"ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جێندەر" ... ڕێبوار فەتاح

ئەوە ناوی ڕێکخراوێکە. گومانم نیە کاری زۆر چاك دەکەن و لە کەسانی زۆر دڵسۆز پێكهاتووە. من هیچ دەربارەیان نازانم. لێرەدا تەنیا لە ڕووی زمانەوە لە ناوی ڕێکخراوەکە دەڕوانم.

ئەم ڕێکخراوە وەك بە ناوەکەیدا دیارە دوو کاری هەیە:

- لێکۆڵینەوە دەکات. هەڵبەت دیار نیە لە چ بابەتێکدا، چونکە لە ناوی ڕێکخراوەکەدا "لێکۆڵینەوە" نەبەستراوە بە "جێندەر"ەوە. ناکرێ بگوترێ کار لەسەر جێندەر دەکات.

- کاریکی دیکەی پێدەچێ تایبەتمەند بێ لە "زانیارییەکانی جێندەر". دیارە "زانیارییەکان" دروست نیە، بەڵکو "زانیاری جێندەر" ڕاسترە. هیچ پێویست ناکات "زانیاری" بە کۆ بەکاربێ، تاکە. سەرباری ئەوەش هەر دیار نیە چ کارەیە. "زانیاری جێندەر" چیە؟ کۆی دەکاتەوە! پڕۆسەی دەکات! لەنێوی دەبات! تد. . .

ئێستا پێدەچێ ئەم ڕێکخراوە ناوەکەی بەمجۆرە بێ:

ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیاری جێندەر

کە "و" بەکارهات دەبێ هەردوولای هاوتابێ:

- بەشی یەکەم: ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی جێندەر - مانابەخشە، بەڵام ئەو مانایە نابەخشێ، کە مەبەستە. ئەمان لە خودی "جێندەر" ناکۆڵنەوە، بەڵکو "لەسەر جێندەر" کار دەکەن.

- بەشی دووەم: ڕێکخراوی زانیاری جێندەر - بێ مانایە، چونکە زانیاری وەك لێکۆڵینەوە فرمان نیە، ناوە، بۆیە دوولای ئەم "و"ە، تەبا نین. دەکرێ ئەملای هاوکێشەکە وا بگوترێ:

- ڕێکخراوی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر جێندەر - مانابەخشە.

ڕەنگە مەبەستیان یەکێ لەمانە بێ:

- ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر جێندەر

یان

- ڕێکخراوی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە لەسەر جێندەر

هیوادارم هاوکار بێ. 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu