هەڵبژاردن بۆ پارلەمانی عێراق و ئاکامەکانی ... نووسینی برایم جەهانگیری

پێشەکی با دەستخۆشی لە هەموو عێراقیەکان بکەم کە یەکەم وڵاتی عەڕەبین بە شێوەیەکی گشتی ولە پلۆرالیزمێکی سیاسیی و هەمە چەشن دا هەر کەسە و هەوڵی سەرخستنی لیستی حیزبەکەی خۆی داوە، لێرە ئامانج ئەوە نیە کە لایەنە چاک و خەراپەکانی لیستەکان شرۆڤە بکەم، کێ سەر بە ئێرانە و کێ نییە، کێ ئیسلامی سەقەت و دمارگرژە کێ لائیک و دوور لە دەمارگرژی بیر دەکاتەوە، دەشزانم ئەو سیستەمە بەرهەمی دەستتێوەردانەکانی ئەمریکایە دەنا خەلکی ئەو ناوچەیە هەرگیز باوەڕ بە شتی وا ناهێنن. هەر بۆیە کاتێ پیرۆز بایی دەکەم لە گەلی عێراق بۆ ئەمەیە کە یەکەم وڵاتە هەڵبژاردنی ئازادی تێدا بەڕێوە دەچێ و بە دڵنیاییەوە ئەگەر دەست تێوەردانی ئێران لێیان گەڕێ ڕەنگە عێڕاق ڕێرەوێکی دیکە بگرێتە بەر و بەرەو هەڵوەشان ولەبەر یەک ترازان نەچێ.

بۆ باشوور بە گەرمی پیرۆزبایی لە گەلی باشوور دەکەم کە لە سەر سندووقەکانی دەنگدان دا پەیامی خۆیان بە ئاشکرا بە گوێی لایەنەکان گەیاند، ئەوان نیشانیان دا کە سەرەرای هەموو گلەیی و گازندەکان سەرەڕای ئەوەی کە میحوەری مقاومەت زۆری هەوڵ دا حکوومەت و بە تایبەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان کە تاکە حیزبی نەتەوەیی ئێستای گۆرەپانی خەباتی گەلی باشوورە لەبەرچاوی خەڵک بخەن بەڵام ئەنجامە بەراییەکان ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە گەل لە باشوور هەر وەک پێشوو نەتەوەییە و نیشتمانی خۆی بە هەموو کەموو کووڕیەکانەوە خۆش دەوێ و دەیهەوێ بە ئازادی و سەرفرازی لەسەر خاکی خۆی بژی.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەو هەڵبژاردنە دا سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد، ئەوە بەدڵنیاییەوە جێگەی خۆشحاڵی هەموو ئینسانێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کوردە، ئەو خۆشاڵییە هەندێ ئازایانە دەری دەبڕن هەندێکیش لە بەر شانتاژی میحوەری مقاومەت و لەبەر ئەو پیلانەی کە دەەیهەوێ باشوور وبەشەکانی دیکە بەتاایبەتی باشوور و ڕۆژهەڵات لێک هەڵاوێرێ و تەنانەت لەبەر یەکیشیان دا ڕابگرێ کە ئەوە ڕێک سیاسەتی داگیرکەران بەتایبەتی ئێرانی فاشیستییە ناوێرن قسەی دڵی خۆیان بکەن، ئاها نەکا پێیان بڵێین مەسەلەن ڕۆژهەڵاتیان لەبیر کردووە! نەکا پێیان بڵێن پارتیە!

پارتی بۆ بەتەنێ بەقەرا هەموو حیزبەکانی باشوور بگرە زیاتریش دەنگ ومتمانەی خەڵکی بەدەست هێنا، دروشمی پارتی چی بوون? بە کردەوە و بە پلان وبەرنامەی چەند ساڵە ئەو حیزبە چی کردووە؟

لەو هەڵبژاردنە دا پارتی زەقترین دروشمی کوردستانی بوون و داکۆکی کردن لە نەتەوە نیشتمانەکەی واتە کوردستان بوو، ئەو چەند ساڵەی ڕابردووش بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە. پاشان باسی خۆشگوزەرانی و کار و ئاوەدانی دەکرد. ئەمەشیانی بەکردەوە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە کردەوە سەلماندووە. کەوایە پارتی بەو دروشمانە سەر کەوت، ئەوەش ڕێک بە مانای ئەوە دێ کە هەرچی بەرەی مقاومەتی سەر بە ئێرانە و ئەوەی لەو چەند سالە دا ئەوان کردیان بۆ دڵسارد کردنەوەی دڵی خەڵک و لەو رێگایەش دا بە راستی پ ک ک و گۆڕان بە هەموو توانایەنەوە ئەوەی پێی دەکوترا ئیرهابی فیکری لە دژی پارتی درێغیان نەکرد، بەڵام گەل پارتی هەڵبژارد وئەوانی ڕەت کردەوە.

وشیار عەبدولڵای کۆنە یەکێتی و تئوریسیەنی بە دۆژمن کردنی هەولێر و سڵیمانی، داڕێژەری کولتووری جنێو و سووکایەتی بە هاوپشتی بەشێک لە گۆڕانخوازان کە من چەند ساڵ لەمەو بەر لەسەر ئەو ڕەفتارەیان ناویانم وەک بزووتنەوەی وێران هێنابوو تاوانی ئەو ڕەفتارە و ئەو پیلانە شوومەی داگیرکەرانیان وەک دابەشکردنی باشوور بە دووبەرەی تەواو دوژمن بەیەک وەرگرتەوە.

گەل چارەنووسی گۆڕانی دیاری کرد، ئەمجار لێرە بەو لاوە پ ک ک دەبێ دەم لە کار وباری باشوور وەرنەدا چون بە پشتگیری کردنی لە هاوپەیمانی کوردستانی واتە یەکیتی_ گۆڕان ئاشکرا بوو کە نە سەنگی هەیە و نە کەسیش حیسابی ئەوەیان بۆ دەکا کە بە سازکردنی چەند پەیجی ساختە بیهەوێ جێگەی خۆی لە باشوور دا بکاتەوە. پ ک ک بێجگە لەمە خۆی وەک تەفگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردنی باشوور بوو بەڵام نێویان هەر نەبوو، وەک ئەوەی بەشداری هەڵبژاردبن هەر نەبووبن، کەس حیسابی بۆ نەکردن . پ ک ک لێرە دووسەرە بە دووڕاو حیسابە و دەبێ ئەو لە پێش هەموان دا واز لەو سەقەتکاریە بێنێ کە بەنێوی سیاسەت خەریکە دەرخواردی خەڵکی کوردستانی دەدات. واز لە دەست تێوەردان لە باشوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان بێنێ. ئەگەرچی فارس گوتەنی "میخ اهنی نرود بە سنگ!"

پارتی سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد بەڵام لەهەمووی گرینگتر سەرکەوتنی کورد بوو لە کەرکووک بە٧ نوێنەر ( جارێ) لە پەرلەمانی بەغدا، تورکمان وعەرەب هەموی تا ئێرە ٥ دەنگی هەیە ئەوە سەرەرای ئەو ڕێگرییەی لە کوردەکان کراوە، سەرەرای ئەوەی هێشتا بەشێکی زۆر لە ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕاونەوەو نەشچوونە کەرکوک بۆ دەنگدان. ئەمە جارێکی دیکەش و دوای رێفراندۆمی باشووری کوردستان کوردستانی بوونی کەرکووکی سەلماندەوە.

لیستی هەرە سەرکەوتوو لەباشووری کوردستان پارتییە، لێرەدا پارتیەکانیش دەبێ ئەوە بزانن کە چون زۆرترین دەنگیان هێناوەتەوە نابێ مەغروور بن، یەکەم دەبێ سیاسەتی کوردستانی بوونی خۆیان تۆختریش کەنەوە چون ئەو سەرکەوتنە بە پلەی یەکەم بەرهەمی کوردستانی بوونی پارتییە، دووهەم لەوە دڵنیا بن چون زۆرترین دەنگیان هێناوەتەوە وزۆرترین نوێنەریان لە پارلەمانی عێراق دا هەیە زۆرترین مەسئوولیەت وبەرپرسیارەتیشیان دەکەوێتە سەر شان، لێرەوە دەبێ ئەو کوردستانی بوونە بەوە ئیسپات کەنەوە کە لە بەغدا پێویستیان بە هەموو نوێنەرە کوردەکان هەیە، هەر بۆیە لە ئێستاوە بەر لەوەی وەک یەکێتی هەر لەسەرەتاوە چۆن هاوپەیمانی دەگەڵ عەرەبەکان ڕاگەیاند پارتی نابێ ئەوەبکاتە ستراتیژی خۆی بەڵکوو هاوپەیمانی پارتی هەرچۆنی بێ هەر یەکیتی و باقی هێزە کوردستانییەکانن، دوایە دەکرێ دەگەڵ عەرەبەکانیش بە پێی بەرژەوەندی کورد هاوپەیمانی بکرێ. بەڵام ئەم جارەیان هاوئاهەنگی و ڕیکخستنی ئەو کوتلە پارلەمانییە کوردستانییە دەبێ بە پلان وبەرنامە بکرێ بە تایبەتی کاتێ ئەو پۆلە خاک فرۆش و نیشتمانفرۆشەی جاری پێشوو لە پەرلەمانی عێراق دا هەرچی دژی کورد نەبا نەیان دەکرد و پەسندیان نەدەکرد کەوتنە بەر سزای گەل و خرانە ناو لاپەڕەکانی ڕەشی مێژووە.

شکست خواردووەکان بە تایبەتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان وەک دووهەم هێزی سەر ساحەی کوردستان دەبێ لە جیاتی کاردانەوە لەبەرامبەر سەرکەوتنی پارتی دێمۆکڕات و وەدووی بەهانە و تانەو شتی بێ سەمەری لەو بابەتە کەوێ بیر بکاتەوە بۆ وای لێهات، بۆچی دەنگەکانی سەرەڕای هاوپەیمانی دەگەڵ گۆڕان هەر کەمی کرد، یەکەم هاوپەیمانیەکە لەبنەڕەتڕا هەڵە بوو، چون گۆڕان کە دروست بوو بۆ دژایەیتی و دوژمنایەتی پارتی دروست بوو، خەڵکیش هێدی هێدی لەو سیاسەتە ماندوو بوون، ئەوان حیزبیان بۆ ئەوە ناوێ دژی یەکتر بن ئەوان حیزبیان دەوێ بۆ ئەوەی ئایندەیان بۆ دابین بکات، کوردستان بەرەو پێشەوە بەرن، نیشتمانیان بۆ لە ژێردەستەیی ڕزگار بکەن وخۆشگوزەرانی و ئاوەدانیان بۆ بە دیاری بێنن، نەک فەوزا و شەڕە بوتڵ لە نێو پارلەمان و جنێودان و سووکایەتی کردن بکەن بە بنەمای دەنگ کۆکردنەوە خەڵک گەوجاندن و تێکدانی کولتووری جوانی پێکەوە حاوانەوە برایەتی خەڵکی باشووری کوردستان، یەک بکەن بە باش ویەک بکەن بە جاش!! گۆران لەو چەند ساڵە دا جگە لەمە چی دیکەی نەکرد. هەربۆیە کەوتە بەر سزای خەڵک.

یەکێتی دەبێ بە تەواوی خۆی ورد و خاش کات ولە سەڕڕا خۆی هەڵشێڵێتەوە و ساخ کاتەوە، دەبێ لە جیاتی ئەوەی قاسم سولەیمانیەکان بکا بە سەرکردەو دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان دەبەر دەەستی بنێ و لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای نوێنەرەکانی وەک ئاڵا تاڵەبانی لە بەغدا جگە لە دوژمنایەتی کورد و کوردستان شتێکی دیکە نەکات دەست بکاتەوە بە شەڕ لەسەر ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، لە جیاتی ئەوەی لاهووری شێخ جەنگی بە جنێودان وگوڕە گوڕ بەرامبەر بە پارتی عەرزی عەزەلات بکات، چەند لات ولووتێک لە خۆی کۆ کاتەوە و دۆنکیشوەت ئاسا خۆی پێ تاکە سواری مەیدان بێ کە ئەم شکستە بەشی هەرە زۆری بەرهەمی ئەو سیاسەتە بوو کە لاهوور پەیرەوی دەکرد، لە چاکسازی و لە پەرەپێدانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان دەگەڵ پارتی بچێتە کێ بەر کێیەوە. لەجیاتی پشت بە بەغدا وبە تاران وبە پ ک ک ببەستێ دەگەڵ پارتی ببێ بە هاوپەیمانی راستەقینە بۆ دەستەبەر کردنی مافە دەستووریەکانی کورد لەبەغدا، ئەگەر یەکێتی دەیهەوێ بگەڕێتەوە دۆخی جاران نابێ مەیدانی کوردایەتی بە کردەوە بۆ پارتی بەتەنێ بەجێ بێڵێ. ئەو دەبێ بە دروشم وکردار بگەڕێتەوە سەر ئەو باوەرەی کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە نیشتمان لە پێش هەموو شتیێکەوەیە بۆ ئەوان. یەکێتی دەبێ لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی دەگەڵ پارتی یەک سەنگەری هەبێ، دەبێ یەک بن، یەک حیزب بن. ئەوەیە کلیلی سەرکەوتنی کورد کە کوردیش سەرکەوت ئیتر هەموو سەرکەوتووین، یەکێتیش سەرکەوتووە.

یەکیتیی ئیتر لەمەو دوا با پێی وانەبێ سیاسەتی درۆ و چەواشە کردنی خەڵک تا سەر دەچێتە سەر خەڵکی بێدەنگ و نادیار سێڵاوێکن کە دەتوانن زۆر جاران دەسەڵاتی رەهای بێ بەرنامە و موزایەدەچی راماڵن. بۆیە خەڵک سزای ئێوەی دا بە سەرکردایەتی لاهوور شێخ جەنگی، یەکەم لەبەر فرۆشتنی کەرکووک دووهەم لەبەر ئەو چەلەحانییەی لە ڕێگای پەیج و لاپەرە ساختەکانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان دژی ئەم وئەو پارەی خەیاڵیتان بۆ سەرف دەکرد. سووکایەتی و جنێو نەما بە خەڵکی نەدەن، خەراپە نەما دەگەڵ خەڵکی خۆتانی نەکەن جا بزانە دەگەڵ خەڵکی دیکە چیتان کردووە؟ مافیا و دز و جەردەکانتان ئازاد وبەڕەڵا کردبوو و سلێمانی ببوو بە تیکزاس! ئیدی خەڵک لەو هەڵبژاردنە دا نیشانی دا چی دەوێ و بە ئاشکرا کوتیشی چی ناوێ.

هۆکاری کەمی ڕێژەی بەشداری کردنی خەڵک.

ناڕەزایەتی خەڵک کە ئەمەیان هەیە بەڵام ئەو ڕێژەیە نییە کە هەندێ خەڵک دڵیان پێی خۆش کردووە و لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پارلەمانی کوردستان راستی ئەو بۆچونە دەردەکەوێ. لەوهەڵبژاردنە دا ئاڵۆگۆڕیک بەسەر شێوازی هەڵبژردانەکان دا هات، پارێزگاکان بە سەر چەند بازنە دا دابەش کران، هەر پارێزگایەی چەند نوێنەری وەکوو پشک بەرکەوت و ئەو نوێنەرانە بە ١٠ لەسەدی دەنگدەران چووبانە پارلەمان وبە ٧٠ لەسەد چووبان فەرقی نەدەکرد و هەر دەچوون، هەر بۆیە خەڵک لەو بارەوە پشتراست بوونەوە کە نوێنەریان لە پەرلەمانی بەغدا بەو ڕێژە دیاریکراوە دەمینێ و بۆیە چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانیان بەلاوە گرینگ نەبوو، بەشێکێش توندتر دەیان ڕوانی و ئەسڵەن باوەڕیان بە پەرلەمانی عێرا ق نیەو لایان وایە کە کورد دەبێ دەفکری خۆی دابێ چون ناتوانێ لە بەغدا هیچ شتێک بە قازانجی کورد بگۆڕێ. دووهەم دەنگ دان ببووە ٧ خانی ڕۆستەم و بەڕاستی تاقەتی دەویست و لێزانی دەویست تا دەنگ بە شێوەیەکی دروست بدرێ. ئەو خەڵکە هەمووی تاقەتی ئەو هەمووە بێنەو بەرەیەی نەبوو. سێهەم خەلک پارلەمانی بەغدای زۆر بۆ گرینگ نیە ودیارە هەڵەش دەکات، چون کاتێ جارێ تۆ بەشێکی لە عێڕاق کە وایە دەبێ ئەو پارلەمانەت بۆ گرینگ بێ کە پێوەندی راستەوخۆی بە ژیان و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە. چوارەم خەراپ بوونی ئامێرەکانی دەنگدان و کار نەکردنیان خەڵکی وابووە چەند سەعات چاوەڕێ بووە و دەسگاکان کاریان نەکردووە. نێو نەهاتنەوە ونەخوێندنەوە تا ئەو جێگایەی وەک نموونە فازل میرانی ئەندامی سەرکرادیەتی پارتی نەیتوانی دەنگ بدات. ئەوانە هەمووی هاۆکار بوون بۆ ئەوە رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن دا کەم بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن بۆ پارلەمانی کوردستان کێ بەرکێیەکان توندتر دەبن و خەڵکیش زیاتر بەشداری دەکات.

بژی کورد وبژی کوردستان

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu