ئەرکەکانی کابینەی مەسرور بارزانی .... د. تابلۆ حەسەن

مەسرور بارزانی لە کاتێکدا دەبێتە بەربژێری پارتی بۆ دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەنین خاڵی سەخت و دژوار لە رێگەی ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا بەدیدەکات کە هەندێکیان ریشەی کۆنیان هەیە و هەندێکیانیش دەسکدری باری ناهەمواری کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە . گومانی تێدانیە کە ئەزمونی دارایی و کەمدەرامەری هەرێم لە چاو ساڵانی دوای پرۆسەی رزگارکردنی عێراق لەسەرووی کێشەکانە، بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی حوکمەت دەکرێ سەرۆک لە پێش تەنگوچەڵەمەکان چەن پلەیەک لە سەرووی بوێریەوە بێت ئەگینا پرۆژەکە هەر لە ناو بێشکەدا خۆی دەداتە دەست شکستەوە، کەسایەتی مەسرور بارزانی و ئاستی رۆشنبیری و فیکری ئەو شیاوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانە ئەگەر هاوکاری هەمو ئەندامانی کابینەکەی لەگەڵ بێت . پێش هەمو شتێک بەڕای من باریک و سووکردنەوەی لەشی حوکمەتەکەیە چونکە دەکرێ لێرەدا حوکمەتیش بە تاکە مرۆڤێک بشوبهێنین، تاک گەر لەشێکی زل و قەبەی هەبێت تاکێکی بێهونەر دەبێت ناتوانی لە ماراسۆنی ژیاندا وەکو پێویست بەشداری بکات . ئەمەش بەچی دەکرێ ؟ بێگومان بەوە دەکرێ هەزاران هەزار مەعاشخۆری بێ بەرهەم بەلاوە بخرێت، بەشێوەیەکی زانستی سوک بکرێنەوە، ئاخر بۆ دەڵێم کارەکە جورئەت و بوێری دەوێ چونکە ئەم هەزارانەی بارێکی ئێجگار قورسن بەسەر شانی حوکمەت هەر یەکەو نامەی حیزبێک یان کەسایەتیەک بێڕەوا گەیاندوێتی بەو پۆستانە و بە کەنارخستنیان گەلێ کەسی زل لە حوکمەت دەڕەنجێن و ڕەنگە زمانی گلەییان درێژبێتەوە ناو گەڕوی کەناڵەکان یان دەماری سیسی رۆژنامەکان ئەوەش گرنگ نیە بەقەدەر ئەوەی بتەوێ ماڵباتی کوردستانی لە گەڕووی هەژاری بێدەرامەتی رزگار بکەی، کەنارخستن مانای ئەوە نیە کۆمەڵێ خەڵک بێدەرامەت بکرێن بەڵکو کارەکە وادەخوازێ ژوورئ عەمەلیاتی بۆ تەرخان بکرێت و هەمو خاوەن هەقێک هەقی خۆی وەربگرێت بەمەرجێک تەجاوز نەکاتە سەر هەقی سەدان هەزار بەشخوراوی گەلی کوردستان چونکە لێرەدا مەبدەئی یەکسانی زۆر گرنگە پیادە بکرێت . گەلێ وەزارەت هەن لە حوکمەتەکەمان ئێجگار بێبەرهەمن ڕەنگە زیادکردنیان تەنها لەبەر خاتری خاتردارانە دەکرێ هەندێکیان وەلابنرێن و هەندێکیانیش بکرێنە بەرێوەبەرایەتی تایبەت و لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حوکمەتدا بن ئەمەش دیسان هەر بوێری دەوێت ئەگینا کارەکان لە خەراپەوە بەرەو خەراپتر ملدەنێن . ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان زۆر گرنگە، دەبێ یان کابینەکە وەرنەگریت یان چارەسەری ئەم خووە خەراپەی هەریمی کوردستان بکەیت، لە هیچ وڵاتێکی دونیا نیە کەسێک دوو ساڵ وەزیر بێت و تا مردن خانەنشینی وەزیری وەربگرێت نا ژمارەیەکیان هەر وەزیریش نەبوونە و ئەم بەرکەتە حەرامە شوملیان دەکات لەمە سەیرتر هەندێکەس هەن خەڵکی کوردستانیش نین و کوردیش نین و خەڵکی هەمو ناوەکانیان دەزانن برادەرێکی رەحمەتی وەکو ئەوەی پیاوەتی بە ئاوی حەماەوە بکات موچەی وەزیری خانەنشینی بۆ بڕیونەتەوە یان سەدان وەکیلوەزیر و بەرێوەبەری گشتی وپلەی باڵای دیکە، ئەی پلەی فەریق و لیوا و عەمید و عەقید و هتد، کەسی وا هەن ئەلفوبێی سەربازی نازانێ بە پلەیەک دانراوە یان خانەنشینکراوە لە پلەی سەربازی رۆمل و مۆنتیگمری باڵاترە، جگە لە ئەو ئەفەندییانەی بوونەتە پەرلەمانتار دوای چوارساڵ خانەنشین دەکرێن، خۆ پەرلەمانتار وەزیفە نیە تا خانەنشین بکرێ!! ئاخر کاتێک خەڵکی دەبینن زاری ڕەخنەگرتنیان کردووەتەوە هەقیانە چونکە ئەمانە هەڵەی ئاسایی نین بەڵکو کارەساتی هەقیقین، بۆیە دەبێ لەمەشیان ئەوەندە بوێر بیت تا حەدی دانانی نوختە لە سەر پیتە یاخییەکان . هەمو دەزانین گەندەڵی بوونەورێکی زۆر زەبەلا‌حە لە کوردستاندا بۆیە پێویستە قۆڵی لێهەڵماڵی و بێیتە مەیدانی زۆرانبازی بەرامبەری، لەم پاڵەوانیەتیەدا هەمو خەڵکی کوردستانت لە پشتە چونکە گەر بیکەی بۆ ئەوانی دەکەی، ئێمە وڵاتی قڕ وقات و جینۆسایدین کەچی ئێستا وایلێهاتووە چەند سەد کەسێکی گەندەڵ خاوەنی ڤیللە و مەزرەعە و خزمەتکای جۆراوجۆرن و زۆرئیەی میللەتیش لە مەرگەساتدا دەژین، ژیانی بارزانی نەمر بخە پێش چاوت و بیکە دەستووری کارت، بارزانی تەنها سەرکردەی باشور نەبوو فەرمو بڕوانە دوای سیونۆ ساڵ لە ڕاەوانی شادی وێنەکانی میوانی زۆرینەی ماڵە کوردەکانە لە گشت پارچەکانی کوردستان و بگرە کوردەکانی ئیسرائیل و هەندەرانیش بۆیە پێویستە ئێوەش ئەو توراسە دەوڵەمەندەی بارزانی گەورە زیندوو بکەنەوە . تا دەکرێ پشتوێنی سەر کەمەری حوکمەتەکە دەبێ توند و توندتر بکرێتەوە . کات کاتی جۆرەهای کەرنەڤال کۆبوونەوەی چەندیجۆری نیە، ئەز دەبینم ساڵانە سێ کەنەڤاڵی سینەما لە سێ پارێزگای کوردستان دەکرێتەوە کەچی تەنها کەسێک پلێتی نەبڕیوە بۆ بینینی فیلمێکی کوردی ئەمەیان هەر بۆ نمونە ئەگینا رۆژانە چەندین شتی سەیرسەیر دەبینین پارە ی بۆ سەرف دەکرێت بەبێ هودە و فەرمابەرە پلە سێ و چوارەکانیش نیو موچەیان پێدەدرێت . . برای ئازیز_ من پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە کەسێکی وەک جەنابت دەسنیشان کراوە بۆ بەرێوەبردنی حکومەتەکەی دەشزانم ئەرکەکان زۆر قورسن بەڵام خۆشبەختانە نەخۆشیەکان موشەخەسن منیش کاتێک پەنجە دەکەمە سەر هەندێکیان داهێنانم نەکردووە بەڵکو تاک بە تاکی ئەم گەلە ئەو نەخۆشییانە دەناسنەوە بەهەرحاڵ هەرئەوەندە دەتوانم بێژم کە ئەز گەشبینم. .

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu