ژنێک وەک ژەنينی تانگۆيەک ... سۆزە بەرزنجی

“ژنێک”

وەک ژەنینی تانگۆیەک

ژنێک لە شەودا تاڵی تریفەو

لە ڕۆژدا بەبەر بارانەوە،

پەنجەکانی دێنێ و دەباو

پەلکەزێڕینە ئەچنێ؛

تا بیکا بە بەرۆکی ژیانەوە!

ژنێک لە پێکەنینیدا؛

ئاوازێک ئەژەنێ،

سۆناتەیەک دائەڕێژێ،

کە چاوی ژنە شەهید تەڕ

ئەکات و

دڵی خواوەندەکانیش تەڕتر!

ژنێک بە نیگا قوڵەکانی؛

ئەستێرەکان ڕاو ئەکات و

بەسەر مناڵە بەشمەینەتەکانا

دابەشی ئەکات.

ژنێک بە نەوای دەنگی خەو

لە چاوی شەو ئەزڕێنێ،

بە بەرچنە هیوا ئەچنێتەوە و

ئەیبەخشێتە بێدارە

بێ هیواکانی تووشبوی شێرپەنجە.

ژنێک لە دڵە پڕ سۆزەکەیەوە؛

کزەبای میهرەبانی هەڵەکا،

نەرم نەرم ئەیبارێنێ

بەسەر بەتەمەنە

بێکەسەکانی خەڵوەتگەیا.

ژنێک بە نازەوە ڕێگە سەختەکان

تەفرە ئەدات و

ئەیکا بە فەرشی گوڵچن،

بۆ ئەو کۆچبەرانەی

شەڵاڵی ئارەقەو

ماندوێنتیی ڕێگەن،

باخچەش ئەکاتە ئۆمێدێک بۆ

ئاشقە دڵشکاوەکان. .

سۆزە بەرزنجی

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu