گاڵتەجاریەکانی هەڵبژاردن ... نەوزاد بابان

سە‌رە‌ڕای شانۆگەری گاڵتە‌جاڕانەی ھە‌ڵبژاردنی پە‌رلە‌مانی لە‌ تە‌واویی وڵاتانی جیهاندا، بە‌ڵام هیچ نەبێت لە هەندێک وڵاتدا، بە‌تایبە‌تی لە وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا، ئە‌و كە‌سە‌ی كە‌ خۆی كاندید دە‌كات، یان ئە‌و حزبە‌ی بە‌شدار دە‌بێت لە‌ ھە‌ڵبژاردنە‌كاندا، بە‌ پرۆژە‌یە‌كە‌وە‌ بە‌شدار دە‌بێ، و‌ چە‌ند بە‌ڵێنێک دە‌دات، وە‌ك زیاد كردنی موچە‌ و باشترکردنی خزمەتگوزاریەکان بەگشتی و بە تایبەتیش لە كە‌رتی تە‌ندروستی و خوێندن و دابینکردنی ھە‌لی كار و، . . . هتد.

ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێڕاقی پێدەناسرێتەوە، بەتایبەت لە کوردستاندا، هەتا ئەو وادە و بەڵێنە درۆیینانەی کەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش نیە.

ئەگەر ساڵانی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو زمانلوسیـیەیان هەبووبێت بۆ وادەی درۆیـینەی دابینکردنی هەلی کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ئەوا لە ئێستادا و لەم هەڵبژاردنەدا، کە ئەو وادە درۆیـینانە هەمووی کەشف بوون و لە جیاتی هەلی کار بێکاری چەندین بەرابەر زیادی کردووە، وە لە جیاتی دابینکردنی خزمەتگوزاری ڕۆژبەڕۆژ خزمەتگوزاریەکان کەمبوونەتەوە و دراون بەکەرتی تایبەت و نرخەکانیان بارگرانیەکی زۆری بۆ سەر شانی جەماوەر دروستکردووە، هەربۆیە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەر بوونەتەوە.

هەرچەندە بە وروژاندنی هەست و نەستی نەتەوەیی دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی و ئارام ڕایانگرن تا هەڵبژاردن تێدەپەڕێت، بەڵام کاتێک ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری وەتەنگهاتوو بەڕوویاندا دەتەقێتەوە، ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن و ناچارن بۆ نمونە تەقە لە ‌ھە‌ژارانی خانووە‌ بێ تاپۆكان بكە‌ن، یا لیژنە‌ی ئە‌منی و سیخوری دروست بكە‌ن لە ناوەندەکانی کار بە‌سە‌ر کارمەند و کرێکارانەوە بۆ ڕێگرتن لە خستنەڕووی خواستەکان و ناڕەزایەتیەکانیان، جا لەم بارودۆخەدایە کە بانگەشە و شتی گاڵتەجاری وەک ڕیکلامکردنی هەندێ لە پەرلەمانتارانی پێشوو بۆ هاوسەرەکانیان و فتوادانی هەندێ لە کاندیدی حزبەکان دەبیستی و دەبینی.

ھە‌مو ئە‌مانە‌ش ئەوەمان پێ دە‌ڵێ کە ئە‌م ھە‌ڵبژاردنە‌ سینارۆیە‌كی گاڵتە‌جاڕیە‌، پێشوەخت كورسیە‌كان دابە‌ش كراون، بەشداری هەڵبژاردن دەنگدانە بە زەوتکردنی ئیرادەی ئازادانەی خۆت و دانی سەڵاحیەتە بە پەرلەمانتارێک کە دوای هەڵبژاردن بە واستەش نایدۆزیتەوە، لێرەوە تۆی دە‌نگدە‌ر بێجگە لە ‌وەرە‌قە‌یە‌كی سوتاو ھیچی تر نابیت، بۆیە‌ ڕێگەی دروست و لەدەستنەدانی ئیرادە دە‌نگنەدان و بایکۆتکردنی ئەم گاڵتەجاڕیەیە، کە لە ئێستادا و لەم هەڵبژاردنەدا بۆتە بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و خۆڕسكانە، کە لەسەرمان ‌پێویستە ڕێكخراوی بكە‌ین و لەبەرامبەر پەرلەمانی کارتۆنیدا بەرجەستەی بکەینەوە و دە‌سە‌ڵات بگە‌ڕێنینە‌وە‌ بۆدە‌ستی خە‌ڵكی ناڕازی و كرێكار و زە‌حمە‌تكێشی ئە‌م ھە‌رێمە‌، کە هەر ئەم ڕێگەیەشە ڕێگەی ڕزگاربوون لەدەست ئەم دەسەڵاتە دژە جەماوەریـیە.

٢٥سبتمبر٢٠٢١/سلێمانی

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu