رژێمی ئێران دۆستی کەس نییە! !

تێڕوانینێک لە دوژمنایەتیکردنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بەرانبەر بە خەڵکی ناوچەکە و جیهان

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران دۆستی هیچ گەل و کۆمەڵگاو و بزووتنەوەیەک نییە کە دژی دیکتاتۆرییەت بێت! چونکە خۆی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە و دەیەوێت لەژێر ناوی (ئیسلام)دا خۆی بەسەر کۆمەڵگەی موسڵماناندا بسەپێنێت. بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بۆ ئەم راستییە کۆمەڵگەی ئێرانە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا، هەر لە سەرەتای ئەم دەسەڵاتەوە هەتاکۆ ئێستا، خەڵکی لە ئازادی "بێبەش" و ئازادیخوازانی ئێرانی "سەرکوت" کردووە یان رۆژانە لە سێدارەی داون. بۆیە رژێمی ئێستای ئێران لە رژێمی دیکتاتۆری پێشوو خراپترە و رژێمێکی ناشەرعی و دژە گەلیە!

یەکێک لە فێڵکردنەکانی دەسەڵاتی ئایینی ئێرانە کە هەمیشە ویستوویەتی خۆی بە "دۆست"ی خەڵکانیتر نیشان بدات و لە ژێر ناوی هاوکاریکردنی فەرهەنگی و مرۆیی!، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندییە دوورمەوداکانی خۆی، لەو وڵاتانەدا سەرمایەگوزاری بکات و لە هەنگاوی دواتردا "هێزی بە وەکالەت" درووست بکات. تەنانەت ئەگەر بە رواڵەتی جیاواز دەرکەوێت!

موقاومەتی ئێران هەمیشە لەسەر ئەم هێڵ و باوەڕە بووە کە هەموو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و جەماوەری و مرۆیی، لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە بە وەکالەتەکانی ئەم رژێمە، بە دیوی نەتەوەیی و جەماوەری و مرۆییەوە هەڵوێستە بکەن و "سەری ماری ویلایەتی فەقیهی" بکەنە ئامانج. لەم حاڵەتەدایە کە هێزی بە وەکالەتی ئەم دەسەڵاتە لە سەرچاوەوە ویشک دەکرێت! ئەگینا خاکەکەیان وەک "هێلانەی مار"ی لێدێت. واتە وەک (ئێران)ی لێدێت کە پڕە لە تاوان و جەردەیی و چەتەیی لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهیەوە! ئێستا ناوچەکە و جیهان شاهیدی راست و دروستبوونی ئەم "باوەڕ"ن کە چۆن "ماری ویلایەتی فەقیهی" سەری بە ماڵان و وڵاتاندا کردووە و بە خێرایی ناوماڵی لە خاوەن ماڵ داگیر کردووە! چارەنووسی ئەو وڵاتانەی کە ئەم دەسەڵاتە "ئەمە"ی تێدا کردووە، لە هیچ کەس شاراوە نییە!

فەڵەستین یەکێک بووە لە یەکەم نێچیر و قوربانییە سەرەکییەکانی ویلایەتی فەقیهی لەم کارەساتەدا! ساڵی 1979 کاتێک خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی شایان رووخاند، یاسر عەرەفات (ئەبو عەمار)، رێبەری کۆچکردووی گەلی فەلەستین و ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەڵەستین(ئەلفەتح)، یەکەم کەس بوو کە پەلەی کرد لە چوون بۆ ئێران بۆ پیرۆزباییکردن لە خەڵک. بەو پێیەی پەیوەندییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێڕانی ئێران و بەتایبەتی لەگەڵ سازمانی موجاهیدیندا هەبوو، کاتێک لێیان پرسی، بۆ پێشوەختە ئاگادارتان نەکردوینەتەوە و هاتوون؟ وتی: "کەسێک داوای مۆڵەت ناکات بچێتە ماڵەکەی خۆی، منیش داوای مۆڵەتم نەکردووە"!

زۆری نەخایاند خومەینی جگە لە عێراق، پلانی بۆ داگیرکردنی فەلەستینیش دانا. بەڵام لەبەر ئەوەی یاسر عەرەفات تەسلیمی هەژموونی ئاخوندان نەبوو، هەمیشە بوو بە یەکێک لە ئامانجەکانی تیرۆریزمی رێژیمی ئێران. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە عەرەفات و هاوکارانی هەمیشە پشتیوانیان لە موقاومەتی خەڵکی ئێران کردووە.

خومەینی و هاوبیرانی، کە چاوی بینینی دۆستایەتیکردنی رێکخراوی رزگاریخوازی گەلی فەڵەستین (ئەلفەتح) لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ئێرانیان نەبوو و ئەم دۆستایەتیکردنەیان بە زار تاڵ بوو، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریانەوە، بەردی بناغەیان لەسەر لەناوبردنی (ئەلفەتح) و (یاسر عەرەفات) دانا و بە وەبەرهێنانی گەورە و چالاکییەکەی بەرفراوان و گشتگیر، هەوڵیان دا (ئەلفەتح) پەراوێز بخەن و هێزی خوازراویان درووستکرد بۆ سەپاندن بەسەر چارەنووسی گەلی فەڵەستیندا!

ڕەنگە یەکێک لە خاڵەکانی "جیاوازی" و "ناکۆکی" لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە بێت کە شەڕی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە بەرهەمەکانی. لە کاتێکدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، "بزووتنەوەی ئەلفەتح"ی وەک "نوێنەری راستەقینەی گەلی فەڵەستین" بە رەسمی ناسیوە و وڵاتانی عەرەبیش باس لە چارەسەری "دوو وڵاتبوون" دەکەن، دەسەڵاتی ئیران دژایەتی ئەم چارەسەرە دەکات و بە فێڵبازی و درۆزنانە، تەپڵی "شەڕخوازی" و " سڕینەوەی ئیسرائیل" دەژەنێت!

هەر لەو روانگەیەوەیە کە دووفاقییەتی و وتە دژ بە یەکەکانی ئەمدواییەی رژێمی ئیران سەبارەت بە رۆڵی رژێم لەم شەڕخوازییەدا و پاشگەزبوونەوە و قسە خواردنەوەی دواتری، بەر لە هەر شتێک، لە لایەک، پێناسەی تیرۆریستی و شەڕخوازی و فراوانخوازیی ئەم رژیمە دەردەخات و لە لایەکی ترەوە، ترسی خامنەیی و رژێمەکەی لە پەرەسەندنی شەڕەکە نیشان دەدات، کە بە شێوەیەکی لۆژیکی لەسەر ئەم هێڵەیە! چونکە خامنەیی و سەرکردەکانیتری ئەم رژێمە زۆر باش دەزانن کە خەڵکی ئێران، لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، بە تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بە هۆی بەهرەمەندبوون لە ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) و پەرەسەندنەکانی ئەم شانەگەلەی سەر بە موقاومەتی ئێران، رووخانی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە بەر دەستە و ئاسۆی روون و نزیکە!

کەواتە ئەگەرچی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و داتای بەردەست نیشان دەدات کە بەردەوام دەبێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە شەڕی سەرەکی و چارەنووسساز، شەڕی نێوان گەلی ئێرانە لە دژی دیکتاتۆرییەت مەزهەبی، کە زەنگی کۆتایی دیکتاتۆرییەتی لێداوە.

لە کاتێکدا شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە مانگی چوارەمی خۆیەوە، ئەم راستییە لە بیروڕای گشتی و بازنەی سیاسی ناوچەیی و جیهانیدا زیاتر رەنگی داوەتەوە کە "سەری مارەکە لە تارانە". واتای ئەم کۆدەنگییە ئەوەیە کە تا دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە سەر کار بمێنیت، شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت!

هەربۆیە ئەم وتەیە "ڕاستە" و حاشا هەڵنەگرە کە رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران دۆستی هیچ گەل و وڵات و کۆمەڵگایەک نەبووە بە ئێستایشەوە. چونکە بەر لە هەموو کەس، دوژمنی خەڵکی ئێرانە و ئۆرکێسترای راستەقینەی دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران، بەرەو کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران نیشان دەدات!

دوا وشە!

موقاومەتی ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ساڵی (1979)ەوە تا ئەمڕۆ کە سەرەتای ساڵی (2024)ە! لەگەڵ ئەهریمەنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی دەستەویەخەیە. لەم ماوەیەدا موقاومەتی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە "سەرچاوەی کێشەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیە". واتە "سەری ماری ویلایەت لە تارانە!" ئەوەی گوێی نەداوەتێ، دۆڕاوە و زیانی کردووە. هەرکەس هاوڕای موقاومەتی ئێرانە با بفەرمووێت، "ئەمە کایە و ئەمە مەیدان!" نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، ئەرک و کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە و بەس!

***

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu