مافەکانی ژن لەسایەی شەرعدا ... حەمەسەعید حەسەن

(٢)

تاڵیبان بەپێی شەرع مافی ژن دابین دەکات، شەرعێک کە پیاوی سەرپشک کردووە، بەو ئاسانییەی هەر کاڵایەکی ماڵەکەی دەگۆڕێت، کەی خواستی ژنەکەیشی بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ پێوەندیی ژنومێردایەتی دابنێت کە قەرارە پێوەندییەکی پیرۆز بێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیی منداڵەکانیشی لەبەر چاو بگرێت. ئاخر بەپێی شەرع (پیاو پلەیەک لەسەروو ژنەوەیە، ) هەرچەندە ژن و پیاو هەردووکیان ئینسانن و نەدەبوو ژن نزمتر سەرنج بدرێت. ئەوەیش کە (پیاوان سەروەری ژنانن، ) هەر سووکایەتیکردنە بە ژن. بۆچی شەرع سووک سەرنجی ژن دەدات؟ چونکە سەروەختی جیهاد، ناتوانێت شمشێر بوەشێنێت و ئەگەری ئەوە هەیە، بە دیل بگیرێت و بکرێت بە سەبی، کە دەکاتە کۆیلەی سێکسی. ئاخۆ ئەم تێڕوانینانە بۆ ئەم سەردەمە دەست دەدەن کە تێیدا دەبێت ژن و پیاو یەکسان بن؟

کە تاڵیبان لێ ناگەڕێت، ژن لە ماڵ بچێتە دەر، نە بۆ ئیش، نە بۆ خوێندن، ئەوەی لە شەرعەوە هێناوە، نەک لە گیرفانییەوە، (وقرن في بیوتکن!) ئەو زەلیلکردنەی ژن، بۆ ئەوەیە چاوی لە دەستی پیاو بێت و بە نەفامی بمێنێتەوە، تا کە ژنی بەسەردا هات، هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت. پێ دەچێت شەرع ژن بە تاوانبار بزانێت، ئەگەرنا لە زیندانی ماڵدا بەندی نەدەکرد. بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز، کەمعەقڵیی ژن زادەی ئەوەیە، هەر لە منداڵییەوە بایەخ بە خشڵ دەدات و سەرقاڵی خۆ ڕازاندنەوەیە. بە پیس لە قەڵەمدانی ژن، سەروەختی سووڕی مانگانە، ئەوەیش هەر بۆ شکاندنی شکۆی ژنە و لە جووەوە بۆ تاڵیبان ماوەتەوە.

کچ با هێشتا خوێنی مانگانەیشی لەبەر نەڕۆییشتبێت، دەشێت شوو بکات، ئەمەیش دەکەوێتە خانەی منداڵبازییەوە، ئاخر بەر خوێن لەبەر ڕۆییشتن، هێشتا منداڵە و نە لە ڕووی جەستەیییەوە، نە لە ڕووی دەروونییەوە، بۆ بەشوودان ئامادە نییە. ئەوەی پیاوێکی پەنجا ساڵە یان بەتەمەنتریش، منداڵێکی نۆ ساڵە بهێنێت، سەردەمی جاهیلی باو بووە، هەقبوو شەرعی ئیسلام ڕەتی کردباوە. هەق نییە تاڵیبان دژی سەردەمی جاهیلی بێت، ئاخر ئەوە جەهلە تاڵیبانی هێشتووەتەوە. ژن چونکە کەمعەقڵە، بۆیە بە نیو شایەت دەچێت و پیاو مافی ئەوەی هەیە، چوار مانگێک پشتگویی بخات و دواتر یان بۆ ئامێزی بگەڕێتەوە، یان تەڵاقی بدات، ئەمە (ئیلاء)ی پێ دەڵێن کە بە مانای سوێند دێت و ئەم خووە ناشیرینە کە سووکایەتیکردنە بە هەست و سۆزی ژن و ئەشکەنجەدانێکی دەروونییە، پێش ئیسلامیش هەبووە.

پیاو بەو جۆرەی دەخوازێت، دەتوانێت ژن ئەشکەنجە بدات، بەڵام ژن دەبێت هەمیشە بە دەنگ داخوازییەکانی مێردەوە بچێت، ئاخر ئەگەر مێرد لێی ڕازی نەبێت، ڕێی ناکەوێتە بەهەشت. ئەوەی کە دەڵێت: (چاک لەگەڵ ژناندا هەڵسوکەوت بکەن!) لەگەڵ شەرعدا ناکۆکە، ئاخر مێرد مافی خۆیەتی، لە ژن بدات، فرەژنی بکات، لەگەڵ ژندا نەخەوێت، ئازاری ڕۆحی بدات، نیقاب و حیجابی بەسەردا فەرز بکات و کەی ویستی تەڵاقیشی بدات.

لە واڵی بەڕێزیانەوە وەرگیراوە.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu