سەرەتای کۆتایی دەوڵەت لە عێراق ... بەهرۆز جەعفەر

دەوڵەت، ئاماژەیە بۆ چەند دامەزراوەیەکی دەستوریی و شەرعی کە تیایدا کەمینەیەک لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە ئەو مافەیان ئەدرێتێ کۆنترۆڵی هێزی شەرعی دەوڵەت بکەن و لە بەرژەوەندی گشتی بەکاری بهێنن. بەڵام لە عێراق ئامرازەکانی هێزی دەوڵەتیی بەدەست خودی دەوڵەتەوە نین!. کەواتە دەوڵەتەکە مەترسی لە ناوچون و هەڵوەشانەوەی لەسەرە. کەی هەڵ ئەوەشێتەوە؟ . ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ دەست پێ ئەکات.

دەمەو ئێوارەی دوێنی (٦ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) زانیارییەک هەبو، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەیەوێت کە سبەینێ ڕۆژ ئەبێتەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند بکات و بە پەلە ڕەوانەی دادگای فیدراڵی بکات.

لە کاتێکدا گروپەکانی نزیک لە ئێران بە تایبەتی کەتیبەکانی نوجەباو حیزبوڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە کازمی و حکومەتی عێراق کرد ئەگەر کۆمسیۆن بەردەوام بێت لەسەر نە ژماردنەوەی دەنگی هەموو وێستگەکان بەدەست ئەوا ئاقارەکەی خراپ ئەبێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، نزیکەی چوار کاتژمێر بەر لە هێرشە -درۆن-ییەکە بۆ سەر ماڵی موستەفا کازمی ئێمە میوانی کەناڵی کوردستان -24 بوین، لە دیدارەکەدا بەڕوونی باسی گرژیی و ئاڵۆزییەکانمان کرد کە ڕووئەدات…

یەکێک لەو ڕەهەندە گەورەو ناوچەییانەی کە هەیە، ئەوەیە نزیکەی ساڵێکە گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان سعودیەو ئێران هەیە، کە عێراق تاڕادەیەکی باش بەسەرپەرشتی کازمی ڕۆڵی تیا هەیە، لەدوای ئەوەی گروپەکانی نزیک لە ئێران بە نزیکەی (٨٠٪) دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە بون و دەنگەکانیان کەمی کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە سعودییەو ئیمارات دەستێکی باڵایان لە پاڵپشتی چەند لایەنێکی عێراقی هەیەو دەستوەردانیان هەیە، جگە لەوەش موقتەدا سەدر بە ئاشکرا لە لایەن سعودییەوە پاڵپشتی ئەکرێت، بۆیە ئێران لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سعودییە پاشەکشە ئەکات، دوور نییە ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن لە عێراق بە زووترین کات کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی ئێران و گروپی٥+١یش دابنات.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu