنجامی توێژینەوەکەیدا ئەم دێرە دەنووسێ:

ئەو پاساوەی کە دەڵێت ناسیۆنالیزمی کوردی بووە بە ئیتنیکی و ڕادیکال وەک کاردانەوەیەک بۆ سیاسەتی سەرکوتکردن و ئەسیمیلاسیۆنی دەوڵەتی تورکیا ڕاستی زۆری تێدایە.

بۆیە پێی وایە، دابەشبوونی دوانەی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی لە بەرانبەر مەدەنیدا ھەیە. ئینجا دەپرسێ: بۆچی زۆرێک لە ھاوڵاتیانی کوردزمان لە تورکیادا گوزارش لە شوناسی خۆیان ناکەن بەو مانا "ئیتنیکییەی" کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەیخوازێت؟...

پرسیارێکی ھەستیار و لۆژیکی و گرنگە..

ئەم توێژینەیە پشتی بە سەرچاوەگەلێکی زۆر بەستووەبۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و بیرکردنەوەی کورد و دەوڵەتی تورک بایەخی تایبەتی ھەیە..

 

 

٥- گریمانەی " ھێشتا ناسیۆنالیزم نییە" سنوورەکانی کاریگەریی تیۆریی ناسیۆنالیزم لەسەر مێژووی کورد

                                              ئەلێکساندەر ماکسوێڵ و تیم سمیث

 

ئەم دوو توێژەرە پێکەوەدەیانەوێ لەبەر رۆشنایی تیۆریی بووژانەوەی نەتەوەیی لەسەر مێژووی کورد بنووسن یاخود کاریگەرێتییەکانی دەستنیشان بکەن.. لەنێو ڕستی تیۆرییەکاندا زیاتر سەرسامن بە ئەنتۆنی سمیث بە رۆڵی تاک لە "ھێشتا کاتی ناسیۆنالیزم نەھاتووە" دا..  بە تێکڕا ئەم توێژینەوەیە تاووتوێی زاراوە و چەمکەکانی « ناسیۆنالیزم ، بووژانەوەی نەتەوەیی، تیۆری ناسیۆنالیزم، مێژووی کورد »دەکات..

"ئەو توێژەرانەی کە دەرکەوتن و پەیدابوونی ناسیۆنالیزم لە بەریتانیادا وەک لێکەوتە و ئەنجامێکی پەرەسەندنی پیشەسازی لێکدەدەنەوە، بۆ نموونە کوردستانیان رەچاو نەکردووە، چونکە شۆڕشی پیشەسازی ئینگلیزی ھاوشێوەیەکی ڕوونی نییە لە مێژووی کورددا.".

باس لەوە تیۆریستانە دەکات کە بە بنەچە چیکن کارل دۆیچ، ئێرنست گێلنەر و میرۆسلاڤ ھرخ/ ھرۆش ئەوانی بەریتانیا ھۆبسباوم و سمیث و ئەندەرسن و ھی تورک ئومیت ئوێزکریملی . جەخت لەوە دەکەنەوە کورد رۆڵێکی لاوازی ناسیۆنالیستانە بینیوە بۆیە جگە لە ھۆبسباوم کەسی تریان باسی کوردیان کردووە!.. 

ئەمەریکی ناتالی .. زۆربەی پسپۆڕانی کورد پەیڕەویی سمیث دەکەن و تیۆرییەکانی ناوبراو لای مێژوونووسانی کوردجێی باوەڕ و متمانەن .. بەتایبەت ئەوانەی زاراوەی ئیتنیEthnie بەکار دێنن دەگەڕێنەوە لای سمیث..

لە ھیچ توێژینەوەیەکی ئەم کتێبەدا ھێندەی ئەم بابەتە بیروڕای نزیک لەیەک و پێچەوانەی یەکتر لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی نەخراوەتە بەرچاوی خوێنەر... بەتایبەت باس لەوە دەکری ھوشیاریی و ئیتنی کورد زۆر لە ناسیۆنالیزمی سیاسی کورد کۆنترە...

لەم بەرھەمەدا ئاماژە بە کارەکانی میھرداد ئێزەدیی و ئیدریسی بەدلیسی و حەسەنپوور و سەباحی غالب و عەباس وەلی بەرچاو دەکەوێ ھەروەھا بەشێک لەشۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردیشئاماژەیان پێدراوە.

توێژەر ئەم باسە گرنە لەم چەند دێڕەدا فۆرمەلە دەکات: 

مێژووی ڕابوونی کورد نەگەیشتووەتە کۆدەنگییەک سەبارەت بە ڕەگ وبنەچەی ناسیۆنالیزمی کوردی(...) بۆ سەدەی ١٦، جەنگی جیھانییان سەرەتای کۆماری تورکیا یان مھاباد یاخود کۆتایی سەدەی بیست.. لەسەر ئەمەش کۆمەڵێ بیروڕای پێچەوانە و دوور لەیەک ھەن کە لەبنەڕەتدا سەرلشێواوی بۆ خوێنەری کورد پێکدێنن.

جوەیدە ... ناسیۆنالیزم لە دەربڕینە نیشتمانییەکانی کەسایەتییە مێژووییەکان دەبینێ.

ڤۆلەر ..لە رێکخراوەنیشتمانییەکان دا.

بێنگیۆ و کووھی— کەمالی دەوڵەتی خێرابەسەر لەناوچوو.

گوینتەر... ھەستکردنی نوێ بە ناسیۆنالیزمێژی کوردییەکگرتوو یەکسانە بە کوردایەتی. 

دورھام.. ھەستی نەتەوایەتی لەنێو دەستەبژێری کورد لە سەدەی ١٩ ەوە ھەیە.

برونەسن.. لە چیرۆک و داستانی وەک شەرەفنامە و مەموزین ..

وە زۆر بیروڕای تریش.. ھەموو ئەوانەیشی ئەو کوردانە پێشکششیان کردووە و ئەو تیۆرییە جیھانییانەی جێی سەرنجی پسپۆڕانی کوردە.. بابەتەکە زۆر تیۆرییە و تژییە لە باسەکانی ناسیۆنالیزم و لێکۆڵینەوەکانی ئەم بوارە.

 

ئەم بابەتە بایەخی سەنگینی ھەیە لەمەودای ناسیۆنالیزم دا...

توێژەر سوودی لە دەیان سەرچاوە وەرگرتووە و وەرگێریش ھەموو ناوەڕۆک و پەراوێزەکانی کردۆتە کوردی...

 

 

٦- گەلێکی بێدەوڵەت: کوردلەسەرھەڵدانی ئیسلامەوە بۆ بەرەبەیانی ناسیۆنالیزم

ئەم توێژینەوەیەی جۆردی تێجیڵ گۆرگاس خوێندنەوەیەکە بۆ کتێبەکەی مایکڵ ئەپەڵ 

 

خوێندنەوەیەکی چڕوپڕە و بەداخەوە خودی کتێبەکەی لەبەردەستی ئێمەدا نییە، تا بتوانین ھاوشان چاوێکی لێ بکەین و باسەکەی ناوبراو دەوڵەمەندتر بکەین!!

باسەکان لەسەر شوناسی کوردە و ھاوکات دیاریکردنی قۆناغی سەرھەڵدانی ناسۆنالیزمی کوردی.. 

جێی خۆیەتی بڵێم ھیچ کام لەو نووسەران حەزناکەین و چاویان بەرایی نادات بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی بگەڕێنەوە بۆ لای ئەحمەدی خانی! .. ئەمەش گرفتێکی دروست کردووە کە ئەوانە تەنیا لەچاوی مۆدێرنەوە تەماشای ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن!.. ھۆکاری ھەرە سەرەکی ئەمەش ئەوەیە نووسەرە ئەوروپاییەکان دەیانەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کەوا ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی ئەوروپاییە و شۆڕشی پیشەسازی و سەردەمی مۆدێرنە پاڵپشتێتی. ئەمەش بەو واتایەی دەیانەوێ قۆرخی ئەوە بکەن لەدەرەوەی ئەزموونەکانی 

ناسیۆنالیزمی کوردی گرێدراوە بە شۆڕش و ڕاپەڕین و دەسەڵاتە سیاسییە ناوچەییەکان/ میرنشینە کوردییەکانەوە!.. ئەو مێژووەی لەبەینی دوو بەرداشی عوسمانی و سەفەویدا گوزەراوە..

توێژینەوەکە کورتە و بابەتی تیۆریی تێیدا نییە و وەک ئاماژەمان پێدا، لەبنەڕەتدا خوێندنەوەیەکە بۆ کتێبێک.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu