وتارەکەی بایدن ... ڕێبوار فەتاح

زۆر بە وردی گوێم لە وتارەکەی بایدن گرت. بە کورتی:

- وتاری سەرۆکێکی تێکشکاو بوو.

- پاساو بوو بۆ شکستی گەورەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، گوزارشتە لە تێکشانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە جیهاندا. لە عێراق و سوریاش تێکشکاوە.

- ڕەخنەی لێ دەگیرێ بە چ هۆکارێك ئەو کەسانەیان زووتر دەرنەکرد کە لە مەترسیدان. پاش داگیرکردنی کابول دەستیان کرد بە دەرکردنیان، هەم گەڕەلاوژێیەکی بێوێنەی لە فڕۆکەخانەی کابول دروست کرد، هەم ژیانی خەڵکی خستە مەترسیەوە. پاساوی لاوازی هێنایەوە.

- لۆمەی دەسەڵاتی ئەفغانستانی کرد، وتی، "هەڵهاتن!" ئەوەی بیرچوو کە ئەمەریکا ئەو دەسەڵاتەی لە ئەفغانستان داناوە. ئەوە دەسەڵاتی گەلی ئەفغانستان نەبوون. ئەمەریکا خۆشی هەڵهات.

- وتی، ئێمە نامانەوێ شەڕ بۆ ڕژێمێك بکەین کە خەڵکەکەی خۆی نایەوێ شەڕی بۆ بکات. بیری چوو کە ئەمان ٢٠ ساڵە شەڕ بۆ ئەو دەسەڵاتە دەکەن و بە مەمکەمژە شیری دەدەنێ. چی گۆڕا.

- وتی، لە مانگی جوڵادا - زوو نەبوو! - تەلەفۆنم لەگەڵ غەنی-دا کرد وتم، گەندەڵی ڕابماڵن. بیری چوو کە ئەمان گەندەڵیان بردە ئەفغانستان.

- وتی، کاری ئێمە پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکایە، نەك نەتەوە دامەزراندن. بیری چوو کە ئەمەریکا ئەفغانستانی تەخت کرد. پێدەچێ ویستبێتی ئەفغانستان بە تەختی بەجێ بهێڵێن. ئەی بۆ عێراق دەڵێ چی! عێراقیان تەخت کرد، وتیان چەکی کۆمەڵکوژی تێدایە. هیچیان نەدۆزیەوە. ناکرێ بچنە دادگایەکی نێودەوڵەتیەوە بۆ تەختکردنی وڵاتێك بە تاوانێك، کە بناغەی نەبوو.

- وتارێکی نەتەوەپەرست بوو. جیهانی فەرامۆشکرد و وتی ئێمە تەنیا ئاسایشی ئەمەریکا دەپارێزین. ئەمە ئەوپەڕی دووفاقیە.

- بیری چوو، کە ئەمەریکا چوو تاڵیبان لە نێوبەرێ، کە وەك ڕێکخراوێکی تێرۆرست ناوزەندیان کردبوو. پاش ٢٠ ساڵ چۆکیان لەبەردەم تێرۆرستدا دادا. ئەوپەڕی شەرمەزاریە بۆ ئەمەریکا.

- ئەمانە زۆری پەیام بوو بۆ عێراقیش.

وتارێکی لاواز بوو، لە پیاوێکی تێکشکاوەوە.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu