نهێنی ئەو ترسە لە لاهوری شێخ جەنگی چیە ؟ … شوان داودی

ئیتر دەنوسم . . . (5)

لای هەموان رونە لە ئەنجامی كەتنەکەی 8 ی تەموز بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی ئاژاوە خۆێنڕشتن و نائارامی، لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 15ی تەموز دەستپێشخەری کرد و لە نیمچە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا بە مەرج دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بوو بۆ هاوسەرۆکی دووەم باڤڵ تاڵەبانی تا ئەنجامدانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی و یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆخە بە رێکاری حزبی ویاسایی، لە 17ی تەموز ئەو بابەتە لەلایەن کارگێرەوە بڕیاری پێ دەرکرا .

لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆبونەوەی سەرکردایەتی بکەن، چونکە هەنگاوەکان لەگەڵ پەیرەودا یەکناگرنەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵدا بوونە پێچاوپێج بە پەیرەودا بکەن بۆ ئەوەی شەرعیەت بە کارەکەیان بدەن بەڵام نەیانوانیوە، بۆیە لە زۆر شوێندا باز بەسەر پەیرەودا دەدەن بۆ بردنە پێشەوەی پرۆسەکەیان .

من لەم نوسینە نامەوێ قسە لە سەر هۆکار و فاکتەرە حزبی و ناوخۆی و هەرێمەیاتیەکانی ئەو دۆخە بکەم، تەنها لە سەر ئەو پرسە دەوەستم کە لەگەڵ ئەوەی لاهور هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و هیچ هێزێکی بە دەستەوە نیە، هۆکار و نهێنی ئەو ترسە زۆرەی دەباشان لە لاهور چیە ؟ وە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو شڵەژان و نائارامیە دەرونیە چیە توشی بوون وخەوی لە چاویان تۆراندوەو شارێکیان خستۆتە دڵەڕاوکێوە !

لێرەدا بابەتێک باس دەکەم ڕەنگە زۆرێکتان بڕوانەکەن،

حەقی خۆشتانە بەگومان بن لێی، چونکە مەعقوڵ چیە، حزبێکی سۆسیال دیموکرات و خاوەن پاشخانێکی چەپ کاری وا بکات و بڕوای پێ هەبێ !

پێش ئەوەی بڕۆمە سەر بابەتەکە دەگێڕنەوە :

سکرتێرەکەی ستالین هاتە ژوورەوە بە ستالینی وت:

کەسێک لای دەرگا وەستاوە دەڵێت : ئەتوانم پێشبینی داهاتوو بکەم !

ستالین بێ دوو دڵی یەکسەر وەڵامی دایەوە و گوتی : لە سێدارەی بدەن. . .

کابرایان گرت و لە سێدارەیاندا !

ستالین وتی : ئەگەر شارەزای داهاتوو بوایە بە پێیەکانی خۆی نەئەهاتە بەردەم پەتی سێدارە، دەیزانی بێتە ئێرە لە سێدارە دەدرێ. . .

بۆیە ئەوەی من کردم بریتیە لە وشک کردنی سەرچاوەکانی گەمژاندن، تا لە داهاتوو پیرۆز نەکرێن.

ئەم باسەی ستالینم بۆیە هێنایەوە چونکە پەیوەستە بە چیرۆکی نهێنی بابەتەکەمانەوە.

لە پێش هەڵبژانەکانی ڕابردوو وەفدێکی یەکێتی نوێ بە سەرۆکایەتی (ش . ج . م) دەڕۆنە لای فاڵچیەک لە شاری سلێمانی کە بە شێخ لوقمان ناسراوە بۆ ئەوەی پێشبینی دۆخی یەکێتییان بۆ بکات، شێخ لوقمان بەجارێک تۆقی بردون و پێی ڕاگەیاندون گەر دۆخی یەکێتی تا کۆتایی ئەمساڵ یەکلایی نەبێتەوە لاهوری شێخ جەنگی مێزەکە وەڕدەگێڕێ و هەمووتان لە ناو دەچن .

دوای ئەو پێشبینییەی شێخ لوقمان بۆ وەفدە سۆسیال دیموکراتەکە، پێش هەڵبژاردنەکان وەک خۆئامادەکردن بۆ خۆپارێزی لە لاهور کۆمەڵێ ئیجرائات کرا، لەوانە گواستنەوەی نزیکەی 800 پێشمەرگە لە هێزەکانی سکرتاریەت و پشتیوانی دوو بۆ سەر کۆماندۆ و تەجهیز کردنیان بە بڕی 6 ملیون دۆلار .

لە گەڵ ئەنجام دانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و نزیک بونەوەی کۆتایی ساڵ ترسەکان لە لاهور زیادی کردون، بۆیە بڕیاری دەرکردنی خۆی و چوار لە هاوڕێکانی درا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئێستاش بەتەمان لەکۆبونەوەی سەرکردایەتی هەموو کارو بڕیارەکانیان دێزە بەدەڕخۆنە بکەن و تێپەڕێنن .

دوای بریاری دەرکردنی لاهور و هاوڕێکانی، لاهور جەنگی نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردایەتی کرد و تیایدا هەموو ئەو بڕیارانەی رەت کردەوەو داوای گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی کرد، ئەمە ئەوەندەی تر دۆخەکەی شەڵەژاند، چونکە لە سەری ساڵ نزیک بوینەتەوە و ترسیان لە هاتنەدی پێشبینیەکانی فالچیەکەی سلێمانی هەیە کە لاهور لەم مانگەدا مێزەکە بەسەریاندا وەڕگێڕێ و بنەماکانی یارییەکە بگۆڕێت، ئەم بڕواکردنە بە فاڵچی و ئەم ترسەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە متمانەیان بە خۆیان و هەنگاوەکانیان نیە .

ستالین بۆ ڕێگرتن لە گەمژاندن کابرای فاڵچی لەسێدارەدا کە خۆی بەپێی خۆی ڕۆشتبووە دەرگاکەی بۆ ئەوەی پێشبینی بۆ بکات، دەبێ ئێمەی سۆسیال دیموکرات چی ئومێدێک لە حزبێک و قیادەیەک بکەین کە خۆیان دەچنە بەر دەرگای فاڵچیەکان بۆ ئەوەی پێشبینی سیاسیان بۆ بکەن، لەسەر بنەمای پێشبینی فاڵچیەکان بڕیار دەدەن و هەنگاو دەنێن .

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu