کۆنگرەی شەشەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکەوتووانە کۆتایی هات

کۆنگرەی شەشەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکەوتووانە کۆتایی هات

کۆنگرەی شەشەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە بەشداری زۆربەی نوێنەرانی کۆنگرە و ژمارەیەك میوان لە هەڵسوڕاوانی جەماوەری و ژنان و دۆستانی حیزب و وەفدێکی ڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە پێکهاتبوو لە هاورێیان سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و خلیل ابراهیم و عەمار شەریف ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی ئازار/ مارسی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا هاوڕێ شیرین ئەحمەد بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و پاشان بە مەبەستی شەرعیەتدان بە کۆنگرە، ڕاپۆرتی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لەلایەن هاوڕێ فوئاد سادقەوە پێشکەش کرا و هاوکات سەرژمێری نوێنەرانی کۆنگرە و تەئکید لە ئامادەبوونی زۆرینەی نوینەران کرا. دوای ئەوەی کە هیچ تانەیەك دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەران پێشکەش نەکرا، نوێنەرانی کۆنگرە دەنگیان لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ کۆنگرەی (٦) ی حیزب دا و بەوجۆرە کۆنگرە شەرعیەتی یاسایی وەرگرت و بە سرودی ئینتەرناسیۆنال و خولەکێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیانی گیانەبەختکردووی ڕێگای ئازادی و یەکسانی دەستی بە کارەکانی کرد.

ئینجا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف،  وتاری کردنەوەی کۆنگرەی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە جێگاوڕێگای تایبەتی کۆنگرەی چ لە ژیانی سیاسی و ڕیکخراوەیی حیزبدا و چ لە پەیوەند بە دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا کرد و دوای تەواوبوونی وتەکەی دەستەیەک لە ئەندامانی وەک لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی بە ئامادەبوان ناساند و لەلایەن ئامادەبوانەوە دەنگیان پێدرا. پاشان هاوڕێ سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی وتەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقی پێشکەش کرد. هه‌روه‌ها ئاماژە بەو پەیام و نامانە درا کە بۆ کۆنگرە نێردرابوو. له‌وانه‌، په‌یامی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران_حیكمه‌تیست، په‌یامی حیزبی حیكمه‌تیست_خه‌تی ڕه‌سمی، په‌یامی ڕێكخراوی كرێكارانی بیناسازی.

دوای ئەوەی کە په‌یڕه‌وی بەڕێوەچون و دەستوری باسەکان لەلایەن نوێنەرانەوە پەسەند کرا، کۆنگرە دەستی بە کارەکانی کرد: 

یەکەم بابەتی دانیشتنەکانی کۆنگرە بریتی بوو لە ڕاپۆرتی سیاسی لەنێوان دوو کۆنگرەدا کە لەلایەن هاوڕێ خسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیەوە پێشکەش کرا. هاوڕێ خسرەو سایە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە سەرەکیترین ئەو هەنگاوانە کرد کە حیزب لەنێوان دوو کۆنگرەدا ناویەتی و لێرەشەوە پەنجەی لەسەر خاڵە بەهیزەکان و ئەو پێشڕەوییەی کە حیزب لەنێوان کۆنگرەی (٥) و کۆنگرەی (٦)دا لەخۆی نێشانداوە دانا. هاوکات ئاماژەشی بە خاڵە لاوازەکان و گرفتەکانی سەر ڕێگای هەڵسوڕانی حیزب لەم دەورەیەدا کرد. هەوەها هاوڕێ خسرەو سایە لە ڕاپۆرتەکەیدا، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و کوردستاندا، لەبەر ڕۆشنایی دۆخی جیهانی و ناوچەکەدا هاتۆتە پێشەوە ڕاوەستا و لایەنەکانی ڕەوتی خەباتی چێنایەتی شیکردەوە و لێرەشەوە ئاماژەی بە ئاسۆی سیاسی و گرنگترین مەیدانەکانی کاری حیزب و سەرخەتی ئەو ئەرکانەی کە دەبێ حیزب بۆ دەورەی داهاتو لەبەرچاویان بگرێ، كرد. شایانی وتنە ئامادەبوانی کۆنگرە  بە بەشداری چالاکانە پێشوازییان لە ناوەڕۆکی سیاسی ڕاپۆرتەکە کرد.

دووەم باسی کۆنگرە، هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی کاری ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حیزب بوو کە پێشتر بەشێوەی نوسراو خرابووە بەردەستی نوێنەران و میوانەکان. بەرپرسانی ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حیزب، هەریەکە لەماوەی قسەکردنی خۆیدا ئەنجامگیرییەکی لە ئاستەنگییەکان و پێشڕەوییەکانی خۆیان کرد و لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە قسەوباسی پێویستی لەسەر کرا.

باسێکی دیکەی کۆنگرە، بەڵگەنامەی دۆخی سیاسی کوردستان و ئەرکەکانی حیزب بوو کە لەلایەن ڕێبوار ئەحمەدەوە پێشکەش کرا. ڕێبوار ئەحمەد لە قسەوباسەکانیدا پێداگری لە پێویستیی بردنەسەری توانایی سیاسی و عەمەلی حیزب و بەرجەستەبونی وەکو حیزبێکی سیاسی به‌هێز و شۆڕشگێڕ کرد کە لە جەرگەی بارودۆخی سیاسی تازەی کوردستان و ئەو هەموو نەهامەتیەی حیزبە بۆرژوازیەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانیان هێناوە، توانای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی  هەبێت. لە قسەکانیدا جەختی لەوەکرد کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی حیزب لە کۆمەڵگه‌دا پێویستە کۆمۆنیزم ببێت بە ئاڵای خەباتی کریکاران، ببێت بە ئاڵای خەباتی جەماوەری بۆ خواست و ئامانجەکانی جەماوەری ستەمدیدە، ببێت بە ئالای خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان لە کۆیلایەتی و  ستەمکێشی. هەروەها پێداگری لەسەر پێویستی بەرجەستەبوونی حیزب وەکو ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و کاریگەر و دەسەڵاتخواز کرد کە خەبات دەکات بۆ کۆتایهینان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکار و خوێنمژی ئێستا و دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکانی خەڵك کە بتوانێ ئاوات و ئامانجەکانی جەماوەری خەڵک دەستەبەر بکات.

هەروەها وتی لە جەرگەی بارودۆخی تازەی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، پێویستە پێگەی کۆمۆنیزم بەهێزبکرێت و لەمبارەیەوە پێداگری لەسەر بردنەسەری یەکدەستی زیاتری هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان کرد. شایانی ئاماژەیە کە هاورێیانی بەشداری کۆنگرە بە شۆڕوشەوقەوە بەشداری گفتوگۆکانیان کرد سەبارەت بەم مەسەلەیە و پێشوازی گەرمییان لە بابەتەکە کرد.

بابەتێکی تری بەرنامەی کاری کۆنگرە بریتی بوو لە بە ڵگەنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئاڕاستەکان و ئەرکەکان کە لەلایەن موحسین کەریمەوە پێشکەش کرا. موحسین کەریم لە قسەوباسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەکو هەر حیزبێکی سیاسی جدی، حیزبێکە کە بۆ دەسەڵاتی سیاسی تێدەکۆشێت و لە هەر قۆناغێکی ژیانی سیاسی حیزبدا بە تەشخیسکردنی سیاسی دروست و ستراتیژی سیاسی ڕۆشن و تاکتیکی سیاسی دروست و عەمەلی، لەناو کۆمەڵگه‌ و لەناو هاوکێشەی سیاسی هێزە  سیاسیە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگا جێگای خۆی وەکو هێزێك کە شەڕی دەسەڵات دەکات پەیدا دەکات. موحسین کەریم ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی دەسەڵاتی سیاسی، تەنها مەبەست لەو سات و کاتە  نییە کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەڕێگای ڕابەریکردنی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانەوە، دەست بەسەر دەسەلاتی سیاسی و دەوڵەتیدا ده‌گرێت، بەڵکو حیزبێکە کە لە هەر قۆناغێکی سیاسی کۆمەڵگه‌ و کێشمەکێشی هێزە ئەسڵییەکانی بۆرژواییدا نوێنەرایەتی ئەو ئاڕاستەیە دەکات و بەشێکە لە میکانیزمی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگه‌ کە توانای سەپاندنی بڕیاری سیاسی و ڕێگرتن لە بڕیاری سیاسی هێزەکانی دەسەڵات و دەوڵەتی هەیە. هەروەها ئاماژەی بە خاسیەتەکانی ئەو جۆرە لە حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی کرد، بەوەی کە خاوەنی خەتی سیاسی جیاکەرەوەی خۆی، ڕابەری کۆمەڵایەتی کە پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگاوە گرێیان خواردوە و بەوان دەناسرێتەوە، ڕیزێك لە کادر و رێکخراوە محەلیەکانی شوێنی کارو ژیان و کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان و سەکۆیەك بۆ ڕیکخراوکردنی جەماوەری و حیزبێك کە بەشێکە لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئینتەرناسیۆنالیستی کرێکاری...

بەندێکی دیکەی بەرنامەی کاری کۆنگرە، بڕیار و بڕیارنامەکان بوون. لەو بەشەدا سەرباری پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی ڕاپۆرتی سیاسی، دۆخی سیاسی کوردستان و ئەرکەکانی حیزب و هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ئاڕاستەکان و ئەرکەکان، چەند بڕیاری دیکە لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوه‌ پەسەندکران.

جێگای ئاماژەیە کە وەفدی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وەکو نوێنەرانی کۆنگرە فرسەتی قسەوباسیان هەبوو لەسەر بەڵگەنامەکان و هەروەها میوانانیش‌ ماوەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخانکرا تا لەسەر بەڵگەنامەکان و قسەوباسەکانی ناو کۆنگرە سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان بخەنە بەردەم کۆنگرە.  

بڕگەی کۆتایی کارەکانی کۆنگرە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب. لە ئەنجامدا (٢٥) کەس وەکو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب هەڵبژێردران کە بریتی بوون لە:

ئالان مارف، ئەنوەر نوری، ئازاد مەجید، بنار مستەفا، جەلال سەعید، جەمال موحسن، خەسرەوسایە، دەشتی جەمال، ڕێبوار ئەحمەد، ڕێبوار عارف، شاباز محمود، عوسمان محمەد، فواد سادق، کامەران لەتیف، گەشاو ڕەحیم، محمودی حەلاق، مەهدی ڕەسوڵ، نەغەدە عوسمان، هێمن کەمال، سەوسەن سەلیم، شیرین ئەحمەد، موحسن کەریم، عەبدوڵا محمود، عوسمان حاجی مارف، مستەفا باهیر

پاش تەواوبوونی سەرجەم بڕگەکانی کۆنگرە، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف لە وتەیەکدا کۆتایی کارەکانی کۆنگرەی ڕاگەیاند و گۆنگرەی شه‌شەمی حیزب بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ، لەناو شۆڕوشەوقی هاوڕێیانی بەشداربووندا و دوای دوو ڕۆژ قسەوباسی چڕو تێروتەسەل، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

دوای تەواو بوونی کۆنگرە، کۆمیته‌ی ناوەندی پلنۆمی ٢٩ی خۆی بەست و لەوێدا، هاوڕی عوسمانی حاجی مارف بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و هاوکات هەریەک لە هاوڕێیان: ڕێبوار ئەحمەد، عبدوڵا محمود، خەسرەو سایە، ئالان مارف، دەشتی جەمال، ئازاد مەجید، جەمال موحسن، مەهدی ڕەسوڵ، محسن کەریم، ڕێبوار عارف، فواد سادقی وەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد. مەکتەبی سیاسیش لە یەکەم کۆبونەوەی خۆیدا، هاوڕێ خەسرەو سایەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی دیاریکرد.

 

٤/٤/٢٠٢٤

 

--
Aras Rashid
1.613.266.5428

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu