ئاسایشی ووزەو گرفتی کۆچبەران : نرخی نەوت و گاز هەڵ ئەکشێت ... بەهرۆز جەعفەر

ڕووسیا دوو گرفت بۆ یەکێتی ئەوروپا دروست ئەکات؛

یەکەمیان، گرفتی ووزە لە زستانێکی سارددا، چونکە ڕووسیا سەرچاوەیەکی باشی هەناردەکردنی گازی سروشتی یە بە پلەی ئیمتیاز بۆ ئەوروپا. نزیکەی (٢٤٪) یەدەگی گازی سروشتی جیهان ئەکەوێتە ڕووسیاوە، ئێرانیش (١٨٪) ی یەدەگی سروشتی جیهانی هەیە، بە هەردوکیان ئیدارەی حەوزەی قەزوین ئەدەن. هاوپەیمانێکیشیان لە کەنداو هەیە (قەتەر) کە ڕیزبەندی سێهەمی هەیە (١٥٪) یەدەگی گازی سروشتی جیهانی هەیە.

دووەمیان، ڕووسیا گرفتی کۆچبەر لە ڕێگەی بیلا ڕووسیاوە دروست ئەکات.

کاتێک بەهاری عەرەبی دەستی بە سەرهەڵدان کرد لە کۆتایی (٢٠١٠) دا، سێ گۆڕانکاریی گەورەی جیهانی و نێوچەیشمان بینی:

- ڕووسیا کۆتایی بە پرۆژەی هێڵی نابۆکۆ (Nabucco Pipeline) هێنا ( هێڵی نابۆکۆ؛ پرۆژەی گواستنەوەی گاز بو لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ ناوەراستی ئەوروپا) یان بە خاکی تورکیادا گازی ئەگواستەوە بۆ نەمسا. پرۆژەکە (١٠، ٧) دە ملیارو حەوتسەت ملیۆن دۆلاری تێ چو، درێژی هێڵی بۆڕییەکە (٣٣٠٠) کیلۆمەتر بو، لە (٢٠٠٩) گریبەستەکە بە ئامادەبونی نوێنەری ئۆباماو چوار ولاتی ئەوروپی و تورکیاو ئازەربایجان ئیمزاکرا. بەنیاز بون بە بن گوێی ڕووسیادا گاز ببەن بۆ خۆرئاواو ولاتانی ئەندام لە ناتۆ بەڵام ڕووسیا بەشدار نەبێت!. بۆیە ئاگری بەهاری عەرەبی لە سوریاوە پەڕییەوە بۆ دوورگەی کریما(Crimea)، ئەو دوورگەیە مینای سیڤاستۆڵ (Sevastopol) ی هەیە یەکێکە لە هەستیارترین پێگە جیۆپۆلەتیکیەکانی جیهان کە تەواوی دەریای ڕەش یان ڕووسیا و ئاسیا بەگشتی ئەبەستێت بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە. زۆری نەمابو ڕووسیاو ئەمریکا لەو ناوچەیە بەیەکدا بکێشن و جیهان لە شەڕی دوو بلۆکەوە تێوە بگلێنن. لە (٢ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) دا دیسانەوە پۆتین وتی “ کریمیا، بۆ هەمیشە ئەبێتە بەشێک لە ڕووسیا”. هەر بەو بۆنەیەشەوە هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەنداو لە دەوروپشتی ڕووسیا زیادیکرد. بەهەمان شێوە ڕووسیا هات بۆ دەریای سپی ناوەڕاست ( ناوچەی نفوسی ئەمریکاو ناتۆ) و هێزەکانی ڕووسیا لە (٢٠١١) ەوە لە تەڕتوسی سوریا جێگیرکران.

- لە ڕووی ناوچەییەوە، بەهاری عەرەبی کۆتایی بەسەردەمی گەشەی ئابوریی و ئارامی ناوخۆیی لە تورکیا هێنا، چونکە هاوکات بو لەگەڵ تێکچونێکی خراپی سیاسیی و دیبلۆماسی و سەربازیی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادا، هەروەها دواتر پەیوەندییەکانی تورکیاو ڕژێمی ئەسەد لە سوریا کۆتایی هات، هەروەک چۆن پرۆسەی ئاشتی نێوخۆیی (پەکەکە) هەڵوەشایەوە. نرخی نەوت و گازی سروشتیش بەهۆی قەیرانە نێوچەییەکانەوە بەرزبونەوە( چونکە وەکو پێویست نەوت نە ئەگەیشتو میناکانی جیهان)، گرفتی کۆچبەریش دەیان هێندە هەڵکشا لە تورکیاوە بۆ سنوری ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و تا ئەمڕۆش بابەتێکی زیندووە.

- هەر لە ساڵی (٢٠١٠ ەوە تا ٢٠٢١) ڕاگەیاندنی یەکلەدوای یەکی دۆزینەوەی یەدەگی سروشتی لە قەتەر (کەنداو) لە قەزوین بە تایبەت ئازەربایجان، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ( قوبرس، ئیسرائیل).

ئەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، پرسی ووزە وەک بابەتێکی جیۆ-ستراتیجی یان ببێتە هۆی هاریکاری هەرێمایەتی و ئاشتی و ئاسایش لەگەڵ خۆی بهێنێت، یان ببێتە مایەی ململانێ و نا-ئارامی هەرێمایەتی.

بەلای ڕووسیاو یەکێتی ئەوروپاوە، بابەتی کۆچبەران هاوسەنگی هێز و بازاڕ لە پەیوەندییەکاندا ئەشێوێنێت. ئەگەر لە سەردەمی بەهاری عەرەبی و پرۆژەی نابۆکۆدا رووسیا گرفتی لە ناوچەی کریما دروست کردو، بوو بە سێبەر بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، ئەمجارەیان ڕووسیا ڕێککەوتنی ژێر بەژێری هەیە کە بیلا ڕووسیا بە تەواوی بخاتە سەر خاکی ڕووسیا. بۆیە بیلا ڕووسیا وەک هێڵی پێشەوەی خۆی بە کارئەهێنێت، چ لە ڕووی گەمەیەکی نوێی جیۆپۆلەتیکیەوە ( بەهۆی پرسی کۆچبەرەوە)، چ لە ڕووی ئابوری بازاڕەوە لەم زستانەدا نرخی گاز و نەوت بەرز ئەکاتەوە.

 ئەوەی جێی تێ بی نی یە؛ لەهەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە نادادپەروەری و بۆشاییەکی فەرمانڕەوایی هەر هەبوە، بەتایبەتی لەناوچەی حوکمڕانی سلێمانی، بەڵام ئەوەش گرنگە بزانین ئەوە چۆنی یە کە وا لە ناکاو باڵوێزخانەی بیلا ڕوسیا لەماوەی مانگێکدا بە هەزاران ڤیزە لە ڕێگەی چەند دەڵاڵێکەوە ئەداتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان؟! لەگەڵیشیدا کۆمپانیایەکی ڕووسیەکان ڕای ئەگەیەنن لە ناوچەی سلێمانی «نەوت» یان دۆزیوەتەوە(ناڵێن گاز)، هەر لەگەڵ ئەمەشدا بە هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستان کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و شارەزورن دەست پێ ئەکات بۆ سنورەکانی بیلا ڕووسیا!. بۆچی لە وەرزی هاویندا ئەم گرفتە سەری هەڵ نەدا، ئەگەر بیلاڕوسیا لە وەرزی هاویندا بۆ گەشتوگوزار کارئاسانی ڤیزا بکات بە دەیان هەزار هاوڵاتی بۆ هەوا گۆڕین ڕوو لەو وڵاتە ئەکەن.

پۆڵەندا زۆرترین فشاری ئەوروپاو ڕوسیای کەوتۆتە سەر!. دامودەزگە ئاگەدارەکانی وارشۆ نایشارنەوە کە بیلاڕووس کۆچبەرانی فریوداوە بۆ ئەوەی بێنە وڵاتەکەی و دەرگایان بۆ ئەکاتەوە بچنە پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. . ئێستا لە تەواوی پۆڵەندا هەر لە شەقامەوە بۆ میدیاکان ناوی هەرێمی کوردستان ئەهێنرێت، چونکە زۆرینەی هەرە زۆری کۆچبەرەکان لە عێراق و لەناو عێراقیشدا لە هەرێمی کوردستانەوەیەو، لەناو هەرێمی کوردستانیشدا زۆربەی هەرە زۆریان لە سنوری ئیدارەی سلێمانیەوەیە.

بەگشتی، لەناوخۆی هەرێمی کوردستان نەبونی هەلی کارو سیستەمێکی خراپی تەندروستی و ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەکانی تر هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان کەرەستەی ئەو جەنگەیە کە ڕووسیا لە ڕێگەی بیلا-ڕووسیاوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵیگیرساندوە، بەو هۆیەشەوە هەم یەکێتی ئەوروپا ئەخاتە ژێر پرسیار هەم نرخی لەسەر نەوت و گازی سروشتی لە زستانێکی سەختدا گران ئەکات.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu