پاسەوانەكانی ناخ ... نەژاد عزیز سورمێ‌

پەیژەیەك لە گوڵ بۆ هەور. .

لەهۆمیرۆسەوە

هەمان تارمایی و هەمان وەهم .  .  .

سەمای دڕك

لێوارە بە تەنتەنەكانی پرسیار

كەللەپڕیی، كەڕوو. .

سەری پەتەكان لە فڕین دەچن .  .

ئاسۆ لە پرۆتۆكۆلێكی قەدكراو

لەتەقسێكی ئابڕوبەر .

(ئەوانەی ڕۆیشتن

ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانی. . .

نهێنییان بۆ ئێمە جێ نەهێشت .  .

دیماهیان بەسەرابی

بڕست و پەندگۆیی و پیرۆزگری هێنا. .

ئەوانەی ڕۆیشتن

لە بیشەڵانی (ئا) و (نا)وە،

ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانی

بۆی دەرچوون. . )

گوێی شار بە وتاران بریندار

مردن لەژیان خۆشتر نەبوو. .

مۆرێك بۆ گۆشەگیری

بۆ زمان پژان

بۆ سۆز. . .

گۆڕ لە خەونێك دەچێ‌ سپی

سپی وەك كەفاوی سابوون

وێنەی (خود)ێكی سەر بەتەم. . .

چاوی شار بە وتاران سووتاو

هەور بە مشتێ‌ خۆڵ

بەری ئاسمانانی نەگرت. .

ئینجانەیەك لە كلیل

شۆڕشێك لە شەرم

شەو نەیهێشت قژم لەسەردا بڕوێ . .

شەو نەیهێشت من و خۆم

یەكتری ببڕێنینەوە. .

شەو نەیهێشت گوێمان لە فرمێسك

چاومان لەدەنگ بێ. . .

(تونێڵێكی تاریك بوو

ئەو گیانبەتاڵییەی لە ئاڵوودەیی زیاتری تێدا نەبوو

مۆتەكەیەكی پیر، كانگەی شەیتانهێن

شەشدەری لێ گرتبووین .  .  .

ئەی شار گۆڕ !

كە دڵنیا و ئاسوودە لەڕەهایی ئاكامەكانەوە

پێ لەسەر پێ تیلاكت لێ خوار كردووە!

ئەی جەستەی تاجە خلۆر كراوەكان !

پیاڵە و سەنگدڵی و مەیخانەش

بۆ دەرەوەی خەونەكانمان تووڕدران.

ئێستا تارماییەكی ئاوابوو و

ئەستێرەیەكی نووستووین.

ئێستا لەخاڵێك دەچین

تا لەبەر ژمارەیەكمان دانەنێن ناخوێندرێینەوە . )

شارا چ شارا

سروودێكی دەگمەن

كوورەی نوور. . .

شارا چ شارا، بە خۆی دەچوو

گەنجینەی كەژاوە

گوڵێكی ڕەنگ هەڵایساوی باخچەی خوا

نیشتمانێك پڕ بە هەناسە. .

لە زەماوەندی شەختەدا

چووە دەست ئەوانەی

ڕێگایان بۆ نەدەچووەوە بانە. . .

شارا چ شارا؟

زەمانێكی زۆر كولێرەی لەژەهردا كردە قیبلە

كولێرەی كردە دەزگای بیركردنەوە لە مردن . .

شارا چ شارا

جۆگە و ڕووبارەكانی لەچوارچێوە دەگرت. . .

زستانێك لە پەمۆ

كرمی ڕووناهیخۆری

لە جەستەی دونیا بەرداوە

كازیوە

سپێدە

نیوەڕۆ و ئێوارەیان پێ نەهێشتین.

داد ئەی شاری گۆڕ !

كە دڵنیا و ئاسوودە

لە ڕەهایی ئاكامەكانەوە

پێ لەسەر پێ

تیلاكت لێ خوار كردووە. .

بە هارێك لە شێتی

شیعری بە قەسیدەمانەوە نەهێشت. . .

داد . . . ! داد. . . !

داد ئەی شاری گۆڕ !

باڵایەك لە كینە،

كێوێك لە پۆستاڵ،

داڵانێك لە خونكاریی،

شایان بوو بدرەوشێنەوە ؟

ئەوانەی ڕۆیشتن

ئاسوودە لەسەری پەتەكان

وەك بەرپابوونەوەی پەپوولە

یا گوێ‌ بۆ مۆزارت ڕادێران

لە حەقیقەتی سێبەرە كزەكاندا

دەیانویست بە ماچ

دەمی ئۆپۆزسیۆنی ئەڤین بگرن .

بۆشاییەك لە پڕی

جبەخانەیەك لە ئاشتی . .

ڕێگە بوو دەڕۆی

نەك قاچەكانی من

مانگ بوو دیاربوو

نەك پەنجەی من. . .

ئەو دارەی سێبەری دەكرد

شین نەبووەوە.

ئەو پاژنانەی شوێنەواریان دەركەوتبوو

پاژنەی بۆرەجەنگاوەرەكان بوون

دیلیان لە مەزرای ئەجندان

بە پەتی پەشمین دەخنكاند. . .

ئیتر تەواو ئەی چاوی پاسەوان

چیڕۆكی سێبەر لێرەدا تەواو بوو. . .

گرێكان

لە هێدمەی هەرزەیی و پەیمانشكێنیدا

لێرەدا كرانەوە

لێرەدا. . .

ئەی چاوی پاسەوان. . . !

شوباتی/ 1998

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu