یادمانی گەشمەرگی پێشمەرگە فەرماندە جەلیلی حاجی دێوانە.. دڵشاد تاقانە

پیاوێک لەسام و سێبەر، ئەوەندە دەسگەرم و بوێر ئازایەتی لێی دەپونگاوە! هەندەک لەسەر و زوو هەڵچوو بەڵام دڵساف و پاک توڕەبوونەکەی لەبیر دەبردیەوە. دەگمەنە مرۆڤی وا بێمنەت لەگولە و بەڕاستی شێری ناو شەڕگەبوو. هەموو بەهرەکانی لەچاونەترسی و بەرپەرچدانەوە و هێرش بوو.
داینەدەینا..
چاوی لەبەر کەس دانەدەهینا ئازایەتی و دلێریەکەی هەموو پێوەرەکانی بڕیبوو. شێلگیر و یەکڕێ بوو بەهیچ شێوەک نەدەگۆڕا و لەبڕیارەکانی پەشیمان نەدەبۆوە. شێوە و هەڵکەوتەشی نوێنەرەوەی ناخی بوو هەمیشە سێبەری ترسی بەسەر دوژمنەکانیەوە دەنواند واتا دەبوو بەهەندی وەربگری و ڕێزی خۆی بدەیە بەسەریدا دەسەپاندی کە ناکرێ پشتگوێی بخەی.
بامورتکان..
گوندەکی دەشتی کۆیەیە لەخوار جادەی بنار و سەرەوەی گوندەکانی کفرەدۆر و شەوگێڕە. زێد و ماڵی کاک جەلیل بوو لەگەڵ خانەوادەکەی لەوێ دەژیان جگە لەخۆی سێ برای بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن. حاجی حەسەنی بابی پیاوچاک و ئاینپەروەر ناسراو بەحاجی دێوانە. خزمی شەهید مارفە کەلەداستانی قوڕەبەرازە شەهیدبوون.
سۆسیالیستی..
هەمیشەیی پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیست بوو چونکە لەگەڵ شەهید کاکە سور قۆڕیتانی پورزا و خارۆزابوون، تەنیا ماوەیەک لەبەر خاتری شەهید سەرباز ئەحمەد بووە یەکێتی یەکسەر گەڕاوە ناو حیزبی سۆسیالیست و بوو بەفەرماندەی کەرت. لای هەمووان خۆشەویست و ڕێزلێگیراو خاوەن پێگە و توانابوو.
هابیگرەوە..
دوای دەرچوونی کۆمەرەک جاش لۆ گوندی شەوگێڕ، کاتەک پێیاندەزانن پێشمەرگەکان لێیان دەدن هەریاندەبڕن بەرەو گوندی قۆڕیتان و چوونەوە جادەی ڕێی تەقتەق. کە دەگەڕێنەوە بەرەو گوندی شەوگێڕ بەسەر کەمینی جاشەکانی قاسەکۆردادەکەون لەهەموو لاوە تەقە لەپێشمەرگەکان دەکرێ بەخەستی کەس ناتانی وەڵامیان بداتەوە تەنیا شەهید جەلیل لێیان هەردەستە سەرپێ بەسەڵیەی ئاگردار تەقە لەجاشەکان دەکا جون بەقاسەکۆر دەدا دەرێ: بیگرنەوە ئەمن جەلیلی حاجی دێوانەم. کەمینی جاشەکان دەشکێنی هەرهەمووی لەبەری ڕادەکەن بەرەو کۆیە.
چالاک..
پێشمەرگەکی خاوەن چالاکی و پێشکەوتەی هەڤاڵانی هەمیشە بەگوڕوتین، لەشەڕگەکانیش ڕۆڵی سەرەکی و نزیکە دوژمنی دەدیت. لەهاتنی لۆ ناوشاری کۆیە لێدانی جاش و منەزەمەی بەعسیەکان ئێستا ڕۆژی مابوو لەناو توتنەکانی خوار گەڕەکی جەمعیە توشی سەیدە ئەحمەدە شێتە دەبن بەرەو عەوداران و قۆڕیتان دەڕوا، دەیدوێنن ئەویش دەرێ: جەلیلی حاجی دێوانە بگەڕێوە مەچۆ بۆ کۆیە، کوڕە دەکوژرێی! شەهید جەلیل و پێشمەرەکان پێدەکەنن دەرێن هیچ نابی سەیدگیان.
ئاربیجیەکە..
لەسەر ستارەی خانوەکی گەڕەکی جەمعیە سەر بەرز دەکاتەوە لۆ تەقاندنی ئاربیجی، گولەیەک بەسەری دەکەوی بەسەختی بریندار دەبی، لەوکاتە قسەی پێناکرێ توند قۆڵی کاک ئەبوزێد دەگوشی واتا دەربازمکەن بەجێم نەهێلن. ئەوانیش لەناو ئەو هەموو ئاگربارانە حەوش بەحەوش دەیگوازنەوە هەتا دووری دەخەنەوە ئەوەجا دیبەنەوە بەرەو گوندی عەوداران و قۆڕیتان لۆ بەیانیەکەی گیانی دەبەخشێ.
٦
شتۆکوڕ..
مێژووی پێشمەرگایەتی پڕە لەنەبەردیەکانی و هەتایی جەلیلی حاجی دێوانەی کردە سەروەرێک کە هەرکاتەک ناوی بێ دۆست و ناسیارانی ئاخەک لۆ ئازایەتیەکەی هەربکێشن بەئازار و پڕ لەکۆست هەناسەیان بدەنەوە کە شتۆکوڕبوو.
دڵشاد تاقانە

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu