دیاردەی درۆکردن ... خالید گڕاوی


درۆ بریتیە لەپێچەوانە کردنەوەی راستی، یا ئاوەژوو كردنەوە یا شاردنەوەی زانیاری ڕاست و پێچەوانە كردنەوەیان بۆ بەرژەوەندی گروپێك یان كەسێك، درۆکردن بە واتایی شاردنەوە یان داپۆشینی ڕووی ڕاستەقینەی سروشتی مرۆڤ دێت.
زۆرجار لەئەنجامی به‌رگرى کردن لەدرۆکەی، کەسی درۆکەر بۆ ئه‌وه‌ى راستگۆیی خۆی بسەلمێنێ و درۆیەكه‌ی ئاشكرا نەبێت، توشی درۆی گەورەتر و بێئومێدى زیاتر ده‌بێت.
هه‌ندێك كه‌س درۆ ده‌كەن بۆ پارێزگاری کردن لەبابەتێک کە جێگای رەخنە و توڕەبونی خەڵکە، بەڵام بەوتەکانیان ناتوانن نەک راستیه‌كان بشارێتەوه‌، بەڵکو خەرمانی درۆکانیـــــــبان گەورەتر دەکەن.
درۆکردن بۆ بەهێزکردنی کەسیتی لاواز بێت، یا لەپێناوی دەسکەوت پایە بێت، بۆ هەر مەبەستێک بێت کارێکی بێزراوو خراپە.
راستە ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین كە وەک کەسێکی راستگۆ خۆمان نمایش بکەین وا دەریخەین کە ڕقمان لەدرۆیە، بەڵام بەشێکی سەرەکی لەگوفتارەکانمان ناڕاست و دورستن.
درۆ بۆتە هۆکاری كارەساتی گەورە، درۆی تیفیەکان، درۆری مەسولەکان، لەکوێ دابنیشی یا گوێ لەهەرچ بگریت، درۆ یەکسەر ئامادەیە و راستی گوتنیش بۆتە پیشەی کەســــــە بێدەستەڵات و شێت و نەزانەکان. .
درۆكردن دیارده‌یەکی خراپە، زۆرجار مرۆڤی درۆزن توشی شه‌رمه‌زاری گەورە دەبێت، زۆر جاریش درۆزان بۆ پەردەپۆش کردنی درۆکەی توشی چەندان هەڵەی گەورە و گرفتی چاوەڕوانەکراو دەبێت.

لە كۆمەڵگای كوردەواری چەمكی درۆ لە ناو پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ڕەنگدانەوەی گەورە و خراپی لە دەروونی تاکەکان بەجێهێشتووە.
درۆ بۆتە قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵگا، درۆ کردن لەگەل منداڵەکەت، درۆ کردن بە مۆبایل، درۆی ترس، درۆی تەواو نەکردنی کار، درۆ بۆ پینەکردنی درۆ درۆ درۆ. . .

درۆکردن بچوک بێت یا گەورە لەگەل منداڵ بێت یا لەگەل کەسانی گەورە، بەگاڵتە بێت یا بەڕاستی، دەبێتە هۆکارێک بۆ لەدەستانی متمانە لەلای هەموو ئەو کەسانەش کە خزمت بن یا هاوڕێت بن یا ناسیاو.
لەقورئانی پیرۆز زیاتر ۲٥۱ جار وشەی درۆ هاتووە بەڵام یەک ئایەتی گرنگ دەخەمە روو کەتوڕەیی خوا دەردەخات لەکەسی درۆزن. . .

"ثُمَّ نَبْتَهِلْ فَنَجْعَلْ لَعْنَتَ اللَّهِ عَلَى الْكَاذِبِينَ" سورة آل عمران 61: نبتهل بەوانای ئیهمال کردن دێت .  .  .
(( درۆ هۆكارێكە بۆ ئیهمالکردن لە بەزەیی خودای گەورە. )).

کاتێ مرۆڤێک درۆیەک دەکات وەک حاڵەتێک سەیر دەکرێ، جیاوازی زۆرە لەگەڵ کەسێک بەردەوام درۆ بکات کــــــــە بەدرۆزن یا فشەکەر ناو دەردەکات، درۆزنیش خەسڵەتە و وازهێنانی مەحاڵە، لەو حالتە درۆزن قسەی ڕاستیش بکات خەڵک متمانەی پێناکات چونکە ناوبانگی بەدرۆزن دەڕوا.

كۆمەڵگای ئێمە چەمكی درۆكردنی کردۆتە بەرنامە لە گێڕانەوەی شكستە مێژوویەکان و گۆڕینیان بۆ سەرکەوتن.
ئەمڕۆ نوخبەی سیاسی سەروی دەستەڵات لەهەرێمی کوردستان خاوەنداری چەندان یاریدەدەرو راوێژکارو خزمەتگوزار و بەردەستی سیاسی دەکەن، هەمویان پێوەری دڵسوزییان بەندە بەڕێژەی زۆری ئەو درۆیانەی بۆ پینەکردنی کەموکوڕی بەرپرسەکانیان لەراگەیاندنەکان دەیکەن، بۆیە ئەمڕۆ لای ئێمە درۆ حالەتێکی سروشتی نیە، بەڵکو بۆتە دیاردەکی رۆتینی بەربڵاو .

#خالدگڕاوی

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu