ئەمریکا لە پرۆسێسی بوون بە ژمارە دوودا ... عامر سابیر

 

پرۆفیسۆر کیشور مەحبوبانی(1) کە دیپلۆمات و ئەکادیمیستێکی سەنگافورییە. خاوەنی چەندین کتێبە، بەتایبەت دەربارەی چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەنووسێ. مەحبوبانی پێی وایە کە تا ساڵی 2030 چین پیش ئەمریکا ئەکەوێت و ئەبێت بە یەکەم ئیقتیسادی گەورەی دنیا.

لە ساڵی 2000 دا ئەمریکا 5 ترلتۆن دۆلار قەرزاربوو، بەڵام لە ساڵی 2011 دا ئەم قەرزە (ناشناڵ دێت) بوو بە 14 ترلیۆن دۆلار. وە لە 2021 دا (ناشناڵ دێت)ی ئەمریکا بەرزبۆوە وبووە بە نزیک بە28 ترلیۆن دۆلار. کە ئەمە بەرزبوونەوەیەکی زۆر خەیاڵییە تەنها لە ماوەی 10 ساڵدا (2).

مەحبوبانی ئامۆژگاری ئەمریکا ئەکات و ئەڵێت لە ئێستادا کە ئەمریکا ژمارە یەکە، ئەبێت وەک نموونە (ڕۆڵ-مۆدڵ) خۆی پیشانبدات بۆ چین و بە شێوەیەکی عاقڵانە ڕەفتار بکات و ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێت. تا لە سبەی ڕۆژدا کە چین بوو بە ژمارە یەک، ئەویش بە شێوەیەکی عاقڵانە ڕەفتار بکات.

دۆناڵد ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) و جۆزێف بایدن (سەرۆکی ئێستا ئەمریکا) هەردووکیان بە شێوازی جیا جیا بەرگری لە مەوقعی ئێستای ئەمریکا ئەکەن. جارێک بە ئینکاری ڕۆچوون بۆ بوون بە ژمارە دوو. وە جارێک بە هەڕەشە و شەڕ، بۆ مانەوە لە ژمارە یەکدا. هەوڵەکانی ترامپ بێ هودە بوو، وە ئەمەی بایدنیش بێ ئەنجام ئەبێت. هەرچەندە ئەوەی بایدن ئەیکات ئەتواندرێ زیاتر خەڵکی پێ ئیقناع بکرێ وەک لەو گەمژەییانەی کە ترامپ کردی و زیاتر ئەمریکای بردە دواوە.

محبوبانی پێی وایە کە چین، وەک یەکێتی سۆڤییەت نییە و چین هەرگیز هەوڵی ئەوەی نەداوە و نادات کە ئایدۆلۆژیای حیزبی کۆمۆنیست بنێرێ بۆ وڵاتانی دەرەوە و هەوڵی دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیست لە وڵاتانی تردا بدات. وە پێی وایە کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا پێویستە کە سوپاس گوزاری حیزبی کۆمۆنیستی چین بن. چونکە وەزعی چینیان ئارام ڕاگرتووە و کۆنترۆڵیان کردووە. وە پێی وایە ئەگەر لە جیاتی حیزبی کۆمۆنیست، ناسیۆنالیستەکان بێنە سەرحوکم، ئەوا زۆر شت لە ڕۆژئاوا قبوڵ ناکەن و دنیا لەوەزعێکی نائارامتر و خەتەردا ئەبێت.

جۆ بایدن لە 2014 دا کاتێک کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما) بوو، لە وتارێکیدا لە کۆڵۆڕادۆ گاڵتە ئامێزانە ئەڵێ چین 6 بۆ 8 جار زیاتر لە ئێمە ئەندازیار و زانا پێئەگەیەنێ(3). وە درێژەی پێ ئەدات و ئەڵێ بەڵام چالێنجی هەر کەسێک ئەکەم، کە تەنها یەک پرۆژە، یەک گۆڕان، یەک بەرهەم کە داهێنانی چین بێ، پێم بڵێ.

پاسکاڵ کۆپن (4) کە خەبیرێکی کاروباری چینە و بە ڕەچەڵەک بەلجیکییە وخاوەن بەرنامەیەکە بە زمانی ئینگلیزیکەتایبەتە بە چین، بەناویتێڕوانینی پاسکاڵ بۆ چین (پاسکاڵس چاینە لێنز). پاسکاڵ سەرسوڕمانی خۆی لەو ئیدیعا بێبناغەیەی بایدنلە ساڵی 2014 دا پیشان ئەدات و ئەڵێ لە 2014دا تەنها لە شاری شنزن، کە ئەم شارە یەکەمیش نییە بۆ داهێنان لە چیندا. بەڵامچوار کۆمپانیای گەورەی تێدابووە کە داهێنانی چین بووە و باشترین و سەرکەوتووترین بوونە لە جیهاندا، کە ئەمانەی خوارەوە بوون؛

Huawei (Chinese Multinational Technology Company)

Tencent (is a world-leading internet and technology company based in Shenzhen)

BYD “Build Your Dreams” (a Chinese manufacturing company)

BGI Group “Beijing Genomics Institute” (genome sequencing company)

بەڵام لە 28/04/2021 دا، هەر جۆ بایدن خۆی کە سەرۆک کۆمارە و لە یادی 100 رۆژەی دەستبەکاربوونیدا لە وتارەکەیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا (ستەیت ئۆف زە یونیان سپیچ) (4) وتی؛ لە دە ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاری زۆر گەورە ڕووئەدات کە لە 50 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لە مەیدانەکانی (ئارتیفیشێڵەڵ ئینتلجینس، بایۆ تیک و ئینۆڤەیشندا (داهێنانی نوێدا)). وە وتی ئێمە لە دوای وڵاتانی تری جیهانەوەین و لەگەڵ چیندا لە پێشبڕکێداین بۆ بردنەوەی سەدەی 21. هەروەها وتی هەرکەس خاوەنی 10 ساڵی ئایندە بێ، ئەوە ئەبێت بە گەورەترین هێز(سوپەر پاوە)ی جیهان. بایدن لە 2014 دا گاڵتە بە چین ئەکات یان بۆ مەبەستی تر نایەوێ ڕاستییەکان ببینێ. بەڵام لە 2021 دا ئەڵێ لە دواوەین!

لە 10 ساڵی ڕابردوودا چین گۆڕانکاری گەورەی کردووە. بە تایبەت لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریدا سەروەتێکی خەیاڵیان سەرفکردووە. پاسکاڵ ئەڵێ چینییەکان وتەیەکی زۆر کۆنیان هەیە کە ئەڵێن " بۆ ئەوەی پێشکەوی و دەوڵەمەندبی، یەکەم شت کە بیکەی ئەوەیە کە ڕێگاوبانت چاکبکەی". بۆیە ئێستا چین کراوە بە گوندێکی بچوک و 30 هەزار کیلۆمەتر هێڵی شەمەندنەفەری خێڕا و 120 هەزار کم ڕێگاوبان و 130 هەزار کم جادەی خێرا (های وەی) یان بنیات ناوە، وە تەنها لە شارێکی وەک (شەنگهای)دا 22 هێڵی ئاسنی ژێر زەوی (سەب وەی) بۆ کراوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، چین زیاتر لە 750 ملیۆن لە دانیشتوانەکەی، کە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، بەرزکردۆتەوە و بوونە یان نزیک بوونەتەوە لە چینی مام ناوەند. بە پێچەوانەوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە ئەمریکادا هەژاری تا هاتووە زیادی کردووە.

جۆ بایدن لاسایی چین ئەکاتەوە و لە وتەکەیدا بۆ کۆنگرێس لە 28/04/2021 دا ڕایگەیاند کە 2. 2 ترلیۆن دۆلار خەرج ئەکات بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری ئەمریکا و خزمەتی بەساڵاچوان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی دانیشتوانەکەی. وە وتی کە تا کۆتایی ئەم ساڵ (2021) بلوێنێک ڤاکسین ئەنێرێ بۆ وڵاتانی دەرەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە ئیتر پاڵپشتی بلوێنەرەکان کە بە 1٪ ناویبردن، ناکات و یارمەتی چینی ژێرەوە ئەدات و ئەمریکا لە ژێرەوە بۆ ناوەند بەرز و فراوان ئەکاتەوە.

پاسکاڵ کۆپن پێی وایە کە ئەمریکا 100٪ کۆپی چین ئەکات. ئەو 2. 2 تریلیۆنەی کە بایدن بڕیاری داوە تا ئێستا تەنها 20٪ گۆنگرێس ڕەزامەندی نیشان داوە بۆی، لە کاتێکدا لە چین تا ساڵی 2025 تەنها شارەوانییەکانی شارە جیا جیاکانی چین، 5 تریلیۆن دۆلار سەرف ئەکەن بۆ پەروەردە و تەندروستی و داهێنان لەناوچەکانی خۆیان. ئەمە سەرەڕای ئەو 1. 6 تریلیۆنەی بۆ پرۆژەی پشتێنە جیهانییەکە لە 2013 ەوە دەستی پێکراوە.

بایدن لە ناردنەدەرەوەی ڤاکسینیشدا لاسایی چین ئەکاتەوە، کە ناردنە دەرەوەی ڤاکسین پێشتر چین دەستی پێکردبوو، وە تا ئێستا نزیک بە 500 ملیۆنی داوە بە وڵاتانی دەرەوە.

پاسکاڵ ئەڵێ ئەمریکا ئەگەر کۆپی چین بکات، ئەوا نایباتەوە، چونکە چین زووتر و باشتر و گەورەتر دەستی پێکردووە. وە وتەیەکی (ستیڤ جۆبس- کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئەپڵ) ئەهێنێتەوە کە ئەڵێ؛ "بۆ ئەوەی پێشبڕکێ ببەیتەوە، نابێت بڵێی هەمان شت بە هەمان ڕێگا باشتر ئەکەم، ئەبێت بە جیاوازتر بیکەی بۆ ئەوەی بیبەیتەوە".

جۆزێف ستیگڵیتز (5) کە لە 2001 خەڵاتی نۆبڵی لە ئابووریدا وەرگرت، لە 2018دا لە وتارێکیدا لە (بزنز سکوڵی نەرویجی) ئەڵێ؛ لە ساڵی 2015دا ئەو ڕێکخراوەی لیستی ئیقتیسادی وڵاتان ڕێک ئەخات، بڕیاریان دا پێوانەی (پی پی پی) بەکاربهێنن بۆ پێوانەی گەورەیی ئابوری وڵاتەکان. وە بۆ ئەوەی کارێکی وا بکەن ئەبێت زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕازی بن لەسەری. بەڵام دوو وڵات لە دژی وەستانەوە، یەکەم ئەمریکا بوو، کە نەیئەوست ببێت بە ژمارە دوو. وە دووەم چین بوو کە نەیئەویست ببێت بە ژمارە یەک لەو کاتەدا.

بەداخەوە زۆر کەس، کە لە نێویاندا هەندێ لە کۆمۆنیستەکانیش، کە تەحلیلی ڕووداوەکانی ئەفغانستان و کێشەکانی تری دنیا ئەکەن. ڕوسیا (کە ئیقتیسادەکەی هێندەی کۆریای باشورە و تەنها بە چەکە نەوەوی و جبەخانە سەربازییەکەیەوە سەرکێشی ئەکات) و یەکێتی ئەوروپا، بە ڕکەبەرەکانی ئەمریکا دائەنێن و زۆر جار چین ئەکەنە دوای ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپاوە. ڕوسیا بە تایبەت لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر چۆتە دواوە و وەک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها پشتی بە ناردنەدەرەوەی نەوت و غاز بەستووە، کە پێشتر لە سەردەمی سۆڤییەتدا وانەبوو، وڵاتێکی پێشکەوتووتر بوو.

بە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و داڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت لە 1991 دا. ئەمریکا ڕکەبەرێکی تری داتاشی بۆ خۆی کە تیرۆریزمی ئیسلامی بوو، بۆ سەپاندنی هەژموونی باڵادەستی خۆی بەسەر دنیادا. لە ئێستاشدا کە بە کشانەوەی لە ئەفعانستان تیرۆریزمی ئیسلامی کە لە بنچینەدا دروستکراوی دەستی خۆی بوو، کردەوە ژێر باڵی خۆی. ئیتر لە ئێستا بەدواوە چین ئەو دوژمنە سەرەکییە ئەبێت کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەکاریبهێنێ بۆ درێژەدان بە ملهوڕییەکانی وسەپاندنی هەژموونی خۆی لە ئاستی دنیادا.

سەرچاوەکان

(1)

Has China Won? The Chinese challenge to American Primacy. (2020). Kishore Mahbubani. Published by Public Affairs, ISBN: 1541768132.

کیشور مەحبوبانی کە ئەکادیمیستێکە خەڵکی سەنگافورەیە و پێشتر دیپلۆمات بووە (لە 1971 تا 2004) لە وەزارەتی دەرەوەی سەنگافورە کاری کردووە و ماوەیەکیش سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. مەحبوبانی زیاتر لە 12 کتێبی نووسیوە و بەشی زۆری دەربارەی چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و چەند جارێک لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی دنیا بوو. مەحبوبانی لە ساڵی 2014 دا لەلایەن گۆڤاری (پرۆسپێکت)ەوە کە لە بەریتانیا دەردەچیت. بە یەکێک لە 50 بیرمەندی گەورەی دنیا ناسێنراوە.

(2)

https://theconversation. com/why-america-has-a-debt-ceiling-5-questions-answered-164977

(3) لینکی وتارەکەی جۆ بایدن لە 2014 دا:https://www. youtube. com/watch?v=xuEOVL_ICew&t=0s

China’s New Normal, by Coppens Pascal. (2019). PelckmansPro(4)

(5) لینکی وتاری جۆ بایدن لە 28/04/2021 لە کۆنگرێسی ئەمریکا.

https://www. youtube. com/watch?v=Bh87V3f0FaA

(5)

Economics professor Joseph E. Stiglitz, who received Nobel’s Memorial Prize in Economics in 2001, held a lecture at BI (Business Intelligence) Norwegian Business School, where he was appointed honorary doctorate.

https://www. youtube. com/watch?v=Iaw4n9IZDdc

PPP (Purchasing Power Parity) VS Nominal

پی پی پی و نۆمینەڵ دوو شێوازی جیایە بۆ ڕیزکردنی ئابوری وڵاتان

عامر سابیر

01/09/2021

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu