ناوبڕی زمان: شەڕ هەرگیز دروست نابێ! ... ڕێبوار فەتاح

جوانی زمان لەوەدایە کە هەموو ناوێك بە جۆرێك وەست دەکرێ و هەموو فرمانێکیش دۆخێکی هەیە. بۆ نمونە گوڵ جوانە، بەڵام زمان ڕەوانە. شەڕ نەهامەتیە و ئاشتیش ئارامبەخشە. زمان ڕێمان پێ نادات بڵێین: ئەسپ ڕادەکات. ئەسپ هەرگیز ڕاناکات، سمکۆڵ دەکات؛ چوارناڵە دەکات؛ غار دەدات؛ تد. گەر ئەم سەرەتایەی زمانە نازانیت، کەڵکت نیە لە کارێکدا گشتدا بیت.

شەڕ هەرگیز دروست نابێ لە زمانی کوردیدا! لەم نمونانەدا دیارە:

- کەسێك شەڕ دەنێتەوە. ئەمان شەڕەکەیان نایەوە.

- کەسێك شەڕ دەکات. بۆچی شەڕ دەکەیت!

- کەسێك شەڕ دەستپێ دەکات. ئەو شەڕەکەی دەستپێ کرد.

- کەسێك شەڕانگیزە. هەر بە سروشت خۆی شەڕانگیزە.

- کەسێك شەڕانیە. تۆ خۆت هەر شەڕانیت.

- کەسێك شەڕ فرۆشە. شەڕمان پێ مەفرۆشە!

- کەسێك خۆی لە شەڕ لادەدات. شەڕمان لێ لادە؛ تالیبی نین!

- کەسێك دەچێ بۆ شەڕ. مەچۆ بۆ شەڕ!

- شەڕ ڕادەگرێ. عێراق و ئێران شەڕیان ڕاگرت.

هەرگیزای هەرگیز شەڕ دروست ناکرێ و نابێ، خۆ دیزە نیە.

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu