ئێران.. هەنگاوێک بەرەو "سەری مارەکە"! چاوخشانێک بەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

دەسەڵاتێک کە لە ناوخۆی وڵاتدا دیکتاتۆری بێت، لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتدا، فراوانخواز و شەڕخواز و تیرۆریستە. رژێمی ئێستای ئێران نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەم راستییەیە. هەریەک لە ئێمە لە چەند مانگی رابردوودا زۆرمان بیستووە کە "سەری مارە شەڕخوازەکە لە تارانە". ئەم فۆرمولەیە مانا و مێژووەکەی چییە و دەبێ ئاسۆی چ بیت؟

گەلانی جیهان و پێش هەمووان، خەڵکی ئێران و زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانەکان و حکومەتەکانی جیهان خوازیاری پانکردنەوەی سەری ماری شەڕخوازەکەن. لەم روانگەیەوە سروشتییە کە هەر پێشهاتێکی پەیوەست بە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە پێوەرێکی لەو شێوەیە هەڵسەنگێندرێت و پێوانە بکرێت. هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و هێزە نیابەتیەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەم پێوەرە هەڵدەسەنگێندرێت، هەرچەندە کاردانەوەی جیاوازیان هەیە.

هەربۆیە سروشتییە کە تەرازووی هەڵسەنگانەکان لە دەست هەر پێکهاتە و بزووتنەوەیەکدا بێت و هەریەکەیان لێکدانەوە و چاوەڕوانی خۆیان هەبێت لە پێشهاتەکان و بەتایبەت هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەم تێڕوانینانە بە خێرایی دەگەنە خاڵی هاوبەش. چونکە ئەم هێرشکردنانە، خاڵێکی وەرچەرخانە لە پێوەندی لەگەڵ "سەری مارە شەڕخوازەکە"! هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و هێزەکانی سەر بە رژێمی ئێران، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە "بەردەوام دەبێت"، بۆتە جێی "نیگەرانی"ی رژیمی ئێران و "سەرسوڕمان"ی لایەنگرانی سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە!

ڕوونە کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کاری خەڵکی ئێران و موقاومەتەی ئێرانە. بەڵام تا ئەو رادەیەی کە سازشکارانی رۆژئاوایی خۆیان لە دیکتاتۆریی ئێران دوور بخەنەوە، خەڵکی ئێران لە ویست و داخوازییەکانی نزیک دەبێتەوە. چونکە ئەم سیاسەتە "بەربەستێکی جیدی" بووە بەرانبەر بە راپەڕینی خەڵکی ئێران.

سەرەتا و مێژووی بابەتەکە!

(10) رۆژ پێش رووخانی محەممەدڕەزاشای پەهلەوی لە ٢٢ی رێبەندانی ١٣٥٧ (١٩٧٩)، "خومەینی" گەیشتە ئێران و کەوتە سەر کورسی وەک "ڕێبەری راپەڕینی دژە پاشایەتیی خەڵکی ئێران"! ئەم ئاڵ و گۆڕەی سیستەم، لە "پاشایەتی"ەوە بۆ "ویلایەتی فەقیهی"، کە ئاوێتەی فریوکاری و کەڵکئاوەژوو لە هەستی ئایینی خەڵک کرا، بە پێچەوانەی ویستی خەڵکی ئێران و رێکخراوە جەماوەریەکان بوو. رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی شا، خواستی خەڵکی سەراسەری ئێران و هێز و لایەنە جەماوەرییەکان بوو. بەڵام دامەزراندنی رژێمی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی هەرگیز جێی پەسەندی خەڵک و هێزە جەماوەری و شۆڕشگێڕەکانی ئێران نەبوو.

بە وتەی بەڕێز مەسعوود رەجەوی و تەنیا چوار رۆژ دوای ئازادبوونی لە زیندانی شا، لە وتارێکدا لە رۆژی ٤ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧(1979)، لە کاتێکدا خومەینی هێشتا لە پاریس بوو، رایگەیاند کە: ئێمە نەهاتووین ئەوەی ئێستا هەیە پشتڕاست بکەینەوە. پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە دەبێت چی هەبێت و چی نەبێت”. ئەمە سەرەتای "دوو روانگە" بوو سەبارەت بە "چارەنووسی خەڵکی ئێران". خومەینی بەر لە هەمووان لەوە گەیشت! هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە لە سەرەتاوە بناغەی رژێمەکەی لەسەر دژایەتیکردنی گەل و هێزە جەماوەریەکان داڕشت و دەرئەنجامی هاتنە مەیدان و هزر و بیرۆکەکەی، "دیکتاتۆرییەتی ویلایەتە فەقیهی" و "سەرکوتکردنی ئازادی" لە ئێران و "شەڕخوازی" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو!

لەو سەردەمەدا، هێزە جەماوەرییەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە سیستەمی دیکتاتۆری لە ئێران لە ناو بچێت و "ئازادی" و "دیموکراسی" و "حکومەتێکی دێموکراتیک" جێگیر بکرێت. هەربۆیە لەو سەردەمەدا، رێگای راست و دروست، "تێپەڕبوون بەسەر خومەینی"  و لادانی "دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی" بوو. واتا وەلانانی "ڕەوت و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی" و هەنگاونان بەرەو "ئازادی و دیموکراسی". کە ئەم پرۆسەیە لە رۆژی ٣٠ی خەرمانانی1360 (1382) گەیشتە لوتکە. لەو رۆژەدا، ژماری خۆپیشاندەران گەیشتە نیو ملیۆن کەس. ئەوەش وەک "خاڵی وەرچەرخان" لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێراندا، کە دوای دوو ساڵ و نیو لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسی، دەبوو وەڵامی "فیشەک بە فیشەک" بدرێتەوە. واتە سەرەتای "شەڕی ناوخۆ" لە ئێران، کە هەڵبەت هۆکاره سەرەکییەکەی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بوو!

لە مێژووی گەلاندا هیچ هێزێکی جەماوەری نەبووە کە خوازیاری شەڕ بێت. دەستپێشخەری شەڕەکە هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بووە. هەر لەبەر ئەمەشە لە میساقی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا، "بەرگریکردن" وەک مافێکی رەوا بۆ هەموو مرۆڤێک و هەموو بزووتنەوەیەکی جەماوەری دژ بە دیکتاتۆرییەت بە رەسمی ناسێنراوە!

"سەری مار"ی شەڕخوازی مانای چییە؟

ئەگەرچی رژێمی مەزهەبیی ئێران هەر لە سەرەتاوە دەستی هەبووە لە شەڕفرۆشتن و شەڕخوازی لە ناوچەکەدا، بەڵام بە روونی لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە هۆکاری شەڕخوازی بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی جێگای سەرنجە و سەیر و سەمەرەشە، ترسی رژێمی ئێرانە لە پەرەسەندنی شەڕ لەو بارودۆخەی ئێستادا. تەنانەت ئەو رەوت و حکومەتانەی بە درووشم و بەرنامەی "زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆم" و بیرۆکەی خەیاڵیی "دانوستان لەگەڵ رژێمی ئیران" هاتنە سەر دەسەڵات، ئێستا نەک هەر فەرمانی هێرشکردنی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەم رژێمە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران واژۆ دەکەن، بەڵکو رایانگەیاندووە کە "ئەمە سەرەتای هێرشکردنەکانە!" ئەمەیش بەڵگەنامەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ سەلماندنی راست و درووستبوونی فۆرمولەی "سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تارانە".

ئێستا عەلی خامنەیی، شکست و نەمانی رژێمەکەی لە شکستی سیاسەتی سازاندا بەدی دەکات و لە رادەبەدەر لەو شکستە تۆقاوە. چونکە لە ناو سنوورەکانی ئێراندا هاوکێشە سیاسییەکان "بەخێرایی" گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و راپەڕینی خەڵکی ئێران و چالاکییەکانی موقاومەتی ئێران بەشێوەیەک رەگ و ریشەی داکوتاوە و پەرەی سەندووە کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئایندەیەکی نزیکدا روو دەدات. هەربۆیە کاتێک شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان پڕیشکێک لەو شەڕە بگاتە ناو ئێران، ئەو بەردەی بەدەست خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوەیە، "سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاران" پان دەکاتەوە!". هەربۆیە بەئامانجگرتنی "سەری ماری ویلایەت لە ئێران" ئەو فورمۆلەیە کە موقاومەتی خەڵکی ئێران هەمیشە روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگەشەی بۆ داوە و داوای کردووە.

***

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu