ئه‌شقیا ... نه‌ژاد عزیز سورمێ

نیگایه‌كانت به‌ڕه‌وتی نسكۆ

له‌و ڕێگایانه‌دا په‌رت بوون

فێڵیان لێكردین

به‌ داڵانه‌ هێمنه‌كانی ڕۆحدا تێپه‌ڕین

بێ ئاوڕدانه‌وه‌. .

بێ لا لێكردنه‌وه‌. .

بی ڕوانین

وێنه‌ی گولله‌یه‌ك له‌ نیشانه‌دا سه‌رده‌كا

له‌ سێبه‌ری له‌زه‌تدا توانه‌وه‌. .

نێچیرێكی ئاسان نه‌بووم

دڵێك بردمی،

به‌ڕه‌وتی نسكۆ، به‌كامی له‌تردان

به‌هارێكی بۆیه‌ كراو

په‌ڵه‌ هه‌ورێك

له‌چاوی منه‌وه‌ هه‌ڵكشابوو. .

سوپاس بۆ با

سوپاس بۆ با

سوپاس بۆ با،

نه‌یهێشت چاوم له‌ ئاسۆدا ببڕی

سوپاس بۆ با

ده‌نگی به‌و چرایانه‌ به‌خشی

له‌ ناخی (من) ی ناو (خۆم) دا

بانگیان ده‌دا:

جیهان فریشته‌یه‌كه‌ له‌ په‌شم

له‌و زه‌مه‌نه‌ درێژتره‌

گوڵێكی تێدا ده‌پشكوی. .

له‌و ڕووبه‌ره‌ فراوانتر،

به‌ مه‌زاری بی سنووری

زینده‌خه‌ونه‌كانمانه‌وه‌ دیاره‌. .

گوناه، ئه‌شقیای خانه‌گه‌ردان

به‌سه‌ر كه‌پكی بێئومێدی و له‌خۆنووسان

گوناه،

ڕێبواری شه‌كه‌تی چاوغایه‌نی هه‌ڵوه‌دا

له‌ شه‌قامی كوژاوه‌و چۆلی

ئێواره‌دره‌نگان. .

ئه‌مجاره‌ش با له‌ دیدارئاخری تۆی پاراستم

ئه‌مجاره‌ش با،

له‌و هه‌ورانه‌ی شاردمه‌وه‌

له‌ بن پێیان كه‌وتبوون. . .

سوپاس بۆ با. .

سوپاس بۆ با،

كه‌ هه‌میشه‌ ناهێڵی

بازی كێوییان بگیری.

وه‌سیه‌تی ئه‌ستێره‌كان نه‌بوو

ڕۆژگار جێنووكی سپی

به‌سیمای ماندوومان به‌جی هێشت. .

وه‌سیه‌تی ئه‌ستێره‌كان نه‌بوو

خۆر له‌ نیگای تۆدا

ترس و گومانی بۆ باراندین.

وه‌سیه‌تی ئه‌ستێران نه‌بوو،

ڕێگاكان فێڵیان له‌ خه‌ونه‌كانمان كرد. .

وه‌سیه‌تی ئه‌ستێره‌كان نه‌بوو

ئه‌مه‌ ڕه‌وتی باهۆزه‌ ناواده‌كانی

دۆزه‌خی زه‌مین بوو

له‌گه‌ڵ ته‌نیایی كزه‌بای سپێده‌ و

دڵه‌ هه‌لاهه‌لابووه‌كان جووت ده‌بوون. .

كێڵگه‌كانی شه‌و

به‌ مۆمه‌كانی به‌رپه‌نجه‌ره‌ ڕووناك ببوونه‌وه‌

تێشكانێكی شۆخ بوو

له‌ سیله‌ی سۆزه‌وه‌

بڕوانیته‌ جوانی

ماندوو. . .

هه‌ناسه‌سوار. . .

له‌ باسكاندا ئاوا ده‌بی. . .

گه‌مه‌یه‌كی به‌سه‌بر بوو

بارانی مانگمان به‌ بریناندا ده‌كرد. . .

ئاگرمان له‌ قووڵایی ڕووباران كرده‌وه‌. . .

مه‌مله‌كه‌تێكی بی شنه‌

بی نوور بوو

هه‌موو پیشه‌سازی و ده‌وڵه‌تی

چه‌ند كارگه‌یه‌كی وه‌هم بوو

كه‌ له‌ ڕاست و چه‌پ

به‌ ڕاست و چه‌پ

كاریان ده‌كرد. .

تێشكانێكی شۆخ و گه‌مه‌یه‌كی به‌ سه‌بر

له‌ سیله‌ی سۆزه‌وه‌ بڕوانیته‌ جوانی

بڕوانیته‌ گوناه

ئه‌شقیای خانه‌گه‌ردان

ڕێبواری شه‌كه‌تی هه‌ڵوه‌دا. . .

تێشكانێكی شۆخ. . .

گه‌مه‌یه‌كی به‌ سه‌بر. . .

تێشكانێكی. . .

گه‌مه‌یه‌كی. . .

تشرینی یه‌كه‌می- 2001

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu